زانیاری بۆ دەزگا راگەیاندنە سەربەخۆكان سنوردارە
ئەمریكا: حزبەكانی دەسەڵات لە كوردستان زانیاری دەدەنە دەزگاكانی خۆیان

- 4/16/2019 5:27:00 PM 4501 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندوە، پارتی و یەكێتی لە سنوری دەسەڵاتی خۆیان تەنها زانیاری دەدەنە ئەو دەزگایانەی سەر بەخۆیانن و دەشڵێت زانیاریەكان بۆ دەزگا سەربەخۆكان سنوردارە.

لە راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە بەشی ئازادی رادەربڕین دۆخی هەرێمی كوردستان خراوەتەرو، بەجۆرێك لە راپۆرتەكەدا باس لە سنورداركردنی ئەو زانیارییانە كراوە كە دەدرێتە دەزگای راگەیاندنەكان.
دو حزبە سەرەکییەکەی هەرێم، تەنها رێگە دەدەن راگەیاندنەكانی نزیك لە خۆیان دەستیان بە زانیارییەكان بگات

 

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەكردوە كە "دو حزبە سەرەکییەکەی هەرێم، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، تەنها رێگە دەدەن راگەیاندنەكانی نزیك لە خۆیان دەستیان بە زانیارییەكان بگات".

ئەوەشخراوەتەرو كە پارتی لەژێر دەسەڵاتی خۆی، كاری لەپێشینەی دەست گەیشتن بە زانیارییەكانی داوەتە كوردستان تیڤی و K24 و روداو و دەستیان دەگاتە هەمو زانیارییە گشتیەكان، بەپێچەوانەشەوە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی، كەناڵەكانی كوردسات و گەلی كوردستان، بە ئاسانی دەستیان دەگاتە زانیارییە گشتیەكان.
 
راپۆرتەكە باسی سنورداركردنی دەستگەشتن بە زانیاریەكانی كردوە بۆ دەزگای راگەیاندنەكانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن و ئەو دەزگایانەی وابەستەی هیچ حزبێك نین و رایگەیاندوە كە دەست گەیشتنی ئەو دەزگایانە بە زانیارییە گشتیەكان سنوردارە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP