ژنانی داعش و ڕەفتارەکانیان، کەیسی کچە ئێزیدیەکە

- 4/15/2019 5:00:00 PM 9237 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پێشەکی و وەرگێڕانی لە ئەڵمانیەوە: بەرزان حەمە خورشید

ئەم راپۆرتە خستنەڕوی هەندێک لە هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی و جودی سەربازی داعش و مامەڵەکردن لەگەڵ ئاسەوارە نامرۆڤایەتی و نا ئەخلاقیەکانی، دەرهەق بە دانیشتوانی ناوچەکە و لە نێویاندا ئێزیدیەکان وەک گەورەترین قوربانیەکانی پرۆژەی سیاسی فیکری توندڕەوی ئاینیی و مەزهەبیی داعشن.

ڕۆژی 07.04.2019 د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق  پاش ماوەیەکی کورت لە دەستبەکاربونی پرۆژە یاسای (ژنانی ئازادکراوی ئێزیدی) ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکات بۆ تاوتوێکردن و پەسەندکردنی، دوو ڕۆژ دوای ئەو بەروارە یەکێک لە تاوانبارەکانی ئەو کەیسە لەبەردەم دادگای باڵای شاری (میونشن/ ئەڵمانیا) دەرهەق بە تاوانەکانی دژ بە یەکێک لە کۆیلە کچە ئێزیدیەکانی دەستی داعش لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

تیگەیشتن لەو دۆکیۆمێنتە یاساییانەی بۆ دادگاکان ئامادەکراون زۆرکات ئاسان نیە، نوسراوی داواکاری گشتی دژ بە (جنێڤەر.ڤ) لەبەر هەندێک هۆکار وێناکردنی قورسە و بەرگەگرتنی ئاسان نیە و وێنەی ترسناک لە مێشکی مرۆڤدا دەخوڵقێنێ، ئەو ژنە ئەڵمانیە تەمەن ٢٧ ساڵە لەگەڵ مێردەکەی(تەها.ئا) لە هاوینی ٢٠١٥ دا لە بەرامبەر چەند سەد دۆلارێکدا کچێکی تەمەن (پێنج ساڵە ی ئێزیدیان کڕیوە، کە یەکێک لە دیلەکانی دەستی داعش بوە و دواتر خێزانەکە ئەو کچەیان وەک کۆیلەی ناوماڵ مامەڵەکردوە.

لەو برگەیەدا کە بە ڕوونی لە نوسراوی داواکاری گشتیدا هاتوە و مرۆڤ بەرگەی ناگرێت دەڵێت"دوای ئەوەی کچەکە نەخۆش کەوت و لەسەر ئەو دۆشەکەی کە هەڵکورما بوو خۆی تەڕکرد، لە سزای ئەوەدا مێردی ژنە تۆمەتبارەکە هەردوو دەستی کچە نەخۆشەکەی توند بەست و ڕایکێشایە بەر قرچەی هەتاوە سوتێنەرەکە و بەجێیهێشت تا لەتلانەوە بە دەست ئازارەوە لە تینوانا مرد و تۆمەتبارەکە ڕێگای بە مێردەکەی داو هیچ هەوڵێکی بۆ ڕزگارکردنی کچەکە نەدا"، ئێستا ئەو تۆمەتبارە (جنێڤەر.ڤ)، لەبەرئەوەی ڕێگەیداوە مرۆڤێک"بەبێ هیچ پاڵنەرێک دڕندانە بکوژرێت"بەوە تاوانی جەنگی ئەنجامداوە،و هاوکات بە بوونە ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستی بێگانەی(دەوڵەتی ئیسلامی)ش تاوانباری دەکەین". 

لای داعش ئەندامی "پۆلیسی ئەخلاق" بوە

 

یەکەمین دانیشتنی دادگا پاش چەند خولەکێک لە دەستپێکردنی ڕاگیرا بەهۆی سەرهەڵدانی هەندێک ماتیریاڵ و بەڵگەی نوێ، بەوەی تاوانبارەکە کە خەڵکی شاری(لۆهن)ی هەرێمی نیدەرزاکسنی باکوری ئەڵمانیایە لە ساڵی ٢٠١٤ پەیوەندی بە میلیشیاکانی داعشەوە کردوە و وەک(پۆلیسی ئەخلاق) کاریکردوە، لە پارکەکانی موسڵ و فەلوجە بەچەکەوە لەگەڵ تیمە گەڕۆکەکاندا سوڕاوەتەوە و وەک لە داواکاریەکەی پارێزەری گشتیدا هاتوە ئەمە بەو مانایەی"ئەرکەکەی چاودێریکردن بووە لە وابەستەبونی ژنان بەو ڕێنماییانەی کە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکە لەبارەی هەڵسوکەت و خۆپۆشینی ژنان دیاریکردوە"و بۆ ترساندنیش ئەرکەکەی بە کڵاشینکۆف و دەمانچە و هێلەکێکی تایبەتی بۆمبڕێژکراوە وە ئەنجامداوە و لەبەرامبەر ئەو ئەرکەشدا تاوانبارەکە دەبێت نزیکەی(سەد دۆلار)موچەی مانگانەی وەرگرتبێت.

بە کۆیلەکردنی هەزاران ئێزیدی

پرۆسەی دادگاییکردنەکەی (جنێڤەر.ڤ) زۆر بە ووردی و لە نزیکەوە لەلایەن ئێزیدیەکانەوە چاودێری دەکرێت، چونکە تاوانبارەکان ئەو کچە غەیرە موسڵمانەیان وەک کۆیلە ڕاگرتوە و مامەڵەکردووە کە سەر بە کەمینەیەکی نەتەوەیی غەیرە موسڵمانە و لە هەموو گروپەکانی تر زیاتر زەرەرمەندی دەستی دەسەڵاتی تۆقێنەری دەوڵەتی ئیسلامی بوون، کاتێ لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤لە میانەی پرۆسەی جینۆسایدی ئێزیدیەکان زیاتر لە(پێنج هەزار)گەنج و پیاوی بە تەمەن کوژران و زیاتر لە(حەوت هەزار)ژن و منداڵ ڕفێندران و دواتر بە کۆیلەکران و پاش ڕزگارکردنی دوا حەشارگەی داعشیش لە ڕۆژهەڵاتی سوریا هێشتا (سێ هەزار) ژن و منداڵ بێ سەروشوێنن، یەکێک لەو قوربانیانە ئەو کچە تەمەن پێنج ساڵەیە کە تاوانبارەکە و مێردەکەی تاوانی لە تینواندا خنکاندنیان بەرەو ڕوکراوەتەوە. 

وەک پارێزەر (پاتریک کرۆکەر) لە بەرلین (سەرپەرشتیاری پڕۆژەی سوریا) کە لایەن ڕێکخراوی (سەنتەری ئەوروپا بۆ دەستور و مافەکانی مرۆڤ ECCHR) ئەنجام دەدرێت، لە ڕونکردنەوەکانیدا بۆ(Deutschen welle) دەڵێت، "لە واقیعدا لە ئەڵمانیا لەو بوارەدا گەلێک پرۆسەی تاوانبارکردن بە ئەنجامدانی کردە تیرۆریستیەکان دژ بە ئەندامانی داعش ئەنجامدراوە"بەڵام لەمەڕ پرۆسەی تاوانبارکردن لە چوارچێوەی تاوانە قورسەکانی وەک(جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ)کارێکی کەم ئەنجامدراوە، و ئەتوانم بڵێم وابەستە بە کەیسی ئێزیدیەکان لەو چوارچێوەیەدا کارێکی وا ئەنجام نەدراوە".
ژنانی داعش وەک ئەنجامدەری تاوان

لە ڕونکردنەوەیەکیدا بەرامبەر بەو لێدوانە، ڕۆژنامەنوسی ئێزیدی(دیوسن تێکال)بۆDW(کورتکراوەیDeutschen welle)دەڵێت"چەند سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی ڕەفتاری تۆقێنەرانەی تاوانبارەکان گرنگە، ئەوەندەش بۆ وەدیهینانی عەدالەت بۆ خەڵکەکەی گرنگی هەیە" ئەو ڕۆژنامەنوسە کە دامەزرێنەری ڕێکخراوی هاوکاری (Hawar.Help) یشە بەردەوام سەردانی باکوری عێراق دەکات و چاوی بە ڕزگاربوەکانی دەستی داعش دەکەوێت، و لەو بەستێنەدا ناوەڕۆکی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ قوربانیە بە کۆیلەکراوەکاندا بەو بابەتەوە گرێدەدات و دەڵێت"بە سزاگەیاندنی تاوانبارەکانی جەنگ ڕەگەزێکی گرنگی خوڵقاندنی ئەو ئیحساسەیە لای قوربانیەکان کە بتوانن جارێکی تر درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆیان بدەن"و لای ئەو چالاکوانە ئێزیدیە پرۆسەی دادگاییکردنی(جنێڤەر.ڤ) گرنگیەکی تایبەتی هەیە"چونکە ئەو پرۆسەیە دەریدەخات کە ژنانی داعشیش بەشداربون لە تاوانەکاندا و بەکارهێنانی چەمکی مەجازیی"بوکەکانی داعش" (چەمکێکە لە میدیای ئەڵمانیدا بۆ ناوزەدکردنی ئەو ژنانە بەکاردەهێنرێت کە پەیوەندیان بە میلیشیاکانی داعشەوە کردوە) *جۆرێک لە بێگوناهکردن و بێتاوان وێناکردنیانە، چونکە ئەو ژنانە دەرهەق بە کۆیلە ئێزیدیەکان و بە تایبەت دەرهەق بە ژن و کچە کۆیلەکان بەهەمان شێوە تاوانیان ئەنجامداوە و لە زۆرباردا لە پیاوانی داعش دڕندەتربون".

لە ئەشکەنجەدانیشدا بەشداربون

کەم کەس هەیە هێندەی(ئیلهان کیزیلهان)ی دەرونناس چیرۆکی بەدڕەفتاریکردنی دەرهەق بە ژنە ئێزیدیەکان بیستبێت، ئەو خانمە کە سەرپەرشتی سەنتەرێکی دەرونناسی فرە کەلتوری لە باشوری ئەڵمانیا دەکات و چاوپێکەوتنی لەگەڵ زیاتر لە(دوو هەزار)لەو ژن و کچە ئێزیدیانە ئەنجامداوە کە پێشتر لە دەستی داعشدا بون، و هاوکات ئەو دەرونناسە کوردە لەگەڵ ئەنجامدەری تاوانەکانیشدا قسەیکردوە، لێدوانی ئەو تاوانبارانە بەردەوام ڕۆڵی هاوکاری و پشتیوانیی ژنانی داعش دەرەدەخات، و وەک لە شیکاریەکانیدا کیزیلهان بۆ(DW)دەڵێت"ئەو ژنانە بەشێک بون لە کۆمەڵگای داعش و بەشداریی ڕاستەوخۆیان لە کارە ترسناکەکانی وەک ئەشکەنجەدان و کوشتنی خەڵکدا کردووە"چونکە وادیارە بۆ ئەو ژنە ئەوروپیانەی کە چونەتە ئەوێ لە لایەنی دەرونیەوە زۆر گرنگ بووە کە پیشانیی بدەن کە موسڵمانی ڕاستەقینەن و ئەوەشیان لە ڕێی هەڵسوکەوت و ئاکاری توندڕەوانە و زەلیلکردنی مرۆڤەوە پیشانداوە. 

هەر لەو بوارەدا زانای کۆمەڵناس(سوزانا شریۆتەر/لێپرسراوی سەنتەری لیکۆڵینەوەی فرانکفۆرت بۆ ئیسلامی دونیایی، FFGI)کە زۆر بە چڕی سەرقاڵی بەدواداچونی فیکری جیهادیی داعشە لە لێدوانێکیدا بۆ(DW)دەڵێت"ئێمە گەلێک ڕاپۆرتمان لەبارەی ژنە داعشەکان پێگەیشتوە کە لە پرۆسەی بە کۆیلەکردنی ئێزیدیەکاندا چالاکبون و هەندێ جاریش لە دەستدرێژی سێکسی دەرهەق بە قوربانیەکاندا هاوکاربون و وەک دەردەکەوێت هەر خۆشیان مامەڵەی خراپی ئەو ژنانەیان کردوە، و لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت"داعش هەوڵیکی زۆریداوە کە لە ڕێی بنەما و دەقی ئاینیەوە شەرعیەت بە کۆیلەکردن بدات.


نیشانەکردن :

#داعش #ئێزیدی #ژن

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP