ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی پەبجی و چەند یاریەکی ئەلکترۆنی دەرکرد

- 4/17/2019 4:14:00 PM 17015 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانی عێراق داوا لە حکومەت دەکات یاری پەبجی قەدەغەبکات و ئەمڕۆش بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژە یاساکە پەسەندکراو ئاڕاستەی حکومەت دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی.

بەپێی زانیارییەکانی خەندان، لەدانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بڕیاری قەدەغەکردنی پەبجی و ئەو یارییە ئەلیکترۆنییانەی دەرکرد کە زیان بەتەندروستی و ئاستی رۆشنبیری تاک و ئاسایشی کۆمەڵگا دەگەیەنن.

بڕیارەکە هەرێمی کوردساتنیش دەگرێتەوە

 

لەمبارەیەوە، رێبوار کەریم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، ئەمڕۆ لەپەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری قەدەغەکردنی یاری پەبجی و چەند یارییەکی دیکەی ئەلکترۆنی دراو بڕیارەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

یارییە ئەلیکترۆنییەکانی پۆبجی، فۆرتنایت، حوت و ئەزرەق قەدەغەکراون

 

بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق کە پەیوەندیدارە بە یارییە ئەلیکترۆنییەکان، تێیداهاتوە:-

یەکەم/داوا لەحکومەت دەکەین رێگری لەبەکارهێنان و هەمو جۆرە مامەڵەیەک بگرێت کە پەیوەندیدارن بە یارییە ئەلیکترۆنییەکانی پەبجی، فۆرتنایت، حوت و ئەزرەق و تەواوی ئەو یارییە ئەلیکترۆنیانەی کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و توانای گەنجان و لاوان دەخاتە مەترسییەوە.

دوەم/داوا لە وەزارەتی پەیوەندییەکان و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان دەکەین هەنگاوی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بگرنە دەست.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP