بەغدا لە 2 ڕۆژی داهاتودا بەشە بودجەی هەرێم دەنێرێت
خەندان هۆکاری سست دابەشکردنی موچە ئاشکرا دەکات

- 4/15/2019 8:14:00 PM 56214 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

تاكو ئێستا بەغداد بەشە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگەی بۆ مانگی نیسان نەناردوە و سەرچاوەیەكیش هۆكارەكەی بۆ خەندان ئاشكرادەكات، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: 724 ملیار دینار بۆ موچەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ بۆ هەرێم نێردراوە.

ئەو پارەیەی تا ئێستا دابەشكراوە 378 ملیار دیناری فرۆشی نەوت و بڕێكی تر بوە كە لەبەر دەستی وەزارەتی دارایی بوە

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستانەوە دەست خەندان كەوتون،"ئەو موچه‌یەی تائێستا بۆ مانگی كانونی دوەمی 2019 دابەشكراوە، بەشێكی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دابینکراوە، كە 378 ملیار دینار، هی ‌پاره‌ى فرۆشى نه‌وتى هه‌رێم  بووە، لەگەڵ بڕێکی تر کەلە بەردەستى وەزارەتی دارایی و ئابووری بوە لە بانكەكان".

هۆكاری سەرەكی دواکەوتن و سست‌ دابەشكردنی موچە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە بەغداد موچەی مانگی نیسانی نەناردوە

 

ئەو سەرچاوەیەی خەندان راشیگەیاند:"هۆكاری سەرەكی دواکەوتن و سست‌ دابەشكردنی موچە و گۆڕانكاری ریزبه‌ندی  دابه‌شكردنى مووچه‌ی وەزارەتەكان بۆ مانگی كانونی دوەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە بەغداد موچەی مانگی نیسانی نەناردوە.

ئه‌گه‌رى زۆره‌ له‌م دو ڕۆژه‌دا ئه‌و پاره‌یه‌ بنێردرێتە سه‌ر حسابى وه‌زاره‌تى دارایى هەرێمی كوردستان

 

لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەک لەئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی ناوەندی بەخەندان-ی ڕاگەیاند:"ئه‌گه‌رى زۆره‌ له‌م دو ڕۆژه‌دا ئه‌و پاره‌یه‌ بنێردرێتە سه‌ر حسابى وه‌زاره‌تى دارایى هەرێمی كوردستان".

عادل عەبدولمەهدی تەئكیدی كردۆتەوە كە بەهیچ شێوەیەك موچەی هەرێم نابڕدرێت

 

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەو بابەتە، ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ  خەندان رایگەیاند:"هەفتەی رابردو لە سەردانێكیدا بۆ بەغداد، وەفدێكی كۆمەڵی ئیسلامی بەسەرۆكایەتی مامۆستا عەلی باپیر سەردانی عادل عەبدولمەهدی كردو تەئكیدی كردەوە كە بەهیچ شێوەیەك موچەی هەرێم نابڕدرێت، بەڵام پێدەچێت بڕەكەی گۆڕانكاری تێدا بكرێت بە شێوەیەك كە بڕی زەرەری فرۆشی نەوتی لێدەردەكرێت".

سەرەی ناردنی موچەی هەرێم بەشێوەیەكی گشتی لە نێوان 15 ی مانگ بۆ 17 ی مانگە

 

لەبارەی كاتی ناردنی موچەی هەرێم وتی:"سەرەی ناردنی موچەی هەرێم بەشێوەیەكی گشتی لە نێوان 15 ی مانگ بۆ 17 ی مانگە، راستەوخۆ دەخرێتە سەر بانكی هەولێر".

بەغداد بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت ئەو بودجەیەی تەرخانكراوە بۆ موچەی فەرمانبەران بیبڕێت، بەڵام ئەتوانێت كەمی بكاتەوە

 

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی راشیگەیاند:"بەپێی یاسا بەغداد بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت ئەو بودجەیەی تەرخانكراوە بۆ موچەی فەرمانبەران بیبڕێت، بەڵام ئەتوانێت كەمی بكاتەوە، بەشێوەیەك دەكرێت بە نرخی رۆژ نەوت ئەژمار بكەن نەك بە 56 دۆلار بۆ بەرمیلێك یاخود ئەو قەرزانەی لێدەربكەن كە هەرێم لایەتی یان پارەی گومرگی لێدەربكرێت، بەڵام دواجار ئەمە رێككەوتنێكی سیاسییە و ئەگەر بەغداد موچە نەنێرن رێكەوتنەكە هەڵدەوەشێتەوە".

موچەی پێشمەرگە لە وەزارەتی بەرگری عێراق دەدرێت

 

لەبارەی ناردنی موچەی پێشمەرگە ئەحمەد حاجی رەشید رایگەیاند:"موچەی پێشمەرگە لە وەزارەتی بەرگری عێراق دەدرێت، راستەوخۆ كە موچە دەچێتە وەزارەتی بەرگری 68 ملیار دیناری لێجیادەكرێتەوە دەنێردرێت بۆ هەرێمی كوردستان".

موچەی سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ نێردراوە بۆ هەرێمی كوردستان

 

ئاشكراشیكرد كە "موچەی مانگەكانی كانونی دوەم و شوبات و ئازاری 2019 نێردراوە بۆ هەرێم و بەپێی ئەو نوسراوە كە لامە مانگی پێشو 724 ملیار دینار لە وەزارەتی بەرگریەوە نێردراوە بۆ هەرێم، بەجۆرێك 522 ملیار دیناری هی مانگی ئازار بوە و 222 ملیار دینارەكەی دیكەش هی تەواوكاری موچەی مانگی كانونی دوەم و شوبات بوە كە 317 ملیار پێشتر دراوە، ناردنی موچەی مانگی نیسانیش پەیوەندی بە وەرگرتنی موچەی وەزارەتی بەرگری هەیە".

دەبێت وەفدی وەزارەتی پێشمەرگە بچێتە بەغداد

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتیشی:"داوای ژمارەی پێشمەرگەمان كردوە، بۆیە دەبێت وەفدی وەزارەتی پێشمەرگە بێتە بەغداد، بەڵام ژمارەی پێشمەرگە هەرچەندێك بێت بەپێی یاسا موچەی پێشمەرگە دیاریی كراوە هیچ هێزێك نیە بیبڕێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP