"رێگە بە سیسی دەدات تا 2030 لە دەسەڵات بمێنێتەوە"
لەسەر پرۆژە یاسایەك بۆ هەمواركردنەوەی دەستوری میسر دەنگدەدرێت

- 4/14/2019 8:46:00 PM 1702 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی میسر رایگەیاند، بڕیار وایە ئەم هەفتەیە ئەنجومەنەكە لەسەر هەمواركردنەوەی دەستوری میسر دەنگبدات كە تێیدا رێگە بە سەرۆكی ئێستای میسر دەدات تا ساڵی 2030 لە دەسەڵات بمێنێتەوە.


عەلی عەبدولعال، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی میسر ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند، بڕیاروایە رۆژی سێشەممە 16ی نیسان، ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەكەی لەسەر هەمواركردنەوەی دەستوری وڵات دەنگبدەن كە رێگە بە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی ئێستای میسر دەدات تا ساڵی 2030 لە پۆستەكەی بمێنێتەوە.

 

بەپێی دەستوری ئێستا ماوەی سەرۆكایەتی سیسی 2020 كۆتاییدێت



ئەوە لەكاتێكدایە، بەپێی دەستوری ئێستای میسر، ماوەی سەرۆكایەتی سیسی كە چوار ساڵە و لە ئێستادا لە خولی دوەم و كۆتاییدایە، ساڵی 2020 كۆتاییپێدێت.

 

سەرۆكایەتیەكە دو ساڵ درێژدەكرێتەوە و مافی سەرۆكایەتی شەش ساڵی داهاتوتری پێدەبەخشێت



بەپێی ئەو زانیاریانەی ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردوەتەوە، لە هەمواری یاساكەدا هاتوە، ماوەی سەرۆكایەتی ئێستای سیسی بۆ دو ساڵی دیكە درێژدەكرێتەوە و دواتر مافی ئەوەی هەیە بۆ ماوەی شەش ساڵی داهاتوتر بۆ پۆستی سەرۆكایەتی خۆی هەڵبژێرێتەوە.

 

هەمواری یاساكە پێشتر رێگەی پێداوە تا 2034 لە دەسەڵات بمێنێتەوە



هاوكات پێش دانوستانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئەو بابەتە، هەمواری یاساكە رێگەی بە سیسی دەدا تا ساڵی 2034 لە پۆستی سەرۆكایەتیەكەدا بمێنێتەوە، بەوپێیە، لە ئەگەری پەسەندكردنی ئەو یاسایەدا لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی میسرەوە، دواتر لە رێكەوتێكی دیاریكراودا دەنگدان لەسەر گشتپرسی ئەنجامدەدرێت. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP