بەپەلە

وتەبێژی پارتی: رازین بە دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێم

- 4/17/2019 8:07:00 PM 18938 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی پارتی رایگەیاند، پارتی بە فەرمی رەزامەند بوە بە دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

بۆ یەکەم جار پارتی دیموکراتی کوردستان لەزاری مەحمود محەمەد، وتەبێژی ئەو حزبەوە بە فەرمی بە کەناڵی روداوی نزیک لە نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "پارتی رازییە بە دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێم" و وتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبونی نێچیرڤان بارزانی ومەسرور بارزانی کە راسپێردراوی پارتیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم تاوتویی ئەو بابەتەی کردوە و بۆچونی پارتی وایە کە هیچ لاری نییە لە دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڵام کاتی کەممان لەبەردەمدا ماوە  پێویستە گۆڕان و یەکێتی پەلە بکەن".

گۆڕان لاری نیە لەوەی کە جێگرەکەی یەکێتی بۆ کاروباری پێشمەرگە و ئاسایش بێت، بە مەرجێک جێگرەکەی گۆڕان جێگری یەکەمی سەرۆکی هەرێم بێت و بەڕونی ئاماژە بە جیاوازی دەسەڵاتەکانی جێگری یەکەم و دوەم بکرێت

 

لەسەر ئەو بابەتە سەرچاوەیەکی تایبەت لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بە خەندان-ی راگەیاند، "گۆڕان رەزامەند بوە بە دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەرجێک جێگری یەکەم بۆ گۆڕان بێت و جێگری دوەمیش بۆ یەکێتی". هەمان سەرچاوە وتیشی: "گۆڕان لاری نیە لەوەی کە جێگرەکەی یەکێتی بۆ کاروباری پێشمەرگە و ئاسایش بێت، بە مەرجێک جێگرەکەی گۆڕان جێگری یەکەمی سەرۆکی هەرێم بێت و بەرونی ئاماژە بە جیاوازی دەسەڵاتەکانی جێگری یەکەم و دوەم بکرێت."

خەندان زانیویەتی کە پارتی و گۆڕان گەیشتونەتە رێکەوتن بۆ دانانی دو جیگر بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە بۆچونێک لەناو گۆڕان هەیە کە داوا دەکات جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاورباری پێشمەرگە و ئاسایش بدرێت بەو بزوتنەوەیە، یەکێتیش ئەوە رەتدەکاتەوە، چونکە ئەو پێگەیە بە بەرکەوتەی خۆی دەزانێت بەهۆی ئەوەی یەکەکانی 70 و هێزە ئەمنییەکانی قەڵەمڕەوی سلێمانی سەر بەو حزبەن.

دوای چەندین دانوستانی دورودرێژ لەسەر پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دوای پەیوەندیە تەلەفونیەکەی نێوان مەسعود بارزانی کۆسرەت رەسوڵ رایانگەیاند، یەکێتی و پارتی گەیشتونەتە کۆتا رێکەوتن، ئەمڕۆش بە فەرمی وتەبێژی پارتی رایگەیاند، پارتی رازییە بە دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێم.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP