كیم جۆن ئون و ڤلادیمێر پۆتین لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە

- 4/18/2019 4:42:00 PM 1522 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حكومەتی مۆسكۆ رایگەیاند، لە نیوەی دوەمی ئەم مانگەدا كیم جۆن ئون، سەرۆكی كۆریای باكور سەردانی روسیا دەكات و لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆكی روسیا كۆدەبێتەوە.

حكومەتی روسیا، لە پێگەی تایبەتی حكومەتەكە لە ئینتەرنێـت ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردوەتەوە، بڕیارە لە نیوەی دوەمی ئەم مانگەدا سەرۆكی كۆریای باكور سەردانی روسیا بكات و لەگەڵ سەرۆكی روسیا كۆببێتەوە، بەڵام لەوبارەیەوە زانیاری زیاتری رانەگەیاندوە.

ئەوە لەكاتێكدایە، دوشەممەی رابردو 15ی نیسان ئاژانسی یۆنهاپی کوریای باکور لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، "پێدەچێـت 24ی ئەم مانگە ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆكی روسیا بەرەو ناوچەی رۆژهەڵاتی وڵاتەكەی گەشت بكات، بۆ كۆبونەوەی لوتكەی نێوان روسیا و كۆریای باكور کە پێدەچێت لەو ناوچەیە ئەنجام بدرێت".

هاوكات كیم تشانگ سون، فەرماندەی سوپای كۆریای باكور لە نێوان رۆژانی 19 بۆ 25ی ئازاری ئەمساڵدا سەردانی شارەكانی مۆسكۆ و ڤلادیفوستوك-ی كرد و دواتریش ڤلادیمێر كولوكوستیڤ، وەزیری ناوخۆی روسیا سەردانی پیۆنگ یانگ-ی كرد.

ئەو سەردانە دولایەنانە ئاماژەن بۆ نزیكبونەوەی وادەی ئەنجامدانی كۆبونەوەی لوتكەی نێوان روسیا و كۆریای باكور.

نیشانەکردن :

#كۆریای باكور #روسیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP