كۆریای باكور بەشداریكردنی پۆمپیۆ لە دانوستانەكانی پرۆگرامە ئەتۆمیەكەی رەتدەكاتەوە

- 4/18/2019 4:55:00 PM 847 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-

میدیاكانی كۆریای باكور رایانگەیاند، حكومەتی پیۆنگیانگ چیدی پێی خۆش نیە وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە دانوستانەكانی سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی وڵاتەكەی بەشداریبكات و داوادەكات كەسێكی "پێگەیشتوتر" بەشداریبكات.

دەزگاكانی راگەیاندنی كۆریای باكور ئەمرۆ پێنجشەممە رایانگەیاند، كۆریای باكور چیدی نایەوێت مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە دانوستانەكانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمی كۆریای باكور بەشداریبكات و  داوادەكات لە ئەمریكا كەسێكی "وریاتر و پێگەیشتوتر" لە پەیوەندیەكاندا بەشداریپێبكات.

ئاژانسی ناوەندی كۆریای باكور، لە زاری كونگ جونگ جون، بەرپرسی باڵای كۆریای باكورەوە رایگەیاند "ئەگەر ویلایەتە یەكگرتوەكان دەستبەرداری ئەو(هۆكارە بنچینەییە) نەبێت كە پیۆنگیانگ-ی بە پەرەپێدانی پرۆگرامە ئەتۆمیەكەی ناچاركرد، هیچ كەسێك ناتوانێت پێشبینی دۆخی كۆریای باكور بكات".

هاوكات هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سێشەممەی رابردو 16ی نیسان داواكاریەكەی كیم جونگ ئون، سەرۆكی كۆریای باكور، بە مەبەستی نەرمتر بەڕێوەچونی دانوستانەكان لەبارەی وزەی ئەتۆمی كۆریای باكور رەتكردەوە.

لەوبارەیەوە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی داواكاریەكەی كیم جۆنگ ئون رایگەیاند، داواكاریەكەی بۆ نەرمتر بەڕێوەچونی دانوستانە ئەتۆمیەكەی كۆریای باكور رەتدەكەنەوە و پێویستە كیم پابەندبێت بە بەڵێنەكەیەوە و پێش كۆتاییهاتنی ئەمساڵ دەستبەرداری چەكە ئەتۆمیەكەی بێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP