توركیا: كڕینی S400 نابێت ببێتە هۆی سەپاندنی سزا
ئەمریكا و توركیا لەبارەی S400 و موشەکی پاتریۆتەوە کۆبونەوە

- 4/16/2019 11:05:00 AM 4081 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاند، كڕینی سیستەمی موشەكی بەرگری ئاسمانی S400ی روسی نابێت ببێتە هۆی سەپاندنی سزا لە لایەن ئەمریكاوە، چونكە ئەنقەرە  مەترسی بۆ سەر واشنتن نیە و پابەندە بە پەیمانی باكوری ئەتڵەسی.

لەمیانی بەڕیوەچونی كۆبونەوەیەك لەنێوان بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و توركیا لە واشنتن، لەبارەی سیستەمی موشەكی S400 و نیگەرانیەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا بەهۆیەوە، هلوسی ئاكار بە زمانێكی تا رادەیەك نەرم دوا و داوایكرد ناكۆكیەكان لەرێگەی دانوستانەوە چارەسەربكرێن.
بەدڵنیاییەوە توركیا بۆ سەر ویلایەتە یەكگرتوەكان مەترسی نیە 

 

ئاماژەی بەوەشكرد، "بەدڵنیاییەوە توركیا بۆ سەر ویلایەتە یەكگرتوەكان مەترسی نیە و كڕینی موشەكی S400ی روسی لە لایەن ئەنقەرەوە، نابێت ببێتە هۆی سەپاندنی ئەو سزایانەی لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانەوە دژ بە نەیارەكانی بەكاریدەهێنێـت".
واشنتن بە ئەنقەرەی راگەیاندوە، لە ئەگەری كڕینی موشەكی بەرگری S400 پێدەچێت ئەنقەرە روبەڕوی سزا ببێتەوە

 

ئەوەش لەکاتێکدایە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هەفتەی رابردو رایگەیاندبو، واشنتن بە ئەنقەرەی راگەیاندوە، لە ئەگەری كڕینی موشەكی بەرگری S400 پێدەچێت ئەنقەرە روبەڕوی سزا ببێتەوە، ئەوەش بەپێی ئەو یاسای سزادانە ئەنجامدەدرێت، كە پەیوەستە بەو لایەنانەی روبەڕوی ویلایەتە یەكگرتوەكان دەبنەوە.

لەوباریەوە ئاكار وتی، "بڕیاری كڕینی ئەو سیستەمە بەرگریە بە واتای گۆڕینی رێرەوەی توركیا نایەت".

وەزیری بەرگری توركیا دوپاتیشیكردەوە، "هیچ گۆڕانكاریەك لە پابەندبونی توركیا بە پەیماننامەی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) رونادات".

هاوكات رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رەتیدەكاتەوە لە كڕینی سیستەمی S400ی روسی بكشێتەوە و ویلایەتە یەكگرتوەكانیش بەوهۆیەوە لەبارەی وەستاندنی پێدانی سیستەمی بەرگری پاتریۆتی ئەمریكی بە ئەنقەرە هەڕەشەدەكەن.

پێمان وایە پێكەوەبەستنی كڕینی S400 بە پرۆژەی F35ی ئەمریكی جێگای داخە

 

لە یەكەمین هەنگاویدا بۆ ئاماژەدان بە راوەستانی پرۆژەكە، لە سەرەتای مانگی نیساندا ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پێدانی كەلوپەلی تایبەت بە سیستەمی پاتریۆتی ئێف-35ی ئەمریكی بە توركیا-ی ئەندام لە ناتۆ راگرت.

سەبارەت بەو هەنگاوە ئاكار رونیکردەوە، "پێمان وایە پێكەوەبەستنی كڕینی S400 بە پرۆژەی F35ی ئەمریكی جێگای داخە، ئێمە وەك وەبەرهێن و هاوبەش كاردەكەین نەك تەنها وەكو كڕیارێك، نزیكەی ملیارێك دۆلارمان وەبەرهێناوە و تەواوی پابەندبونەكانمان بەجێهێناوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP