گرێكوێرەكە لەسلێمانی دەكرێتەوە
لایەنە سیاسیەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەت گەیشتنە رێكەوتن

- 4/16/2019 8:18:00 PM 26017 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

گرێكوێرەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە سلێمانی كراوەتەوە و بەپێی زانیاریەكانی خەندان پارتی و گۆڕان رێككەوتن لەسەر زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
بزوتنەوەی گۆڕان دوای راوێژی ناوخۆیی رازیبوە بە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان

 

بەپێی زانیارییەكانی خەندان كە لەسەرچاوەیەكی باڵای ناو بزوتنەوەی گۆڕان بەدەستیهێناوە، لەدواین گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، دواجار ئەو بزوتنەوەیە دوای راوێژی ناوخۆیی رازیبوە بە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

لە ماوەی دو رۆژی رابردودا چەندین گفتوگۆ لە ئاستی باڵا لەنێوان بەرپرسانی باڵای گۆڕان و پارتی ئەنجامدراوە

 

خەندان لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای ناو بزوتنەوەی گۆڕان زانیویەتی كە"لە ماوەی دو رۆژی رابردودا چەندین گفتوگۆ لە ئاستی باڵا لەنێوان بەرپرسانی باڵای گۆڕان و پارتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە".

پارتی بۆ گۆڕانی رونكردۆتەوە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەمكردنەوە نیە لە پشك و بەركەوتەكانی گۆڕان

 

بە وتەی ئەو سەرچاوە باڵایەی گۆڕان:"پارتی بۆ گۆڕانی رونكردۆتەوە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەمكردنەوە نیە لە پشك و بەركەوتەكانی گۆڕان، بەڵكو ئەو زیادكردنە وەك بەشێكە لە ئیستحقاقی یەكێتی و بەشێكە لە رێكەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم و پابەندبونی پارتیە بە رێكەوتنەكەوە".

بزوتنەوەی گۆڕان بۆیە رازی بوە كە جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان زیادبكرێت، بۆ ئەوەی چیتر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت دوانەكەوێت

 

سەرچاوە باڵاكەی گۆڕان راشیگەیاند:"بزوتنەوەی گۆڕان بۆیە رازی بوە كە جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان زیادبكرێت، بۆ ئەوەی چیتر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت دوانەكەوێت كە دواجار خەڵك زیانی لێدەكات، چونكە بەلای بزوتنەوەی گۆڕانەوە جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت ئەولەویەتە".

پارتی لە گفتوگۆكانی لەگەڵ گۆڕان وتویەتی، دەبێت یەكێتی لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان جێگری ئاسایش و هێزەكانی پێشمەرگەی پێبدرێت

 

هەر بەپێی زانیاریەكانی ئەو سەرچاوەیە:"پارتی لە گفتوگۆكانی لەگەڵ گۆڕان وتویەتی، دەبێت یەكێتی لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان جێگری ئاسایش و هێزەكانی پێشمەرگەی پێبدرێت، چونكە دوەم گەورەترین هێزی هەرێمی كوردستانە و زەمانەت و ئەمانەتی رێكەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی پەیوەستە بە بەشداریكردنی یەكێتیەوە".

 بەمنزیكانە هەوڵی ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەدەن تا یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمواربكرێتەوە و سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێت

 

لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی باڵای ناو پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ خەندان رایگەیاند:"بزوتنەوەی گۆڕان رازی بون بە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆیە بەمنزیكانە هەوڵی ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەدەن تا یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمواربكرێتەوە و سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێت و پاشان كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت رابسپێردرێت و چی دیكە خەڵك چاوەڕوانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ نەكەن".

ئەوەی ماوەتەوە ئامادەیی ناوخۆیی پارتیە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان

 

خەندان ئەوەشیزانیوە كە هەریەكە لە پارتی و یەكێتی و گۆڕان گرفتێكی ئەوتۆ لەنێوانیاندا نەماوە و ئەوەی ماوەتەوە ئامادەیی ناوخۆیی پارتیە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

خەندان لەچەند رۆژی رابردودا هۆکاری راستەقینەی دواکەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی ئاشکرا كردو تیایدا ئەوەی خستەرو كە دواکەوتنی حکومەت "بەڕواڵەت شتێکە و بەناوەرۆک شتێکی دیکە" و تیایدا نهێنی گرفتی پێكهێنانی حكومەت و ئامادەنەبونی تەواوی پارتی بۆ كه‌وتنه‌ڕێی شه‌مه‌نده‌فه‌ری كابینه‌ی حكومه‌ت ئاشكراكرد.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP