نرخی نەوتی خاو لە بازارەكانی جیهان دابەزینی بەخۆوەبینی

- 4/16/2019 9:00:00 AM 1835 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای ئەوەی وەزیری ئابوری روسیا رایگەیاند، پێویستە وڵاتەكەی لەگەڵ رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت (ئۆپیك) رێژەی هەناردەی سوتەمەنی زیاتربكەن، ئەمڕۆ یەکشەممە نرخی نەوتی خاو لە بازارەكانی جیهاندا دابەزینی بەخۆوە بینی.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت كردویەتیە 71 دۆلار، كە بەڕێژەی لەسەدا 0.25 و 18 سەنت لە نرخەكەی دابەزیوە  لە كۆتا مامەڵەدا.

هاوكات نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی رۆژئاوای ئەمریکا هەشت سەنت و بەڕێژەی لەسەدا 0.13 دابەزینی بەخۆوەبینیوە و نرخی یەك بەرمیل كردویەتیە 63.32 دۆلار. 

ئانتۆن سیلوانۆڤ، وەزیری ئابوری روسیا ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، پێدەچێت هەریەك لە روسیا و ئۆپیك لەسەر زیادكردنی رێژەی وەبەرهێنان و هەناردەی سوتەمەنی وڵاتەكانیان بڕیاربدەن تا لەگەڵ بازای هاوبەشی ویلایەتە یەكگرتوەكان روبەڕوببنەوە.

كۆمپانیاكانی وزەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، هەفتەی رابردو ژمارەی كێڵگە نەوتیەكانیان زیاتركرد و بەپێی سەرچاوەكانی ئەمریكا لە ئێستادا كۆی گشتی كێڵگە نەوتیەكانی ئەو ناوچەیە گەیشتوەتە 833 كێڵگە.

سزاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ سەر هەریەك لە وڵاتانی ئێران و ڤەنزوێلا و گرژی و ئاڵۆزیەكانی لیبیا كە هەرسێ وڵاتەكە وەبەرهێنی سوتەمەنین و هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی دەكەن، كاریگەریەكی بەرچاویان لە هەڵكشان و داكشانی ئەمدواییەی نەوت هەبوە.

لەوبارەیەوە بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران یەكشەممەی رابردو 14ی نیسان دو هەڵبژاردەی خستە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و رایگەیاند، "ئەگەر فشارەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران بەردەوامبێت نرخی سوتەمەنی لە ئێستگەكانی نەوتی ئەو وڵاتە بەرزدەبێتەوە". 

هاوكات بریارە رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت (ئۆپیك) و وڵاتانی دیكەی هاوپەیمانی (ئۆپیك+) لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر بەردەوامبون یاخود بەردەوام نەبون لە راگرتن و كەمكردنەوەی رێژەی وەبەرهێنان و هەناردەكانیان كۆببنەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە هەریەك لە ئۆپیك و روسیا و وڵاتانی وەبەرهێنی نەوتی دەرەوەی ئۆپیك لە رێكەوتی 1ی كانونی دوەمی ئەمساڵەوە هەناردەی ئەو بەرهەمەیان بەڕێژەی 1.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا كەمكردوەتەوە. 

نیشانەکردن :

# نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP