بەپەلە

پێنج خاڵی چاکسازییەکان بە نوسراو کۆتایی هاتوە
راوێژکارێکی وەزارەتی پێشمەرگە: جێبەجێکردنی دەکەوێتە دوای پێکهێنانی حکومەت

- 4/16/2019 6:36:00 PM 2795 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ڕاوێژکارێکی وەزارەتی پێشمەرگە rایدەگەینێت، پێنج خاڵ لە پڕۆژەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە بە نوسراو کۆتایی هاتوە و جێبەجێکردنیشی دەکەوێتە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
خاڵە ستراتیژییەکانی پرۆژەکە لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتدا جێبەجێدەکرێت

 

بەختیار محەمەد، راوێژکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە خەندان-ی راگەیاند، پێنج خاڵ لە چاکسازیەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە نوسراو کۆتایی هاتوە تەنها جێبەجێکردنی ماوە، دەکەوێتە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێ، لە ئێستادا بەشێک لە خاڵەکانی سەرەتای جێبەجێکراوە، بەڵام خاڵە ستراتیژییەکانی لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتدا جێبەجێدەکرێت.

ئەو راوێژکارەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشدا، پێنج خاڵ لە پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە ھەڵبژێردراوە، بۆ دەستپێکردنی چاکسازییەکان کە ئەوانیش بریتین لە، تۆمارکردنی سەرجەم ھێزەکانی پێشمەرگە لە سیستەمی بایۆمەتری بۆ دانانی سیستەمی بانکی بۆ  پێشمەرگە، دانانی سیستەمێکی سەربازی ستراتیژی بۆ ھەرێمی کوردستان، پێداچونەوە بە ھەمو یاساکانی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە و خانەنشینی ھێزەکانی پێشمەرگە، وە پڕۆژەیەک بۆ دروستکردن و دانانی ھەماھەنگی لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بە تایبەت لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، لەگەڵ پێداچونەوە بە میلاکات و شێوەی کار و بەرنامەی وەزارەتی پێشمەرگە.
چاکسازی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە پەیوەندی پێکهێنانی حکومەتی تازە و دەستبەکاربونی وەزیری پێشمەرگە و رێکەوتنی سیاسی و پشتگیری هاوپەیمانەکان و حکومەتی عێراقەوە هەیە

وتیشی، لە ئێستادا پێدانی موچە بە ئەلکترۆنی لە ناو وەزارەتدا جێبەجێکراوە و بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی دروستبوە ئەوانەی دیکە هەموی لە دیراسەتدان و گەیشوەتە خاڵی بڕیار و جێبەجێکردن.

لیوا بەختیار محەمەد دەشڵێت: چاکسازی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە پەیوەندی پێکهێنانی حکومەتی تازە و دەستبەکاربونی وەزیری پێشمەرگە و رێکەوتنی سیاسی و نێوان ئەو ‌هێزانەی کە خاوەنی هێزی پێشمەرگەن، هاوکات پشتگیری هاوپەیمانەکان و حکومەتی عێراقیش بە راهێنانی سەربازی و پێدانی چەک و دابینکردنی پارە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە. 

پێشتر وەزارەتی پێشمەرگە 35 خاڵی دیاریکرد بۆ چاکسازی لەنێو وەزارتی پێشمەرگە و ھێزەکانی 70 و 80 و وەزارەتی پێشمەرگە، ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندییان لەسەر دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنیان.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP