پێناچێت دەستێک لەپشت سوتاندنی کەنیسە مێژوییەکەی فەرەنساوە هەبوبێت

- 4/16/2019 4:44:00 PM 2233 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
کەنیسەی نۆترەدام کە سیمبولی کولتوریی و مێژویی فەرەنسابو پاش چواردە کاتژمێر ئاگرەکەی کوژێنرایەوە و داواکاری گشتی ئەو وڵاتەش رایگەیاند هیچ ئاماژەیەک بۆ بونی تاوانێک لەپشتی سوتاندنی کەنیسەکە نیە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ سێ شەممە داواکارانی یاسایی پاش بەدواداچونی ورد بۆ هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و داڕمانی کەنیسەی نۆترەدام لەپاریسی پایتەختی فەرەنسا رایانگەیاند روداوەکە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو رویداوەو تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ بونی تاوانێک لەوبارەیەوە نیە.

شەوی رابردو ئاگرێک لەکەنیسەی نۆتردام کەوتەوە و بەهۆیەوە منارەی کەنیسەکەو بەشی سەرەوەی داڕماو بەوەش فەرەنسا سیمبولێکی کولتوری و مێژویی لەدەستدا.
لەمبارەیەوە رێمی هێیتز داواکاری گشتی پاریس رایگەیاند پێناچێت هیچ تاوانێک لەپشتی سوتانی کەنیسەکەوە بێت.

وتیشی 50 کەس سەرقالی لێکۆڵینەوەی هۆکاری سوتانەکە بون و تەنها یەک ئاگرکوژێنەوە برینداربوە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

هاوکات، بەپێی وتەی وەزیری ناوخۆی فەرەنسا کەنیسەکە ئێوارەی دوێنێ پاش داخستنی بەرووی هاوڵاتیاندا ئاگری گرتوە و زیاتر لە 400 ئاگرکوژێنەرەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیانداوە بەڵام نەتوانراوە تا 14 کاتژمێر کۆنترۆڵبکرێت.

نیشانەکردن :

#فه‌ڕه‌نسا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP