دوای دو مانگ كۆبونەوە لەگەڵ کەسایەتی و خەڵکی فەڕەنسا
ئیمانوێل ماكرۆن گۆڕانكاری لە سیاسەتی وڵاتەكەی رادەگەیەنێـت

- 4/15/2019 11:19:00 AM 2629 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەسەر بنەمای رەخنە و تێبینیەكانی دو مانگی رابردوی كۆبونەوە و گفتوگۆ گشتیەكان لە لایەن رای گشتی و كەسایەتی وخەڵكی وڵاتەكەوە ئەنجامدرا، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا ئەمڕۆ زنجیرەیەك گۆرانكاری لە سیاسەتی وڵاتەكەیدا رادەگەیەنێت.

بەپێی تۆڕی هەواڵی France 24، كاتژمێر 8:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە بە كاتی ناوخۆی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا بەشێوەیەكی راستەخۆ لەرێگەی تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەوە "یەكەمین پێوانە كۆنكریتیەكان" سەبارەت بە گۆڕانكاریەكان لە سیاسەتی وڵاتەكەیدا رادەگەیەنێت، كە لە وەڵامی گرژیەكانی ئەم دواییەی وڵاتدا زیاتر لە 10 هەزار گفتوگۆ لە سەرتاسەری وڵات ئەنجامدراوە و نزیكەی دو ملیۆن کەسیش لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بەشداریان تێدا كردوە.
ماكرۆن لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2017ەوە جگە لەو كاتانەی لەگەڵ سەرۆكی وڵاتە بیانیەكاندا كۆبوەتەوە هیچ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام نەداوە

 

هاوكات نوسینگەی سەرۆكایەتی فەڕەنسا رایگەیاندوە، بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر گۆرانكاریە سیاسیەكانی وڵات دوای دو رۆژ ماكرۆن كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدەدات، ئەوەش هەنگاوێكی دەگمەنی سەرۆكی فەڕەنسایە كە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2017ەوە جگە لەو كاتانەی لەگەڵ سەرۆكی وڵاتە بیانیەكاندا كۆبوەتەوە هیچ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام نەداوە.
بڕیارمانداوە توڕەییەكان بە چارەسەر بگۆڕین

 

ئێمانوێل ماكرۆن، لەرێگەی ڤیدیۆیەكی كورتەوە كە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردوەتەوە، بە "گۆڕانكاری قوڵ و بنەڕەتی" لە سیاسەتی وڵاتەكەیدا پەیمانیداوە و نوسیویەتی، "بڕیارمانداوە توڕەییەكان بە چارەسەر بگۆڕین".

هەروەها سوپاسی خەڵكی وڵاتەكەی كردوە كە لە ماوەی چەند مانگی رابردودا بەشداریان لە گفتوگۆ فراوانەكاندا كردوە و رای خۆیان خستوەتەڕو ئەمڕۆ دوشەممە وەڵامیان دەدەنەوە.
ناڕەزاییەكانی خۆپیشاندەرانی فەڕەنسا هێواش هێواش بەرفراوانی بەرچاوی بەخۆوە بینوە

 

ناڕەزاییەكانی خۆپیشاندەرانی فەڕەنسا لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردودا بەهۆی باجی سوتەمەنی و نایەكسانی لە ناوچەكانی دەرەوەی شار لە فەڕەنسا دەستیپێكرد، هێواش هێواش بەرفراوانی بەرچاوی بەخۆوە دەبینی تا زۆرینەی شارەكانی وڵاتەكەی گرتەوە و لەژێر ناوی "هێلەك زەردەكان"دا بە دەیان هەزار خۆپیشاندەر رۆژانی شەممە دەڕژانە سەر شەقامەكانی پاریس.

دواتر لە هەنگاوێكدا بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر، ئیمانوێل ماكرۆن، داوای لە نوێنەرانی خۆپیشاندانەكان و كەسایەتیەكان و رای گشتی خەڵكی وڵاتەكەی كرد، كۆبونەوە و گفتوگۆی بەرفراوان ئەنجامبدەن و وا بڕیارە ئەمڕۆ دوشەممە دوای دو مانگ لە بەڕێوەچونی گفتوگۆكان، ماكرۆن دەرەنجامەكان بخاتەڕو.

نیشانەکردن :

#فه‌ڕه‌نسا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP