ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هەرێم: 2018 به‌های گه‌نده‌ڵی زیاتر له‌ 275 ملیار دینار بوه‌

- 4/15/2019 12:06:00 PM 2460 جار خوێندراوەتەوە

حه‌ندان- شه‌وكه‌ت قادر 

ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمی كوردستان له‌ راپۆرتی ساڵی 2018ی دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، به‌های گه‌نده‌ڵی خه‌ملێنراو زیاتر لە 275 ملیار و 720 ملیۆن دینار بوه‌، كه‌ ته‌نها له‌ پێنج ملیار و 381 ملیۆن دینار گەڕێندراوەتەوە.

سه‌رخێل هاشم، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، كێشه‌ی یاساییان هه‌یه‌ كه‌ ده‌بنه‌ر رێگر له‌به‌رده‌م كاره‌كانیان له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی، یه‌كێك له‌ كێشه‌كان كه‌می ژماره‌ی لێكۆڵه‌ره‌ كه‌ ته‌نها 13 لێكۆڵه‌ریان هه‌یه‌ بۆ 800 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری كه‌رتی گشتی.
كێشه‌یه‌كی دیکەی یاسایی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی زۆری پارێزبه‌ندیه‌

 

ئاماژەی بەوەشکرد، كێشه‌یه‌كی دیکەی یاسایی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی زۆری پارێزبه‌ندیه‌، كه‌ رێگری ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی سكاڵایان له‌سه‌ر و ئاسته‌نگی زۆری دروست كردوه‌، له‌هه‌مان كاتیش نه‌بونی دادگایه‌كی تایبه‌ت به‌ كه‌یسی گه‌نده‌ڵی، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی دواكه‌وتنی كه‌یسه‌كان له‌ دادگا.

به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی دشڵێت، "كه‌یس هه‌یه‌ ماوه‌ی دوو ساڵه‌ كاتی دادگایشی بۆ دیارینه‌كراوه‌ و ژماره‌یه‌ك كه‌یسیش ساڵی رابردو به‌ر لێبوردنی گشتی كه‌وتون".
له‌ ساڵی 2018دا 170 كه‌یسی گه‌نده‌ڵی ئاڕاسته‌ی دادگا تایبه‌تمه‌نده‌كانی كه‌تن و تاوان کراوە

 

رونیشیکردەوە، له‌ ساڵی 2018دا 170 كه‌یسی گه‌نده‌ڵی ئاڕاسته‌ی دادگا تایبه‌تمه‌نده‌كانی كه‌تن و تاوان کراوە، کە 33 كه‌یسیان یه‌كلاكراونه‌ته‌وه‌ و 117 كه‌یسش له‌ دادگایه‌ و 30 كه‌یسیش گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

سه‌رخێل هاشم ئەوەشی وت، له‌ فه‌رمانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ دادوه‌ری ده‌ستگیركردن و ئاماده‌كردن 111 بڕیار دەرچوە، کە 140 بڕیاری ئاماده‌بون دەرچوە كه‌ 82 جێبه‌جێكراوه‌ و 58 جێبه‌جێنه‌كراون، هەروەها 57 بڕیاری ده‌ستگیركردنی دەرچوە و 29یان جێبه‌جێكراون و 28 جێبه‌جێنه‌كراون.
به‌های گه‌نده‌ڵی لە هەرێمی کوردستان به‌ بڕی زیاتر 275 ملیار و 720 ملیۆن دینار خه‌ملێنراوه‌

 

راشیگەیاند، به‌های گه‌نده‌ڵی لە هەرێمی کوردستان به‌ بڕی زیاتر 275 ملیار و 720 ملیۆن دینار خه‌ملێنراوه‌، زیاتر له‌ 17 ملیۆن دینار ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌ و ته‌نها زیاتر له‌ پێنج ملیار و 381 ملیۆن دیناریش گەڕێندراوەتەوە.

نیشانەکردن :

#هه‌رێمی‌ كوردستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP