ئەنجومەنی سەربازی سودان لە ژمارەیەك پۆستی باڵادا گۆڕانكاریدەكات

- 4/14/2019 10:34:00 PM 1734 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەنجومەنی سەربازی سودان لەكار لابردنی هەریەك لە وەزیری بەرگری و بەرپرسی دەزگای پاراستن و دو باڵیۆزی وڵاتەكەی راگەیاند.

بەپێی میدیا ناوخۆییەكانی سودان، ئەمڕۆ یەكشەممە، ئەنجومەنی سەربازی سودان رایگەیاندوە، هەریەك لە عەوز بن عەوف، وەزیری بەرگری و سەڵاح قوش، بەرێوەبەری دەزگای پاراستن-ی وڵاتەكەی لەگەڵ دو باڵیۆزی ولاتەكەی لە كارەكانیان دورخستوەتەوە.

شەمسەدین كوباشی ئیبراهیم، وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی سودان لە راگەیەندراوێكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەكرد "ئەنجومەنەكە بە مەبەستی رێكخستنەوە و نوێكردنەوەی پێكهاتەی دەزگای ئاسایش و پاراستنی وڵات، ئەو گۆرانكاریانە لە پۆستەكاندا ئەنجامدەدەن"، دواتر و لە بڕیارێكی دیكەدا، ئەنجومەنەكە بریاریدا باڵیۆزەكانی وڵاتەكەی لە هەریەك لە واشنتن و جنێف لەكار دوربخاتەوە.

 

سەرجەم ئەو ئەفسەرانەی دەستگیركرابون لە ئێستادا ئازادكراون



هاوكات وتەبێژی ئەنجومەنەكە رایگەیاند "سەرجەم ئەو ئەفسەرانەی بە تۆمەتی بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكان دەستگیركرابون لە ئێستادا ئازادكراون" و ئاماژەی بەوەشكرد "لەبری ئەو بەرپرسانەی لە كارەكانیان لابراون كەسانی نوێ خراونەتە شوێنیان".

ئەوەش لەكاتێكدایە بە مەبەستی گۆرینی حكومەتی راگوزەری سەربازی بە حكومەتێكی مەدەنی ، تا ئێستا خۆپیشاندانەكانی سودان لە بەردەوامیدایە.


نیشانەکردن :

#سودان #خۆپیشاندان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP