جۆری تیمەكانیان جیاوازە
خەندان زانیاری لەسەر تیمە جیاوازەكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوە باڵاكانی هەرێم بڵاودەكاتەوە

- 4/19/2019 12:18:00 AM 27519 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای ئەوەی پارتی و یەكێتی و گۆڕان گەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی، بڕیارە لە ماوەی دو هەفتەی داهاتودا پەرلەمان كۆببێتەوەو سەرۆكایەتی هەرێم رابگەیەنرێت، خەندانیش زانیاری گرنگ لەسەر تیمی جیاوازی ئەو سێ لایەنە بڵاودەكاتەوە كە دامەزاوە باڵاكانی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم و كابینەی نۆیەمی حكومەتیان پێ پڕدەكرێتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دەزگای میدیای خەندان كەوتون، لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان جگە لە هەریەك لە قوباد تاڵەبانی و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق، ژمارەیەك بەرپرسی باڵای ئەو حزبە خۆیان كاندیدكردوە بۆ وەرگرتنی پۆست لە دامەزراوە باڵاكانی هەرێمی كوردستان.

لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان چوار ئەندامی مەكتەبی سیاسی و پێنج ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی لەململانێدان بۆ وەرگرتنی پۆست

 

هەر بەپێی زانیارییەكانی خەندان، لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان چوار ئەندامی مەكتەبی سیاسی و پێنج ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی لەململانێدان بۆ وەرگرتنی پۆست لە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كورستان و دامەزراوەی ئەنجومەنی ئاسایش، هەرچەندە خەندان ناوی ئەو بەرپرسانەی یەكێتی لایە، بەڵام بەهۆكاری دۆخی ناوخۆی یەكێتی ئامادەنەبوو ناوەكانیان بڵاوبكاتەوە.

ئەو كەسانەی لەناو یەكێتی خۆیان كاندیدكردوە سەرجەمیان ئەوانەن كە پێشتر پلە و پۆستیان هەبوە لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و لەناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتیدا

 

خەندان ئەوەشی زانیوە كە ئەو كەسانەی لەناو یەكێتی خۆیان كاندیدكردوە سەرجەمیان ئەوانەن كە پێشتر پلە و پۆستیان هەبوە لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و لەناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتیدا، هەر بەپێی زانیاریەكان تائێستا ئەو دەموچاوە تازانەی خۆیان كاندیدكردوە كەمترین چانسیان هەیە بۆ وەرگرتنی پشك و بەركەوتەكانی یەكێتی لەو دامەزراوانەدا.

ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و بەرپرسە كۆنەكانی بەرەی ریفۆرمی ناو یەكێتی كە ئێستا لەناو ئەو بزوتنەوەیەدان و ئەو كەسانەی پێشتر بەرپرسیارێتیان هەبوە  چانسیان هەیە بۆ ئەوەی ببنە تیمی گۆڕان

 

هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و بەرپرسە كۆنەكانی بەرەی ریفۆرمی ناو یەكێتی كە ئێستا لەناو ئەو بزوتنەوەیەدان و ئەو كەسانەی پێشتر بەرپرسیارێتیان هەبوە چ لەناو حكومەت و پەرلەمان هەر ئەو كەسانەن كە ناویان دەهێنرێت و چانسیان هەیە بۆ ئەوەی ببنە تیمی گۆڕان لە دامەزراوە باڵاكانی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت و ئەنجومەنی ئاسایش.

پارتی لە 90٪ ی دەموچاوەكانی لە كابینەی نۆیەمی حكومەت دەگۆڕێت، نێچیرڤان بارزانی نیازیەتی لە دەرەوەی پارتی تیمێكی پسپۆڕ و شارەزا لەهەموو پێكهاتە و حزبەكان لەگەڵ خۆی بباتە سەرۆكایەتی هەرێم

 

هەر بەپێی بەدواداچونەكانی خەندان و بەپشت بەستن بەو زانیاریانەی دەستی كەوتوە، لەناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا گۆڕانكاری گەورە رودەدات لە وەرگرتنی پۆستەكان لە كابینەی هەشت بۆ كابینەی نۆ بە جۆرێك، بەپێی زانیاریەكان پارتی لە 90٪ ی دەموچاوەكانی لە كابینەی نۆیەمی حكومەت دەگۆڕێت، خەندان ئەوەشی زانیوە كە نێچیرڤان بارزانی نیازیەتی لە دەرەوەی پارتی تیمێكی پسپۆڕ و شارەزا لەهەموو پێكهاتە و حزبەكان لەگەڵ خۆی بباتە سەرۆكایەتی هەرێم، كە ئەمەش جۆرێك لە ململانێی لەناو پارتیدا دروست كردوە.

سەرۆكی داهاتوی هەرێم دەیەوێت لەرێگەی بردنی تیمێكی گشتگیر لە پێكهاتە جیاوازەكان و حزبەكانی هەرێمی كوردستان، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بكاتە دامەزراوەیەكی نیشتیمانی

 

هەر بەپێی زانیاریەكانی كەسێكی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی كەتایبەت بۆ خەندان قسەی كردوە، سەرۆكی داهاتوی هەرێم دەیەوێت لەرێگەی بردنی تیمێكی گشتگیر لە پێكهاتە جیاوازەكان و حزبەكانی هەرێمی كوردستان، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بكاتە دامەزراوەیەكی نیشتیمانی.

خەندان ئەوەشی زانیوە كە دوای ئەوەی پارتی و یەكێتی و گۆڕان گەیشتنە رێكەوتنی كۆتایی بۆ زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پێدانی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری ئاسایش و پێشمەرگە بە یەكێتی، لەئێستادا پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان تەنها كاتی راگەیاندن و پێكهێنانی ماوە.

پارتی وەكو براوەی یەكەم لە ئامادەكاریدایە بۆ ئەوەی لەماوەی دوو هەفتەی داهاتودا لە پەرلەمانی كوردستان یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمواربكاتەوە

 

بەپێی زانیاریەكانی خەندان، پارتی وەكو براوەی یەكەم لە ئامادەكاریدایە بۆ ئەوەی لەماوەی دوو هەفتەی داهاتودا لە پەرلەمانی كوردستان یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمواربكاتەوە و دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرا، راستەوخۆ بە ئامادەبونی بەرپرسانی باڵای عێراق و باڵیۆزی وڵاتان و نوێنەری سەرۆكی وڵاتانی ناوچەكە، سەرۆكی هەرێم، مەسرور بارزانی بەربژێری پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت رابسپێرێت، كە بەپێی یاساش بەربژێرەكەی پارتی ماوەی مانگێكی لەبەردەستدایە بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP