نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکاندا دابەزینی بەخۆوەبینی

- 4/18/2019 10:19:00 AM 1941 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکاندا جیهان دابەزینی بەخۆوەبینی، ئەوەش دوای ئەوەی پەیمانگەی نەوتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، نەوتی عەمبارکراوی وڵاتەکە کەمبوەتەوە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 71.62 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، لەکاتێکدا دوێنێ نرخی یەک بەرمیل بە 72.27 دۆلار بو.

هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساس بە 63.76 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، لەکاتێکدا ئێوارەی دوێنێ بە 64.61 دۆلار بو.

كۆمپانیاكانی وزەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، هەفتەی رابردو ژمارەی كێڵگە نەوتیەكانیان زیاتركرد و بەپێی سەرچاوەكانی ئەمریكا لە ئێستادا كۆی گشتی كێڵگە نەوتیەكانی ئەو ناوچەیە گەیشتوەتە 833 كێڵگە.

سزاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ سەر هەریەك لە وڵاتانی ئێران و ڤەنزوێلا و گرژی و ئاڵۆزیەكانی لیبیا كە هەرسێ وڵاتەكە وەبەرهێنی سوتەمەنین و هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی دەكەن، كاریگەریەكی بەرچاویان لە هەڵكشان و داكشانی ئەمدواییەی نەوت هەبوە.

لەوبارەیەوە بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران یەكشەممەی رابردو 14ی نیسان دو هەڵبژاردەی خستە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و رایگەیاند، "ئەگەر فشارەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران بەردەوامبێت نرخی سوتەمەنی لە ئێستگەكانی نەوتی ئەو وڵاتە بەرزدەبێتەوە". 

هاوكات بریارە رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت (ئۆپیك) و وڵاتانی دیكەی هاوپەیمانی (ئۆپیك+) لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر بەردەوامبون یاخود بەردەوام نەبون لە راگرتن و كەمكردنەوەی رێژەی وەبەرهێنان و هەناردەكانیان كۆببنەوە.

نیشانەکردن :

# نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP