هەژماری بەرپرسانی باڵای ئێران لە ئینستاگرام راگیرا

- 4/18/2019 5:21:00 PM 2985 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رۆژێك دوای بڕیارەكەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەبارەت بە سوپای پاسدارانی ئێران و هەژماركردنی ئەو هێزە لە لیستی تیرۆر-ی وڵاتەكەیدا، هەژماری تایبەتی لانیكەم چوار بەرپرسی باڵای ئێران لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام راگیراوە.

تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام، دوای رۆژێك لە بڕیارەكەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، سێشەممەی رابردو 16ی نیسان هەژمارە تایبەتیەكانی هەریەك لە ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای قودسی كۆماری ئیسلامی ئێران و محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران و محەمەد پاكپور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی راگرت.

دوای راگرتنی هەژمارە تایبەتیەكانی ئەو بەرپرسانەی ئێران لە ئینستاگرام، بەڕێوەبەرانی ئینستاگرام هیچ رونكردنەوە و لێدوانێكیان لەوبارەیەوە نەخستەرو.

ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، دوشەممەی رابردو 15ی نیسان بەشێوەیەکی فەرمی سوپای پاسدارانی ئێران-ی خستە لیستی تیرۆری وڵاتەكەیەوە و وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی ناساندی.

دوابەدوای بڕیارەكەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، حكومەتی تاران بە هەمانشێوە هێزە سەربازیەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكای خستە لیستی تیرۆر-ی وڵاتەكەی خۆیەوە.

نیشانەکردن :

#ئه‌مریكا #ئێران

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP