ناوەرۆكی راپۆرتەكەی مۆڵەر سەبارەت بە ساختەكاریەكانی ترەمپ و روسیا بڵاوكرایەوە

- 4/18/2019 7:56:00 PM 2174 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری دادی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەپێی راپۆرتە تایبەتەكەی مۆڵەر لەبارەی لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە دۆسیەی ساختەكاریەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی  ساڵی 2016، سەلماندویەتی دۆناڵد ترەمپ لەگەل روسیا ساختەكاریان ئەنجامنەداوە.

ویڵیام بار، وەزیری دادی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناوەرۆكی راپۆرتەكەی رۆبێرت مۆڵەر، لێكۆڵەری تایبەت بە دۆسیەی ساختەكاری و تێوەگلانی روسیای لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ ساڵی 2016 خستەرو.

 

هیچ بەڵگەیەك نیە بیسەلمێنێت ترەمپ لەگەڵ حكومەتی روسیا دەستی تێكەڵەكردبێت

 

 

بار ئاماژەی بەوەكرد "بەپێی راپۆرتەكەی مۆڵەر هیچ بەڵگەیەك نیە بیسەلمێنێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئەندامانی بانگەشەی سەرۆكایەتیەكەی بەمەبەستی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا لەگەڵ حكومەتی روسیا دەستی تێكەڵەكردبێت"،  وتیشی "بەشێوەیەكی فەرمی راپۆرتەكەی مۆڵەر دەخەینە بەردەم كۆنگرێس".

راستەوخۆ دوای راگەیاندنی ناوەرۆكی راپۆرتەكەی مۆڵەر لە لایەن وەزیری دادی ئەمریكاوە، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند "هیچ رێگری و بەرهەڵستیەك بەرامبەر دادپەروەری نیە" و بێتاوانی تەواوی خۆی دەربڕی.

 

هێشتا راپۆرتەكە بێتاوانی ترەمپ-ی نەسەلماندوە



لای خۆیەوە كۆشكی سپی راپۆرتەكەی مۆڵەر-ی بە "بێتاوانیەكی گشتگیر و تەواو"ی ترەمپ ناوهێنا و دواتریش جێراڵد نادڵەر، سەرۆكی لیژنەی داد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە لەبارەی راپۆرتەكەوە وتی "لێكۆڵەری تایبەت لە راپۆرتەكەیدا ئاماژە بەوەدەكات ئەگەر راپۆرتەكەی هیچ بەڵگەیەكی تێدانیە بیسەلمێنێت سەرۆك تاوانی ئەنجامدواە، بەڵام هێشتا بێتاوانی نەسەلماندوە".

 

وەزیری داد چاودێرێكی بێلایەن نیە



سەرەڕای بڵاوكردنەوەی ناوەرۆكی راپۆرتەكەی مۆڵەر، بەشێك لە سیاسیەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا داوای بڵاوكردنەوەی تەواوی راپۆرتەكە دەكەن و دو بەرپرسی دیموكراتەكانی ئەنجومەنی پیران ئاماژەیان بەوەكرد "وەزیری دادی ویلایەتە یەكگرتوەكان چاودێرێكی بێلایەن نیە".

هاوكات هەریەك لە نانسی پێلۆسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و چەك شومەر، سەرۆكی دیموكراتەكانی ئەنجومەنی پیران لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا رایانگەیاند "پەیامەكەی وەزیری داد-ی ویلایەتە یەكگرتوەكان زیاتر لە پێشكەشكردنی وەڵام پرسیار لەخۆدەگرێت".

مانگی مایس-ی ساڵی 2017 جەیمس مۆڵەر دەستیكرد بە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە دەستوەردانەکەی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، جەیمس کۆمی بەڕێوەبەری پێشوی ئێف بی ئای لە کارەکەی دورخستەوە.

دواتر هەواڵی ئەوە بڵاوبوەوە، كە دۆناڵد ترەمپ لە مانگی شەشی ساڵی رابردودا فەرمانی بە پارێزەری كۆشكی سپی، دان مكگن كردوە كە موڵەر دەربكات و لە كارەكەی دوری بخاتەوە، بەڵام دوای ئەوەی مكگن هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی كردوە، ترەمپ لە بڕیارەكەی پاشگەز بوەتەوە.

لە ماوەی رابردوشدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئێستای ویلایەتە یەكگرتوەكان، تێوەگلانی لە ساختەكاریەكە رەتكردەوە و لێكۆڵینەوەكەی مۆلەری بە "هەڵمەتی زۆرداری" ناوبرد. 

لەهەمانكاتدا، روسیا هاوشێوەی ترەمپ رەتیكردەوە دەستی هەبوبێت لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا کە ساڵی 2016 بەڕێوەچو.

دوابەدوای دەستبەكاربونی ویلیام بار وەك وەزیری داد-ی ئەمریكا، كە لە لایەن ترەمپ-ەوە كاندیدكرابو بۆ ئەو پۆستە، دیموكراتەكان لەبارەی ئەوەی ئایا بار تەواوی وردەكاری زانیاریەكان كە پەیوەندیان بە لێكۆڵینەوەكانی مۆلەرەوە هەیە دەخاتە بەردەم كۆنگرێس یاخود نا دودڵی خۆیان پیشاندابو.


نیشانەکردن :

#ئه‌مریكا #ترەمپ #روسیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP