هەواڵی ئەمڕۆ

بۆ چۆنێتی خەرجکردنی پارەی ئەمساڵی پێشمەرگە
شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەکات

- 4/15/2019 1:56:00 PM 9258 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەم هەفتەیە نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەکات بۆ چۆنێتی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەی کە لە بودجەی ساڵی 2019 دا بۆ پێشمەرگە دیاریکراوە.
تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک نەخراوەتە سەر حساب بانکی وەزارەتی پێشمەرگە

 

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە خەندان-ی راگەیاند، "تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک نەخراوەتە سەر حساب بانکی وەزارەتی پێشمەرگە، تەنها ئەوەندە نەبێت نوسراوێکی فەرمی عادل عەبدولمەهدی ئاڕاستەی وەزارەتی بەرگری عێراق کراوە، بۆ ئەوەی موچەی وەزارەتی پێشمەرگە بخرێتە سەر وەزارەتی دارایی عێراق".
"لەم هەفتەیەدا نوێنەرێکی ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە بە نوسراوی فەرمی ئەمینداری گشتی سەردانی بەغدا دەکات

 

لەبارەی ئەوەی ئایا حکومەتی عێراق چوار موچە بەسەریەکەوە بۆ پێشمەرگە دەنێرێت یاوەر وتی، "لەم هەفتەیەدا نوێنەرێکی ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە بە نوسراوی فەرمی ئەمینداری گشتی سەردانی بەغدا دەکات، بۆ ئەوەی سەردانی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی دارایی بکات، ئەوکات دەزانین رێکارەکانی چۆنێتی ناردنی ئەو بڕە پارەیە چۆنە".
دەبێت بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە لە وەزارەتی بەرگرییەوە بگوازرێتەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی

 

10ی ئەم مانگە، حکومەتی عێراق نوسراوێکی فەرمی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ناردوە کە تێیدا هاتوە، دەبێت بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە لە وەزارەتی بەرگرییەوە بگوازرێتەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی و لە مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵەوە دەست بە خەرجکردنی بکەن تا کۆتایی ساڵی 2019.

جەبار یاوەر، پێشتر بە خەندان-ی راگەیاندبو، ئەو بڕە پارەیە بۆ یەک ساڵ 816 ملیار دینارە و بۆ یەک مانگیش 68 ملیار دینارە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP