چیرۆكی سەردانەكەی سەرۆك بەرهەم
راوێژكارێك: كاتێك سەرۆك كۆمار دیمەنی گۆڕەكەی بینی نەیتوانی بەسەر خۆیدا زاڵ بێت

- 4/14/2019 10:30:00 PM 28575 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

راوێژكارێكی سەرۆك كۆماری عێراق كە ئەمڕۆ یاوەری سەرۆك بەرهەمی كردوە بۆ پارێزگای سەماوە چیرۆكی سەردانەكە دەگێڕێتەوەو رایگەیاندوە، بەو هێلیكۆپتەرانەی ئەنفالی پێ ئەنجام دەدرا، ئەمڕۆ نوێنەری كەسوكاری ئەنفالكراوان و سەرۆك بەرهەم چونە سەماوە، دەشڵێت: "سەرۆك بەرهەم به‌ر له‌ نیشتنه‌وه‌ی فرۆکه‌که‌ که‌ گۆڕه‌که‌ی بینی کێشای به‌ نێوچاوانی خۆیدا و نه‌یتوانی به‌سه‌ر ئینفعالی خۆیدا زاڵ بێ".
31 ساڵ به‌رله‌ئێستا کۆشکی کۆماری عیراق و خودی سه‌رۆکه‌که‌ی، هه‌موو ئه‌و توانایه‌ی له‌ کوشتن و جه‌نگ و ماڵوێرانی که‌ڵه‌که‌ی کردبوو، دژی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی کورد له‌ سه‌رتاپای کوردستان خستبوه‌گه‌ڕ

 

ئەمڕۆ سەرۆك كۆماری عێراق بەیاوەری نوێنەری كەسوكاری ئەنفالكراوان و جینین هینس نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق سەردانی پارێزگای سەماوەی كرد و لەو گۆڕە بەكۆمەڵەی كە تازە دۆزرایەوە وتارێكی پێشكەشكرد.

توانا ئەحمەد راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق لە نوسینێكدا لەژێر ناونیشانی (د. به‌رهه‌م و سه‌دام حسێن) چیرۆكی سەردانەكەی گێراوەتەوەو  نوسیویەتی:" هه‌ستێکی یه‌کجار جیاوازه‌، 31 ساڵ به‌رله‌ئێستا کۆشکی کۆماری عیراق و خودی سه‌رۆکه‌که‌ی، هه‌موو ئه‌و توانایه‌ی له‌ کوشتن و جه‌نگ و ماڵوێرانی که‌ڵه‌که‌ی کردبوو، دژی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی کورد له‌ سه‌رتاپای کوردستان خستبوه‌گه‌ڕ و سه‌ره‌نجام خه‌ڵکێکی بێشومار به‌دڕندانه‌ ترین شێوه‌ له‌ناوبران".

بەو هێلیكۆپتەرانەی ئەنفالی پێ ئەنجام دەدرا، ئەمڕۆ نوێنەری كەسوكاری ئەنفالكراوان و سەرۆك بەرهەم چونە سەماوە

 

راوێژكارەكەی سەرۆك بەرهەم لە بەشێكی دیكەی گێڕانەوەكەدا دەشڵێت:" دوای ٣١ ساڵ و له‌هه‌مان کۆشکی کۆماری و له‌ لایه‌ن خودی سه‌رۆک کۆماره‌وه به‌و هێلی کۆپته‌رانه‌ی ئه‌نفالیان پێ ئه‌نجام ئه‌درا، ژماره‌یه‌ک که‌سوکاری قوربانیانی ئه‌نفال، هاوشانی خۆی به‌ره‌و بیابانی سه‌ماوه‌و نوگره‌ سه‌لمان به‌ڕێکه‌وتن بۆ به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌ی له‌وێ تازه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌".توانا ئەحمەد دەشڵێت:" دوای دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌، کاک به‌رهه‌م بڕیاریدا که‌ ئاماده‌کاری ئه‌وه‌ بکه‌ین له‌وێ، له‌گه‌ڵ ئێسک و پروسک و موستیله‌و گواره‌و ملوانکه‌ی بێنازکراوی ئه‌و قوربانیانه‌ و به‌ ئاماده‌بوونی کچ و کوڕ و هه‌ندێ له‌وانه‌ی رزگاریان بووه‌، یادی کاره‌ساتباری ئه‌نفال بکه‌ینه‌وه".

به‌ره‌به‌یانی 14/4/2019 و هه‌مان رۆژی ساڵی 1988 دوو رێکه‌وتی ته‌واو جیاواز که‌وتنه‌وه‌

 

توانا ئەحمەد نهێنیەكی سەردانەكە ئاشكرادەكات و دەڵێت:"به‌ره‌به‌یانی 14/4/2019 و هه‌مان رۆژی ساڵی 1988 دوو رێکه‌وتی ته‌واو جیاواز که‌وتنه‌وه‌، به‌ره‌به‌یانی 14/4/1988 سه‌دام ئاماده‌کاری زیاتری ئه‌نفال و کوشتنی خه‌ڵکی کوردستانی ئه‌کرد، به‌ڵام 14/4/2019 سه‌عات 7 ی به‌یانی د.به‌رهه‌م گه‌شته‌ گۆڕه‌پانی کۆشک که‌ سێ کۆپته‌ری تایبه‌ت ئاماده‌بون بۆ گواستنه‌وه‌ی سه‌رۆک و که‌سوکاری قوربانیانی ئه‌نفال بۆ بیابانی سه‌ماوه‌، که‌ کاک به‌رهه‌م گه‌یشته‌ ناو ئاماده‌بوان، زۆربه‌یانی له‌ نزیکه‌وه‌ ئه‌ناسی و پاش که‌مێک وه‌ستان به‌ڕێکه‌وتین، ئه‌و مه‌به‌ستی بو هه‌ندێک له‌ که‌سوکاری قوربانیه‌کان له‌هه‌مان فرۆکه‌ سه‌ربکه‌ون که‌خۆی تیابو، جگه‌ له‌ نوێنه‌ری سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان، که‌ به‌ وردی له‌ناو فرۆکه‌که‌ تاوانه‌که‌ی بۆ باسکرد".

به‌درێژایی رێگا که‌ یه‌ک سه‌عات و چاره‌گی پێچوو، چه‌ندین جار کاک به‌رهه‌م ئاوڕی له‌وانه‌ ده‌دایه‌وه‌و ئاخی قوڵی ئه‌کێشا 

 

راوێژكارەكەی سەرۆك بەرهەم لە درێژەدا نوسیویەتی:"به‌درێژایی رێگا که‌ یه‌ک سه‌عات و چاره‌گی پێچوو، چه‌ندین جار کاک به‌رهه‌م ئاوڕی له‌وانه‌ ده‌دایه‌وه‌و ئاخی قوڵی ئه‌کێشا و چه‌ندین جاریش دوپاتی کرده‌وه‌ که‌ هه‌ستێکی جیاوازی هه‌یه‌ که‌ شان به‌ شانی قوربانیانی ئه‌نفال، وه‌ک سه‌رۆک کۆمار و له‌ ناو فرۆکه‌یه‌ک که‌ ٣١ ساڵ پێش ئێستا هاوشێوه‌که‌ی بۆ کوشتن و قڕکردنیان به‌کار ئه‌هات، به‌ره‌و بیابیانی سه‌ماوه‌ به‌ڕێوه‌یه‌".

سەرۆك بەرهەم به‌ر له‌ نیشتنه‌وه‌ی فرۆکه‌که‌ که‌ گۆڕه‌که‌ی بینی کێشای به‌ نێوچاوانی خۆیدا و نه‌یتوانی به‌سه‌ر ئینفعالی خۆیدا زاڵ بێ

لەساتی بینیی گۆڕە بەكۆمەڵەكەی سەماوە سەرۆك كۆماری عێراق توشی ئینفعال دەبێت و توانا ئەحمەد دەڵێت:"کاک به‌رهه‌م داوای کرد که‌ به‌ مۆبایله‌که‌ی خۆی وێنه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ میوانه‌کان له‌ناو فڕۆکه‌که‌ بگرم، وتی مه‌به‌ستمه‌ به‌ مۆبایله‌که‌م وێنه‌یه‌ک بۆ خۆم بگرم و من وێنه‌که‌م گرت، به‌ر له‌ نیشتنه‌وه‌ی فرۆکه‌که‌ که‌ گۆڕه‌که‌ی بینی کێشای به‌ نێوچاوانی خۆیدا و نه‌یتوانی به‌سه‌ر ئینفعالی خۆیدا زاڵ بێ".

زه‌بروزه‌نگ چه‌نده‌ زۆر و سته‌م چه‌نده‌ درێژ بێت هه‌ر کۆتایی دێت

 

یەكێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوان لەناو كۆشكی سەلام بە سەرۆك كۆماری عێراق دەڵێت ئەوەی ویستمان تۆ كرد، لەو بارەیەوە توانا ئەحمەد نوسیویەتی:" له‌گه‌ڕانه‌وه‌ماندا له‌گه‌ڵ خاتوو جینین نوێنه‌ری تایبه‌تی سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان و کاک فاتح سه‌نگاوی و کاک عه‌لا موسه‌وی و خاتوو خانم له‌گه‌ڵ کاک به‌رهه‌م باسمان له‌وه‌ ئه‌کرد که‌ زه‌بروزه‌نگ چه‌نده‌ زۆر و سته‌م چه‌نده‌ درێژ بێت هه‌ر کۆتایی دێت، که‌ گه‌یشتینه‌وه‌ به‌غداو کۆشکی سه‌لام جارێکی تر له‌ ئۆفیسی خۆی، کاک به‌رهه‌م له‌گه‌ڵ که‌سوکاری قوربانیانی ئه‌نفال کۆبوه‌وه، یه‌کێک له‌ ئاماده‌بوان وتی(خۆم ئاماده‌کردبو قسه‌ی زۆر بکه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئه‌مانویست و چاوه‌ڕێی بوین، تۆ کردت).

سەرۆك كۆمار ونوێنەری كەسوكاری ئەنفالكراوان لە كۆشكی سەلام لە بەغداد

 

لە كۆتاییدا راوێژكارەكەی سەرۆك كۆماری عێراق دەڵێت:"ئه‌مڕۆ بۆ منیش رۆژێکی جیاواز بوو، 31 ساڵ پێش ئێستا من و سه‌دان هه‌زاری وه‌ک من له‌ ترسی سه‌رۆک کۆماری ئه‌وسای عیراق ژیانمان پڕبوو له‌ تاڵی و ترس و نیگه‌رانی، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هاوشانی سه‌رۆک کۆمار له‌ نوگره‌ سه‌لمان یادی ئه‌نفال کرایه‌وه‌، ئه‌وسا حکومه‌تی عیراق ئاماده‌کاری زینده‌به‌چاڵکردنی کوردی ئه‌کرد، ئێستا حکومه‌تی عیراق ئاماده‌کاری هه‌ڵدانه‌وه‌و ناردنه‌وه‌ی شایسته‌ی روفاته‌کانیان ئه‌کات، من ئه‌مڕۆ به‌ کرده‌وه‌ له‌جیاوازی سه‌رده‌می سه‌دام و د. به‌رهه‌م گه‌یشتم".

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP