دوای كاردانەوە توندەكان، هۆشیار زێباری پۆستەكەی سڕیەوە

- 4/19/2019 3:02:00 PM 46447 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای ئەوەی دوێنێ لەسەر پۆستێكی لە تویتەر هۆشیار زێباری روبەروی رەخنەی توندی سەركردەكانی حزبی دەعوە و رەوتی حیكمە بویەوە، پۆستەكەی سڕیەوە.

دوێنێ، پێنجشه‌ممه‌ هوشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و وه‌زیری پێشوتری دارایی عێراق لە تویتەرەكەی خۆی لە پۆستێكدا رایگەیاند: "حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی و ره‌وتی حیكمه‌ ده‌ستیان به‌ جوڵه‌ كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بڕوخێنن" داواشی كردوە كە "پێویسته‌ رابگیرێن".

زێباری وتبوی:"حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی پلان داده‌ڕێژێ بۆ ئه‌وه‌ی بێته‌وه‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌می دیمه‌نه‌ سیاسییه‌كه‌ و بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر سه‌كۆی بڕیاردان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ ره‌وتی حیكمه‌ی عه‌مار حه‌كیم هاوكاریی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ ده‌سه‌ڵات دوربخرێته‌وه‌".

بەڵام لە ئێستادا تویتەرەكەی هۆشیار زێباری ئەو پۆستەی تێدا نەماوە و سڕاوەتەوە.

پۆستەكەی هۆشیار زێباری لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، كاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا، بەجۆرێك سەڵاح عرباوی، بەرپرسی نوسینگەی عەممار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە دوێنێ پێنجشەممەبە زێباری رایگەیاند:"پێش ئەوەی خۆت بكەیت بە پارێزەری حكومەتەكەی عەبدولمەهدی، رێككەوتنەكەی خۆتان لەگەڵیدا بەئەنجامبگەیەنن و 250 هەزار بەرمیل بخەنە ناو خەزێنەی دەوڵەتەوە نەك گیرفانی حزبەكان".

لەلایەكی دیكەشەوە هاشم ركابی، به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی ئه‌مینداری گشتی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی رایگەیاند:"ئه‌و هه‌واڵانه‌ی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن هاوپه‌یمانێتی دەوڵەتی یاسا په‌یوه‌ست بوه‌ به‌ كوتله‌یه‌كه‌وه‌و ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌ت بڕوخێنن یان بیگۆڕن، دورن له‌ راستییه‌وه"‌.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP