بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی مانگرتنیان راگەیاند

- 4/16/2019 10:09:00 AM 9720 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەیانی ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی دژی دواکەوتنی موچەکانیان مانگرتنیان راگەیاند و لە بەردەم کامپی کۆن و نوێی زانکۆکە گردبونەوە.

پەیامنێری خەندان لە سلێمانی رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ بەشێک لە فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی مانگرتنیان لە کارەکانیان راگەیاندوە و هاتونەتە بەردەم کامپی کۆن و نوێی زانکۆکە، ئەوەش بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیانەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی داوادەکەن موچەکانیان لەکاتی خۆیدا پێبدرێت، ئەگەرنا تاوەکو پێدانی موچەکانیان لە بایکۆتکردنی دەوام دەبن و مانگرتن بەردەوام دەبن.

مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی لەکاتێکدایە تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی یەکی ئەمساڵی دابەشنەکردوە، لەکاتێکدا حکومەت بڕیاریداوە 30 رۆژجارێک موچە بەبێ پاشەکەوت دابەش بکرێت.

دابەشکردنی موچەی مانگی یەکی ئەمساڵ بە سستی بەڕێوەدەچێت و لەئێستادا چەند وەزارەتێک موچەیان وەرگرتوە، تا ئێستاش دیارنیە کەی تەواوی موچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەش دەکرێت.

شەوی رابردو خەندان لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، هۆكاری سەرەكی دواکەوتن و سست‌ دابەشكردنی موچە و گۆڕانكاری ریزبه‌ندی  دابه‌شكردنى موچه‌ی وەزارەتەكان بۆ مانگی كانونی دوەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە بەغدا موچەی مانگی نیسانی نەناردوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستانەوە دەست خەندان كەوتوە، "ئەو موچه‌یەی تائێستا بۆ مانگی كانونی دوەمی 2019 دابەشكراوە، بەشێكی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دابینکراوە، كە 378 ملیار دینار، هی ‌پاره‌ى فرۆشى نه‌وتى هه‌رێم  بوە، لەگەڵ بڕێکی دیکە کەلە بەردەستى وەزارەتی دارایی و ئابوری بوە لە بانكەكان".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP