هەواڵی ئەمڕۆ

لە جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان تورکیا نیگەرانە
عەبدوڵا گیول: ئێمە خاوەنی هێزین، نابێت هەمان هەڵەی ئەوانەی پێش خۆمان دوبارەبكەینەوە

- 4/15/2019 4:18:00 PM 5558 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عەبدوڵا گیول، سەرۆك کۆماری پێشوی توركیا و یەکێک لە دامەزرێنەری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی) لەبارەی روداوەكانی ئەمدواییانەی توركیا و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیەكانی توركیا نیگەرانی خۆی دەربڕی.
دۆخەكە گەیشتوەتە خاڵێكی زۆر ناخۆش و بێزاركەر

 

عەبدوڵا گیول، سەرۆك کۆماری پێشوی توركیا لەبارەی هەڵبژاردنەكانەوە رایگەیاند، "دۆخەكە گەیشتوەتە خاڵێكی زۆر ناخۆش و بێزاركەر، كاتێك ئێمە خاوەنی هێزین نابێت هەمان هەڵەی ئەوانەی پێش خۆمان دوبارە بكەینەوە، كە پێشتر بەرامبەر ئێمە كردویانە".
هەندێك كاندید كە هەڵبژێردراون و سەرجەم ئەرك و مافەكانی خۆیان بەجێهێناوە و دوای ئەوەی سەركەوتنیان تۆماركراوە بە دەنگی خەڵك هەڵبژێردراون

 

لەبارەی ئەو كاندیدانەی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە لە لایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە فەرمانی دەستبەكاربونیان پێنەدراوە عەبدوڵا گیول وتی، "هەندێك كاندید كە هەڵبژێردراون و سەرجەم ئەرك و مافەكانی خۆیان بەجێهێناوە و دوای ئەوەی سەركەوتنیان تۆماركراوە بە دەنگی خەڵك هەڵبژێردراون گەرچی ژمارەیان زۆر كەمیش بێت، بابەتێكە كە دەبێت قسەی لەسەر بكرێت".
دوای ئەوەی لە ئیستانبوڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بڵاوكراونەتەوە ئیدی پێویست ناكات بابەتەكە هێندە درێژەی پێبدرێت

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای ئەوەی لە ئیستانبوڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بڵاوكراونەتەوە ئیدی پێویست ناكات بابەتەكە هێندە درێژەی پێبدرێت، زیاتر لە لایەنی تەكنیكی و یاسایی پەیوەندی بە لایەنی  سیاسیەوە هەیە و سەرجەم ئەوانەش زیان بە پێگەی توركیا دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە بە خێرایی كۆتایی بە رێكنەكەوتنەكان بهێنرێت". 

31ی مانگی ئازار هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا بەڕێوەچو، بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکە، ئاکپارتی هەریەکە لە شارەکانی ئەنقەرە و ئیستانبوڵ و دیاربەکری لە دەستداوە.

هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا بە پێنج ساڵ جارێك ئەنجام دەدرێت و لەمساڵدا 57 ملیۆن و 58 هەزارو 636 دەنگدەر لە 12هەزار و 784 خوێندنگە و لەسەر 194 هەزار و 390 سندوق مافی دەنگدانیان هەیە، هەزارو 250 پۆستى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگا لەگەڵ 20 هەزار و 500 ئەندامى ئەنجومەنى شارەوانى هەڵدەبژێردرێن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP