ئەمریكا: هەمو هەوڵێك دەدەین هۆكاری قەیرانەكانی ڤەنزوێلا بخەینە ئەستۆی مادورۆ

- 4/15/2019 10:05:00 AM 570 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیر دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی هەمو هەوڵێكی خۆی دەخاتەگەڕ تا هۆكاری قەیرانەكانی ڤەنزوێلا بخاتە ئەستۆی سەرۆكی ئەو وڵاتە، هاوکات بەهۆی پشتیوانیكردنی سەرۆكی ڤەنزوێلا هەڕەشەی لە هەریەك لە روسیا و كوبا كرد.

مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، لەمیانی لێدوانێكیدا لە شاری كوكوتا-ی سنوری كۆڵۆمبیا رایگەیاند، "ئەمریكا سەجەم هەوڵە سیاسی و ئابوریەكانی بەكاردەهێنێت تا هۆكاری قەیرانەكانی ئێستای ڤەنزوێلا بخاتە ئەستۆی نیكۆلاس مادورۆ، سەرۆكی ڤەنزوێلا".

ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ هەریەك لە كوبا و روسیای روندەكەینەوە باجی ئەوە دەدەن كە پشتگیری لە مادورۆ دەكەن".

سەردانەكەی پۆمپیۆ بۆ كوكوتا لەمیانی گەشتێكی سێ رۆژەیدا بو بۆ وڵاتانی چیلی و پاراگوای و پیرو، كە ژمارەیەك وڵاتی خێرا پێشكەوتوی ناوچەكەن و بونەتە جێی دڵەراوكێی واشنتن سەبارەت بە قەیرانەكانی ڤەنزوێلا و گەورەبونی پێگەی چین لە ناوچەكەدا.

لە ئێستادا شاری كوكوتا ژمارەیەكی زۆر لە پەنابەرانی ڤەنزوێلای لەخۆگرتوە، كە بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی ڤەنزوێلاوە وڵاتەكەیان بەجێهێشتوە و بەپێی سەرچاوەكان تا ئێستا بەهۆی قەیرانی سیاسی و ئابوری و نەبونی خواردن و دەرمانی پێویست زیاتر لە سێ ملیۆن خەڵكی ڤەنزوێلا وڵاتەكەیان جێهێشتوە.

لە درێژەی وتەكانیدا بۆ پەنابەرانی ڤەنزوێلا لە كوكوتا پۆمپیۆ وتی، "پەیماندەدەین لە رێگەی سەپاندنی سزا و رەتكردنەوەی ڤیزا و رێگەكانی دیكەوە گەندەڵی و پێشێلكاریەكانی دیموكراتی بخەینە ئەستۆی بەرپرسانی ئەو وڵاتە".

لە لێدوانێكیشیدا بۆ رۆژنامەنوسانی پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەكرد، "تەنگژە و چەڵەمە سیاسی و ئابوریەكان لە ملی مادورۆ ئاڵاوە، پێویستە خەڵكی كوبا ئەوە بزانن باجی پشتگیری كردنی نیكۆلاس مادورۆیان لەسەرە و هەمان شت بە روسیا رادەگەینین".

دوابەدوای خۆناساندنی گوایدۆ وەك سەرۆكی كاتی وڵات لە مانگی كانونی دوەمی ئەمساڵدا، حكومەتی واشنتن بە مەبەستی فشارخستنەسەر مادورۆ و دورخستنەوەی لە دەسەڵات زنجیرەیەك سزای یەك لە دوای یەكی بەسەر حكومەتەكەی مادورۆدا سەپاند، بەڵام تا ئێستاش بە پشتیوانی سوپای ڤەنزوێلا لەسەر تەختی سەرۆكایەتی ماوەتەوە

سەرەڕای ئەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ژماریەكی زۆری وڵاتانی رۆژئاوا، خوان گوایدۆ-ی سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلایان وەك سەرۆكی كاتی وڵات ناساندوە، بەڵام هەریەك لە وڵاتانی روسیا و چین و كوبا پشتگیری لە نیكۆلاس مادورۆ، سەرۆكی ڤەنزوێلا دەكەن.

هاوكات نیكۆلاس مادورۆ، ویلایەتە یەكگرتوەكان بە هۆكاری قەیرانەكانی وڵاتەكەی ناودەبات و خوان گوایدۆ-ی سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی كە لە ئێستادا خۆی بە سەرۆكی كاتی وڵات ناساندوە بە "بوكەڵەی ویلایەتە یەكگرتوەكان" ناودەبات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP