كەمی بەنزینی تاكسی چارەسەردەكات
لە كەركوك پاڵاوگەیەكی نوێ بنیاتدەنرێت

- 4/19/2019 3:59:00 PM 2164 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بۆ كاروباری تەكنیكی رایگەیاند، پاڵاوگەیەكی نوێ لە كەركوك بنیاتدەنرێت كە لە توانایدا هەیە رۆژانە زیاتر لە 150 هەزار بەرمیل بپاڵێوێت.

ئەمڕۆ هەینی، عەلی حەمادی یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بۆ كاروباری تەكنیكی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"بڕیارە لە شاری كەركوك پاڵاوگەیەكی نوێ دروستبكرێت كە لە توانایدا هەیە رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوت بپاڵێوێت."

وتیشی:"ئەو پاڵاوگەیە  كێشەی كەمی بەنزینی شۆفێرانی تاكسی چارەسەر دەكات كە هەمیشە بەشی كەركوك لەو بەرهەمەدا كەم بوە".

ئاماژەی بەوەشكرد،"كەركوك تاكە پارێزگایە كە بە مەبەستی وەرگرتنی بەنزین (كۆبۆن) بەكاردەهێنێت" لەو بارەیەوە وتیشی:"رۆژانە پاڵاوتنی زیاتر لە 150 هەزار بەرمیل، بەشی زیاتر لە پارێزگایەك دەكات، سەرەڕای ئەوەی دروستكردنی پاڵاوگەكە هەزاران هەلی كار دەستەبەردەكات و جموجوڵی بازاڕ چالاكتردەكاتەوە".

یاریدەدەری پارێزگای كەركوك بۆ كاروباری تەكنیكی راشیگەیاند:"پاڵاوگەكە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجیە گرنگەكانی ناوچەكە". 

نیشانەکردن :

# نەوت #كەركوك #عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP