کۆشکی سپی: ترەمپ پێشوەخت زانیاری لەسەر دەستگیرکردنی دامەزرێنەری ویکلیکس نەبوە

- 4/15/2019 8:40:00 AM 4312 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

راوێژکارێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، پێیان وانیە سەرۆکی ئەمریکا پێشوەخت ئاگادار بوبێت پۆلیسی بریتانیا جولیان ئاسانج، دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویکیلیکس دەستگیر دەکات.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، کیڵیان کۆنوەی، راوێژکاری کۆشکی سپی لەبارەی ئاگاداری ئەمریکا لە دەستگیرکردنی جولیان ئاسانج، دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویکیلیکس رایگەیاندوە، "ئەوەندەی من ئاگاداربم نەخێر."

پێنجشەممەی رابردو 11-4-2019  پۆلیسی بریتانیا ئاسانج-یان لە باڵیۆزخانەی ئیکوادۆر لە لەندەن هێنایە دەرەوە، کە ساڵی 2012دا پەنای بۆ ئەوێ بردبو تاوەکو رادەست نەکرێت.

نوێنەرانی دادوەری گشتی لە ئەمریکا دواتر تۆمەتیان ئاڕاستەی ئاسانج کرد و بە تۆمەتی کارکردن و پلاندانان لەگەڵ شیکەرەوەی پێشوی زانیارییەکانی هەواڵگری سوپا چێڵسی مانینگدا بۆ گەیشتن بە کۆمپیوتەرەکانی حکومەتی ئەمریکا تۆمەتباریان کرد.

وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاندووە، بەپێی پەیماننامەی رادەستکردنی تاوانباران لە نێوان ئەمریکا و بریتانیادا ئاسانج دەستگیرکراوە.

پارێزەرانی ئاسانج رایانگەیاندوە، ئەگەر رادەستی ئەمەریکا بکرێتەوە ئەوا لەوانەیە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان ببێتەوە، ئەو تۆمەتانەش زیان بە ئازادی رۆژنامەگەری دەگەیەنێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP