پاش هەوڵە خۆکوژییەکەی، سەرۆکی پێشوی پیرۆ گیانی لەدەستدا

- 4/17/2019 7:08:00 PM 8562 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
پارێزەری تایبەتی ئالان گارسیا سەرۆکی پێشوی پیرۆ رایگەیاند کەمێک بەرلە ئێستا سەرۆک گارسیا بەهۆی پێکانی دڵییەوە گیانی لەدەستداوە.

پاش ئەوەی پۆلیسی ئەو وڵاتە بەمەبەستی دەستگیرکردنی گەشتنە ماڵەکەی، ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆکی پێشوی پیرۆ تەقەی لەخۆی کرد و بەپەلە گەیەنرایە نەخۆشخانە.

بەپێی زانیارییەکانی سکای نیوز، پاش ئەوەی بەتۆمەتی گەندەڵی پۆلیس هەوڵی دەستگیرکردنی دا، ئێوارەی ئەمرۆ چوارشەممە ئالان گارسیای سەرۆکی پێشوی پیرۆ لەماڵەکەی خۆیدا تەقەی لەخۆی کرد و گەیەنرایە نەخۆشخانە.

پۆلیسی پیرۆ بڵاویکردەوە  گارسیای تەمەن 69 ساڵ بەتۆمەتی وەرگراتنی بەرتیل و گەندەڵی بریاری دەستگیرکردنی هەبوە و لەکاتی گەشتنی پۆلیس بۆ ماڵەکەی تەقەی لەخۆی کردو بەهۆیەوە سێ برینی سەخت لەسەر سنگی و دڵی هەبوە.

راگەیاندنەکانی ناوخۆی پیرۆ بڵاویانکردەوە بەهۆی روداوەکەوە کەسوکار و لایەنگرانی و ژمارەیەکی زۆری خەڵک لەنزیکی نەخۆشخانەکە کۆبونەتەوە و پۆلیسیش هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەدات.

گارسیای دو خول سەرۆکی پیرۆ بوە، لەنێوان ساڵانی 1985 بۆ 1990 و جارێکی دیکەش لەساڵی 2006 یش جارێکی دیکە وەک کەسایەتییەکی نەتەوەیی بۆ خولێکی دیکەی پێنج ساڵی وەک سەرۆکی پیرۆ هەڵبژێردرا.

سەرۆکی پێشوی پیرۆ تۆمەتباربو بە بەناوبانگترین کەیسی گەندەڵی لەئەمریکای لاتین کەبونی پەیوەندی بو لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیناسازی برازیلی کە ساڵی 2016 دانی بەوەدانا دەیان پرۆژەی بەرەشۆ وەرگرتوە. 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP