قائیمقامی سلێمانی هۆشداری دەداتە ئەو شوێنانەی کە ئاوی کانزایی دەخەنە بەر تیشکی خۆر

- 4/18/2019 3:15:00 PM 2026 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

قائیمقامییه‌تی سلێمانی رایگەیاند، هەر كۆگا و دوكان و ماركێتێک ئاو له‌به‌ر تیشكی خۆر عه‌مبار بکات سزادەدرێت و روبەروی یاسا دەکرێتەوە و شوێنەکەی پێدادەخرێت.

گۆران قادر، سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند، بەپێی زانیارییە تەندروستییەكان دانانی ئاوی دەبە و پەرداخ لەبەر تیشكی خۆر زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت، چونکە كارلێكی كیمیایی له‌نێوان ئه‌و مادده‌یەی ده‌به‌ی پلاستیكی لێ دروستكراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاوه‌ی بۆخواردنه‌وه‌ تێیكراوه،‌ روده‌دات، بۆیە هەر شوێنێک ئاو له‌به‌ر تیشكی خۆر عه‌مبار بکات سزادەدرێت .

سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی دەشڵێت: قائیمقامیه‌تی سلێمانی لەسەر ئەو بابەتە نوسراوی ئاڕاسته‌ی هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ئاسایش و هاتوچۆ و شاره‌وانی كردوه‌ بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئاوی به‌رتیشكی خۆر و ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌ی به‌ دانه‌پۆشراوی ده‌یگوێزنه‌وه‌‌‌.

گۆران قادر رونیشکردەوە، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی سزای ماددی هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌دات کە به‌دانه‌پۆشراوی و له‌به‌ر تیشكی خۆر ئاوی دەبە ده‌گوازنه‌وه‌ و عه‌مباری ده‌كه‌ن، داواش له‌ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كراوه‌ ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و بارهه‌ڵگر و كۆگا و دوكان و ماركێتانه‌دا بگرن و ره‌وانه‌ی قائیمقامیه‌تی سلێمانی بكه‌ن تا لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر شوێنه‌كه‌ و خاوه‌نه‌كه‌ی بگرنە به‌ر.


نیشانەکردن :

#قایمقامی سلێمانی #ئاو

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP