سەرۆک کۆماری عێراق رۆڵی ھۆزەکان لە بەھێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی بەرز دەنرخێنێت

- 4/17/2019 1:56:00 PM 794 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆکی ھۆزەکانی عێراق، کە پێکھاتبون لە ھەریەک لە شێخ مەعەد سەمەرمەد و محەمەد رەبیعە ئیمارە و شێخ سەباح حەنەش و سەید جەعفەر حوسەینی کۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح، خۆشحاڵی خۆی بەدیداری سەرۆک ھۆزەکان دەربڕی و دوپاتی گرنگی رۆڵەی ھۆزەکانی عێراقی لە بەھێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و کۆمەڵایەتیدا بەرز نرخاند، ھاوکات قوربانیدانی رۆڵەی ھۆزەکانی بە گرنگ وەسفکرد کە پێشکەشیان کردوە لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا .

سەرۆک کۆمار داوای لە سەرۆکی ھۆزەکان کرد بەشدارییەکی کارا بکەن لە پشتیوانی و ھاوکاری حکومەت تاوکو کارەکانی خۆی جێبەجێ بکات بە تایبەت لە بەرنگاربونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی دادپەروەری و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان. 

لەلای خۆیانەوە، شاندی میوان باسیان لە رۆڵی ھۆزەکانیان کرد لە دژایەتیکردنی تیرۆر و سەرخستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، ھەروەھا رۆڵی سەرۆک کۆماریان لە بەھێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانیدا بەرز نرخاند.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP