هەواڵی ئەمڕۆ

لە 90 ملیار دینارەوە دەكرێتە 50 ملیار دینار
پرۆژە ستراتیژیەكەی سلێمانی 40 ملیاری لێكەمدەكرێتەوە

- 4/16/2019 1:15:00 AM 5740 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەرچەندە هێشتا پرۆژەی شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی لەدوای نزیكەی پێنج ساڵ لە ئەنجامدانی گرێبەستەكەی نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەكانی خەندان بودجەی شەقامەكەی لە 90 ملیار دینارەوە بۆ 50 ملیار كەمكراوەتەوە.
بودجەی بەشێك لە پرۆژەكانی وەبەرهێنانەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی پلاندانان كەمكراوەتەوە

 

بەپێی چەند زانیارییەك كە لەوەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان دەست خەندان كەوتوە، بودجەی بەشێك لە پرۆژەكانی وەبەرهێنانەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی پلاندانان كەمكراوەتەوە لە ناویاندا بودجەی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری.

هەر بەپێی زانیارییەكان وەزارەتی پلاندانان لەمساڵدا بودجەی تەرخانكراوی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی لە 90 ملیار دینارەوە بۆ 50 ملیار دینار كەمكردۆتەوە بە بیانوی كەمكردنەوەی بودجەی وەبەرهێنان لەلایەن حكومەتی ناوەندیەوە.

چوار ساڵ و 343 رۆژە گرێبەستی قۆناغی یەكەمی شەقامی 100 مەتری واژۆكراوە

 

كەمكردنەوەی بودجەی تەرخانكراوی شەقامی 100 مەتری سلێمانی لە كاتێكدایە كە له‌ 8-5-2014 گرێبه‌ستێك له‌ نێوان به‌هرۆز حه‌مه‌ساڵح، پارێزگاری ئه‌وكاتی سلێمانی به‌نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ رێگه‌پێدراوی كۆمپانیای (ئیلتیبای) واژۆكراوه‌ بۆ دروستكردنی پڕۆژه‌ی یەكەمی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی له‌ماوه‌ی 1100 رۆژدا، بەڵام تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە چوار ساڵ و 343 رۆژە گرێبەستەكە ئیمزا كراوە، بەو پێیەش 703 رۆژ بەسەر وادەی تەواوبونی پرۆژەی یەكەمی شەقامەكە تێپەڕیوە.

پێشتر ئازاد رەسوڵ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی لە لێدوانێكی تایبەت بۆ خەندان رایگەیاند، هۆكاری دواكەوتنی جێبەجێكردنی پرۆژەی شه‌قامی 100 مەتری سلێمانی پەیوەندی بە قەیرانی داراییەوە هەیە.

لە ساڵانی پێشودا ساڵانە 80 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە تەرخاندەكرا، بەڵام ئەمساڵ كراوە بە 100 ملیار دینار

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبو "لە ساڵانی پێشودا ساڵانە 80 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە تەرخاندەكرا، بەڵام ئەمساڵ كراوە بە 100 ملیار دینار، هەرچەندە لە پلانی وەزارەتی داراییدا هەیە كە پرۆژەكە ئەنجامبدرێت، بەڵام هەتا ئێستا بڕی پارەكەی بۆ تەمویل نەكراوە".

بە بیانوی ئەوەی حکومەتی عێراق لە بودجەی وەبەرهێنان پشکی هەرێمی کوردستانی كەمكردۆتەوە بۆیە وەزارەتی پلاندانان 40 ملیار دیناری لە بودجەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی كەمكردۆتەوە

 

خەندان ئەوەشی زانیوە كە لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی باڵای وەزارەتی پلانداناندا بە بیانوی ئەوەی حکومەتی عێراق لە بودجەی وەبەرهێنان پشکی هەرێمی کوردستان لە دو ترلیۆن و 600 ملیار دینار بۆ یەك ترلیۆن و 500 ملیار دینار كەمكردۆتەوە، بۆیە وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە بە كەمكردنەوەی بودجەی بەشێك لە پرۆژەكانی وەبەرهێنان، لەو چوارچێوەیەشدا بودجەی تەرخانكراوی پرۆژەی یەكەمی شەقامی 100 مەتری لە 90 ملیار دینارەوە بۆ 50 ملیار دینار كەمكردۆتەوە.

دەزگای میدیایی خەندان لەماوەی رابردودا چەند راپۆرتێكی لەسەر پرۆژەكانی رێگاوبانەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا راپۆرتێكی لەسەر شەقامی 100 مەتری سلێمانی كە یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژیەكان و شەقامی 150 هەولێر كە ئێستا خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە بڵاوكردۆتەوە.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP