سەدان ملیۆن یۆرۆ بۆ نۆژەنکردنەوەی کەنیسەکەی فەرەنسا کۆکرایەوە

- 4/17/2019 7:39:00 PM 2649 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
پاش ئەوەی کەنیسەی نۆتردام لەناوەڕاستی پاریسی پایتەختی فەرەنسا گڕیگرت و بەهۆیەوە داڕما، فەرەنسییەکان لەئازاری لەدەستدانی سیمبولێکی مێژویی و کولتوریدان و بەهۆیەشەوە دەستبەجێ بڕیاری نۆژەنکردنەوەی کەنیسەکەیاندا.

بەپێی هەواڵێکی جەی پۆست، لەیەکەم هەنگاویشدا، دەوڵەمەندە فەرەنسییەکان 700 ملیۆن یۆرۆیان بۆ نۆژەنکردنەوەی نۆتردام کۆکردووەتەوە.
بێرناڵد ئارڵۆند ملیاردەری بەناوبانگی فەرەنسی کە خاوەنی زۆربەی براندە بەناوبانگەکانی فەرەنسایە وەک دیۆر، لویس ڤیتۆن و براندەکانی دیکە رایگەیاند، بۆ نۆژەنکردنەوەی کاتێرداڵی نۆتردام بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ دەبەخشێت.

سەربەئێوارەی رۆژی دوشەممە ئاگرێک لەکەنیسەی نۆتردام کەوتەوە و بەهۆیەوە منارەی کەنیسەکەو بەشی سەرەوەی داڕماو بەوەش فەرەنسا سیمبولێکی کولتوری و مێژویی لەدەستدا.
دواتر رێمی هێیتز داواکاری گشتی پاریس رایگەیاند پێناچێت هیچ تاوانێک لەپشتی سوتانی کەنیسەکەوە بێت.

هاوکات، فرانکۆ هێنری خاوەنی براندەکانی گووچی و ئیڤ سان لۆرێنت، بەڵینی بەخشینی 100 ملیۆن یۆرۆی بۆ نۆژەنکردنەوەی کاتێردامی نۆتردام داوەو ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاندوە تا پێنج ساڵی تر کاتێردرالی رۆتێردام، بە تەواوەتی نۆژەندەکرێتەوە.
 
ئاگرەکەی نۆتردام دوای 12 کاژێر لەڕێگەی 400 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە کۆنترۆڵکرا. بەگوتەی سەرۆکی شارەوانی پاریس، زیانی گەورە بەر باڵەخانەی کاتێدرالەکە کەوتووە. کاتێردرالی نۆتردرام نزیکەی 10 گەنجینەی جیاوازی تێدایە کە بەشێکیان بەهۆی ئاگرەکەوە سووتاون و توانراوە بەشێکیان رزگاربکرێت و بەشێکیشیان تاوەکو ئێستا نازانن چیان بەسەرهاتووە.

نۆتردام کەنیسەیەکی کاسۆلیکییە، بەشێکی گرنگ و شوێنێکی سیمبولی فەرەنسایە و تەمەنی 850 ساڵە. لە ساڵی 1163 دەست بە دروستکردنی کراوە و لە ساڵی 1345 باڵەخانەی کاتێدرالەکە تەواوبووە.

نیشانەکردن :

#فه‌ڕه‌نسا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP