هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

محەمەد حەلبوسی باس لە گرفتی شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێم دەكات

- 4/19/2019 3:32:00 PM 4886 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: شایستە داراییەكانی جوتیاران خەرجدەكرێت و هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق مامەڵە لەگەڵ جوتیارانی هەرێم دەكرێت.

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ژمارەیەك لە رۆژنامەنوسان لەبارەی شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێم رایگەیاندوە، لە یاسای بودجەی 2019 ی عێراق ئەو بابەتە جێگیر كراوە، جوتیارانی هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی شارەكانی دیكەی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، وەزارەتی كشتوكاڵ پلانێكی هونەری داناوە و بەپێی ژمارەی دانیشتوانیش ئەو كێشانە چارەسەر دەكرێن و پەرلەمانی عێراق سورە لەسەر چارەسەركردنیان.

سەبارەت بە ماددەی 140 ی دەستوری عێراق كە تایبەتە بە چارەسەری ناوچە دابڕاوەكان، محەمەد حەلبوسی رایگەیاند: مادەی 140 مشتومڕی زۆری لەسەرە، شەنگال یەكێكە لەو شوێنانەی كە ئێستا لەناو مناقەشەكاندایە، ئایا ئێمە وەكو مادەی 140 مامەڵەی لەگەڵدا بكەین یاخود وەكو ناوچەكانی دەشتی نەینەوا، یان ناوچەكانی دیكەی دیالە و كەركوك و سەڵاحەدین، بۆیە دەبێت سەرەتا دانیشتوانی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان و سەقامگیری وەربگرن، دواتر خۆیان چارەنوسیان دیاریی بكەن، دواتر پەرلەمان كار لەسەر دەركردنی یاسا دەكات بۆ ئەو پرسانە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP