عەرعەر جوگرافیای زوڵم و حوکمی مێژو
کەسوکاری ئەنفالکراوەکان لەقوربانی دەستی سەدامەوە بۆ یاوەری سەرۆک

- 4/14/2019 8:41:00 PM 22340 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-بەشی راپۆرت و شیكاری

ئەمڕۆ لە یادی 31 ساڵەی زیندەبەچاڵكردنی 182 هەزار مرۆڤی بێتاوانی نەتەوەی كورد، سەرۆككۆماری عێراق رایگەیاند: ئەنفال پەندێكی گەورەیە و زوڵم بۆ کەس ناچێتەسەر، نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكانیش وتی: بەڕاستی بۆ من زۆر كاریگەرە كە لێرەم لەگەڵ ئێوە، لەگەڵ ئەو رزگاربوانەی كە لەگەڵ یادەوەریە ناخۆشەكانی ئەو روداوە ترسناكەدا هەمو رۆژێك ململانێ دەكەن، راوێژكارێكی سەرۆك كۆماریش نهێنی سەیری سەردانەكە ئاشكرا دەكات، نوێنەری كەسوكاری ئەنفالكراوانیش دەڵێت: وتارەكەی سەرۆك كۆمار لە سەماوە زۆر تایبەت و نەوعی بو. دوای گەیشتنی بە پارێزگای سەماوە، سەرۆك كۆماری عێراق لە وتارێكدا لە یادی ئەنفالدا رایگەیاند:"لە ساڵیادی ئەنفالدا لەگەڵ کەسوکاری خۆم لە ئەنفالکراوەکان هاتومەتە خزمەتان، هاتوینەتە بیابانی سەماوە، لەکاتێکدا لە دوای 31 ساڵ گۆڕێکی تری بەکۆمەڵی خەڵکی لێقەوما و مەزڵومی کوردستان دەدۆزینەوە".

وێنەی سەرۆك كۆمار لەكاتی پێشكەشكردنی وتارێك لە پارێزگای سەماوە كە دایكێكی كەسوكاری ئەنفال لەتەنیشتیەتی
سەدام بەجێگەی حەقی خۆی گەیشت، بەسزای خۆی گەیشت، کەسوکاری ئەنفالیش ئەمڕۆ هاتون بۆ بەسەرکردنەوەی ئازیز و نازدارەکانیان

 

سەرۆك بەرهەم وتیشی:"تاوانەکانی رژێمی پێشو، تاوانی گەورە بون دژ بە مرۆڤایەتی بۆ ریشەکێشکردنی بوونی نەتەوایەتی و ناسنامەی خەڵکی کوردستان، سەدام بەجێگەی حەقی خۆی گەیشت، بەسزای خۆی گەیشت، کەسوکاری ئەنفالیش ئەمڕۆ هاتون بۆ بەسەرکردنەوەی ئازیز و نازدارەکانیان"وتیشی:"ئەو رۆژگارەی سەدام پشتیوانی هەموو دونیای هەبو، خەڵکی کوردستان و خەڵکی عێراقیش تەنیا روبەڕوی داپڵۆسین و راگواستن و کیمیاباران و ئەنفال دەبونەوە".

پێویستە هەم خەڵکی کوردستان هەم پێکهاتەکانی تری عێراق خەڵکە پەرۆش و دیموکرات خوازەکان پێکەوەبین

 

وتیشی:"پێویستە هەم خەڵکی کوردستان هەم پێکهاتەکانی تری عێراق خەڵکە پەرۆش و دیموکرات خوازەکان پێکەوەبین، هەماهەنگ بین، هاوکاربین، نەهێڵێین جارێکی تر دیکتاتۆریەت روبکاتەوە ئەم وڵاتە، نەهێڵین جارێکی تر خێر و بێری ئەم وڵاتە بۆ داپڵۆسین و کوشتن و لەناوبردن بێت".

بۆ ویژادن و بۆ مێژوش ئەو سەردەمانە خەڵکی سەماوە باوەشیان بۆ زۆر لە رزگاربوانی ئەنفال کردەوە

 

سەرۆك بەرهەم لە درێژەی وتارەكەیدا وتی:"بۆ ویژادن و بۆ مێژوش ئەو سەردەمانە خەڵکی سەماوە باوەشیان بۆ زۆر لە رزگاربوانی ئەنفال کردەوە و هەماهەنگ و هاوسۆز بون لەگەڵمان، ئەوانیش وەکو ئێمە دوچاری زوڵم و نەهامەتی و داپڵۆسینی سەدام بون".

ئەمڕۆ شانازی ئەکەم لەگەڵ ئەم کەسوکارەم، شانازی ئەکەم لەگەڵ کۆمەڵێک کوڕ و کچی تری ئەنفالیشم

 

سەرۆك كۆماری عێراق وتیشی:"ئەمڕۆ شانازی ئەکەم لەگەڵ ئەم کەسوکارەم، شانازی ئەکەم لەگەڵ کۆمەڵێک کوڕ و کچی تری ئەنفالیشم، کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفالەوە گەڕاونەتەوە و ئێستا پێگەیشتون، مامۆستای زانکۆن، خەڵکی پسپۆڕ و لێهاتوون".

وێنەی سەرۆك كۆمار لەكاتی پێشكەشكردنی وتارێك لە پارێزگای سەماوە كە دایكێكی كەسوكاری ئەنفال لەتەنیشتیەتی
پێویستە لە بیرمان نەچێتەوە کە ئێمە قەرزارباری کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوانین

 

سەرۆك بەرهەم وتیشی :"پێویستە لە بیرمان نەچێتەوە کە ئێمە قەرزارباری کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوانین، چیمان پێبکرێت بۆیان کەمتەرخەمی ناکەین، من دڵنیایان دەکەم چۆن لە کوردستان لە خزمەتیانا بوم وەهەوڵمداوە ئەوەی پێمبکرێت بۆیان دابین بکەین، لە بەغداشەوە بەهاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەزگاکانی و لەگەڵ خەڵکە خێرخواو دڵسۆزەکان بۆ ئەوانیش و کەسوکاری گۆڕە بەکۆمەڵەکانی خواروی ناوچەکانی تری عێراق هەماهەنگ بین".

نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان: بۆ من زۆر كاریگەرە كە لێرەم لەگەڵ ئێوە، لەگەڵ نوێنەرانی ئەو خێزانانەدا كە تا ئێستاش بەشوێن خۆشەویستانیاندا دەگەڕێن

 

لە وتارێكیشدا جینین هینس نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق كە یاوەری سەرۆك كۆماری دەكرد وتی:"بەڕاستی بۆ من زۆر كاریگەرە كە لێرەم لەگەڵ ئێوە، لەگەڵ نوێنەرانی ئەو خێزانانەدا كە تا ئێستاش بەشوێن خۆشەویستانیاندا دەگەڕێن، لەگەڵ ئەو رزگاربوانەی كە لەگەڵ یادەوەریە ناخۆشەكانی ئەو روداوە ترسناكەدا هەمو رۆژێك ململانێ دەكەن".

وێنەی جینین هینس نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لەیادی ئەنفال لە سەماوە وتار پێشكەش دەكات
زۆر جێی سەرنجە كە چەند دەیەیەك لەمەوبەر سەرۆكێك هەبوە لەگەڵ گەلەكەی بەشێوەیەك مامەڵەی كردوە كە ئێستا لێرە بەمشێوەیە دەیانبینین

 

جینین هینس وتیشی:"بە بەڕێز سەرۆكم (د.بەرهەم) راگەیاند، زۆر جێی سەرنجە كە چەند دەیەیەك لەمەوبەر سەرۆكێك هەبوە لەگەڵ گەلەكەی بەشێوەیەك مامەڵەی كردوە كە ئێستا لێرە بەمشێوەیە دەیانبینین، ئەمڕۆش ئێمە لەگەڵ سەرۆك بەهەم ساڵح و نەتەوە یەكگرتوەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خاچی سور لێرەین، تا لەگەڵ روداوە ترسناكەكانی رابردودا مامەڵە بكەین، تا ئاشتی دروستبكەین".

لەوپەڕی گرنگیدایە كە لە دۆزینەوەی رێگە دروستەكە بەردەوامبین

 

نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان وتیشی:"من زۆر ئومێدەوارم كە بتوانین كارەكان رێكبخەین، بتوانین لە ئەزمونەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خاچی سور سود وەربگرین، چونكە ئەوە لەوپەڕی گرنگیدایە كە لە دۆزینەوەی رێگە دروستەكە بەردەوامبین، من لێرە قولترین و زۆرترین رێزی خۆم ئاراستەی هەموتان دەكەم، بۆ من زۆر كاریگەرە كە لێرەبم ئەمڕۆ، زۆر سوپاس".

نوێنەری كەسوكاری ئەنفالكراوان:ئەم سەردانەی ئەمڕۆ گواستنەوەیەكی جۆرایەتی بو لە یادكردنەوەی كارەساتی ئەنفال بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان

 

فاتح سەنگاوی یەكێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوان كە ئەمڕۆ وەك نوێنەری كەسوكاری ئەنفالكراوان ئامادەی رێورەسمی یادكردنەوەی كارەساتی ئەنفال بو لە پارێزگای سەماوە بە خەندان-ی راگەیاند:"ئەم سەردانەی ئەمڕۆ گواستنەوەیەكی جۆرایەتی بو لە یادكردنەوەی كارەساتی ئەنفال بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان، كە لەهەمانكاتدا ئەو گۆڕە بەكۆمەڵەش دۆزرایەوە و ئەو سۆزە جەماوەریەی لەوێ هەبو، هەنگاوێكی ئیجابی بو بۆ راكێشانی سۆزی عێراقیەكان بۆ ئەم كەیسەو بەكارهێنانی بۆ خزمەتی كەسوكاری ئەنفالكراوان و قەزیەی نەتەوەی كورد".

سەرۆك كۆماری عێراق لەكاتی پێشكەشكردنی وتار لە یادی 31 ساڵەی ئەنفال بۆ سەرۆك عەشیرەتەكانی سەماوە

وتیشی:"وەك نوێنەری كەسوكاری ئەنفالكراوان لەوێ بوین و وتارمان هەبو، بۆیە دەتوانم بڵێم كارێكی تایبەت و نەوعی بو".

فاتح سەنگاوی رۆڵی سەرۆك كۆماری عێراقی بەرزنرخاندو رایگەیاند: ئێمە ئەزمونمان لەگەڵ د.بەرهەم هەیە، لەرابردوشدا یەكێك بوە لەو كەسانەی ئەم كەیسەی بردۆتە پێشەوە، لە رابردودا دەورو رۆڵی هەبوە، سازدانی ئەم یادەش لە سەماوە گرنگی خۆی هەیە، لەناو هۆڵەكەی پارێزگاكە بە ئامادەبونی بەشێكی زۆر لە سەرۆك عەشیرەتەكان، وتارێكی زۆر تایبەتی پێشكەشكرد و كارێكی گرنگ و لەخزمەت كەیسەكەدا بو".

فاتح سەنگاوی نوێنەری كەسوكاری ئەنفالكراوان لەكاتی پێشكەشكردنی وتار لە سەماوە
فاتح سەنگاوی دایكی و خوشكێكی و دو خاڵی و نزیكەی 20 كەس لە بنەماڵەكەی ئەنفالكراون و چارەنوسیان نادیارە

 

فاتح سەنگاوی كە دایكی و خوشكێكی و دو خاڵی و نزیكەی 20 كەسی دیكەی بنەماڵەكەشیان ئەنفالكراوە بۆ خەندان راشیگەیاند: كە هەتا ئێستا نەیانتوانیوە چارەنوسی كەسوكاریان دیاریی بكەن و تەنها ئەوەندە نەبێت دڵنیابونەتەوە كە كەسوكارەكەیان نەماون و لەگۆڕە بەكۆمەڵەكاندان و تا ئەو كاتەی تەواوی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەدۆزرێتەوە، كەیسی ئەنفالكراوەكان بە شاراوەیی دەمێنێتەوە".

ئەم گۆڕانەی دۆزراونەتەوە چەند گۆڕێكی بە كۆمەڵن، بەپێی زانیارییەكان نزیكەی 600 تەرمی تێدایە،

 

نوێنەری كەسوكاری ئەنفالكراوان كە یاوەری سەرۆك بەرهەمی كرد وتیشی: ئەم گۆڕانەی دۆزراونەتەوە چەند گۆڕێكی بە كۆمەڵن، بەپێی زانیارییەكان نزیكەی 600 تەرمی تێدایە، بەچاودێری نەتەوە یەكگرتوەكان و مانگی سورو هەندێك رێكخراوی نێودەوڵەتی هەڵدانەوەیان ئەنجام دەدرێت، بەپێی ئەو نمونانەی پیشانی ئێمەیاندا، جلوبەرگی ئەو كەسە ئەنفالكراوانە جلی كوردی بون".

ئەنفال و گۆڕانی دەوران

لەلایەكی دیكەوە سالار مەحمود راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق لە وتارێكدا لەژێر ناونیشانی(ئەنفال و گۆڕانی دەوران) نوسیویەتی:"لەو کۆشکەی کە بڕیاری ئەنفالکردنی کوردی لێ درا، ئەو سەردەمەی سەدام حسێن سەرۆکی عیراق بوو بەبڕیاری ئەو خەڵکی کوردستانی بەدەست و چاو بەستراوی رەوانەی سەحراکانی باشورو سەماوەو نوگرە سەلمان کردو سەدان هەزار لە ژن و مناڵ و پیرو جوان زیندەبەچاڵکران".

ئەم بەیانییەی 4/14 جیاوازیەکی مێژوویی لە دەورانی زەمانە لەعیراق و لە گۆشەنیگای تراژیدیای ئەنفالەوە بەدی دەکرێ

 

سالار مەحمود دەشڵێت گۆڕانی دەورانە و نوسیویەتی:"لەو کۆشکەی بەغداوە ئەم بەیانییەی 2019/4/14 سەرۆک کۆماری عیراقی نوێ د بەرهەم ساڵح بەیاوەری کەسوکاری ئەنفالکراوەکان بەڕێکەوتین بۆ سەردانی مەزاری غەریبی ئەنفالکراوەکان لەسەماوە".

لە كۆتایشدا نوسیویەتی:"ئەم بەیانییەی 4/14 جیاوازیەکی مێژوویی لە دەورانی زەمانە لەعیراق و لە گۆشەنیگای تراژیدیای ئەنفالەوە بەدی دەکرێ. ئەم رووداوە هەڵگری بەهاو خوێندنەوەی زۆرە. گەرچی هێشتا داوای کەسوکاری قوربانییەکان لە گێڕانەوەی ئێسکوپروسکی ئەنفالکراوان بەدینەهاتوە، بەڵام ئەم هەنگاوە پەیامێکی نوێیە بۆ پەلەکردن لە پرۆسەی پشکنین و هەڵدانەوەو هێنانەوەی ئێسک و پروسکی ئەنفالکراوەکانمان".

سلێمان عەبدوڵا یونس: سەدام درێژترین جۆگەی خوێن و تاڵاوی مەینەتی ئەنفالی تێکەڵ بەکارەساتەکانی ناو مێژومان کرد، دکتۆر بەرھەم بەھەمان ناونیشان و لەھەمان شوێن و پێگەوە لەدوای ٣١ ساڵ شکۆی بۆ گەل و تاکی زامداری گەلەکەی گێڕایەوە 

 

هەر سەبارەت بە یادی ئەنفال و سەردانەكەی سەرۆك كۆمار بۆ سەماوە، سلێمان عەبدوڵا یونس بەڕێوەبەری دامەزراوەی میدیایی خەندان نوسیویەتی:"دوای ئەوەی سەدام وەک سەرۆک کۆماری عێراق پەلاماری گیان و ژیان و ئیرادەی تاک و گەلی کوردستانی داو درێژترین جۆگەی خوێن و تاڵاوی مەینەتی ئەنفالی تێکەڵ بەکارەساتەکانی ناو مێژومان کرد، دکتۆر بەرھەم بەھەمان ناونیشان و لەھەمان شوێن و پێگەوە لەدوای ٣١ ساڵ شکۆی بۆ گەل و تاکی زامداری گەلەکەی گێڕایەوە و  بەناوی ھەمو عێراقەوە سەری بۆ قوربانیەکانی گەلەکەی دانەواند". دەشڵێت:"ئەوە پێی دەڵێن حوکمی مێژو".

لەلایەكی دیكەوە توانا ئەحمەد راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق لە وتارێكدا لەژێر ناونیشانی (د. به‌رهه‌م و سه‌دام حسێن) نوسیویەتی:" هه‌ستێکی یه‌کجار جیاوازه‌، 31 ساڵ به‌رله‌ئێستا کۆشکی کۆماری عیراق و خودی سه‌رۆکه‌که‌ی، هه‌موو ئه‌و توانایه‌ی له‌ کوشتن و جه‌نگ و ماڵوێرانی که‌ڵه‌که‌ی کردبوو، دژی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی کورد له‌ سه‌رتاپای کوردستان خستبوه‌گه‌ڕ و سه‌ره‌نجام خه‌ڵکێکی بێشومار به‌دڕندانه‌ ترین شێوه‌ له‌ناوبران".

بەو هێلیكۆپتەرانەی ئەنفالی پێ ئەنجام دەدرا، ئەمڕۆ نوێنەری كەسوكاری ئەنفالكراوان و سەرۆك بەرهەم چونە سەماوە

 

دەشڵێت:" دوای ٣١ ساڵ و له‌هه‌مان کۆشکی کۆماری و له‌ لایه‌ن خودی سه‌رۆک کۆماره‌وه به‌و هێلی کۆپته‌رانه‌ی ئه‌نفالیان پێ ئه‌نجام ئه‌درا، ژماره‌یه‌ک که‌سوکاری قوربانیانی ئه‌نفال، هاوشانی خۆی به‌ره‌و بیابانی سه‌ماوه‌و نوگره‌ سه‌لمان به‌ڕێکه‌وتن بۆ به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌ی له‌وێ تازه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌".

راوێژكارەكەی سەرۆك بەرهەم دەشڵێت:" دوای دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌، کاک به‌رهه‌م بڕیاریدا که‌ ئاماده‌کاری ئه‌وه‌ بکه‌ین له‌وێ، له‌گه‌ڵ ئێسک و پروسک و موستیله‌و گواره‌و ملوانکه‌ی بێنازکراوی ئه‌و قوربانیانه‌ و به‌ ئاماده‌بوونی کچ و کوڕ و هه‌ندێ له‌وانه‌ی رزگاریان بووه‌، یادی کاره‌ساتباری ئه‌نفال بکه‌ینه‌وه".

به‌ره‌به‌یانی 14/4/2019 و هه‌مان رۆژی ساڵی 1988 دوو رێکه‌وتی ته‌واو جیاواز که‌وتنه‌وه‌

 

توانا ئەحمەد نهێنیەك ئاشكرادەكات و دەڵێت:"به‌ره‌به‌یانی 14/4/2019 و هه‌مان رۆژی ساڵی 1988 دوو رێکه‌وتی ته‌واو جیاواز که‌وتنه‌وه‌، به‌ره‌به‌یانی 14/4/1988 سه‌دام ئاماده‌کاری زیاتری ئه‌نفال و کوشتنی خه‌ڵکی کوردستانی ئه‌کرد، به‌ڵام 14/4/2019 سه‌عات 7 ی به‌یانی د.به‌رهه‌م گه‌شته‌ گۆڕه‌پانی کۆشک که‌ سێ کۆپته‌ری تایبه‌ت ئاماده‌بون بۆ گواستنه‌وه‌ی سه‌رۆک و که‌سوکاری قوربانیانی ئه‌نفال بۆ بیابانی سه‌ماوه‌، که‌ کاک به‌رهه‌م گه‌یشته‌ ناو ئاماده‌بوان، زۆربه‌یانی له‌ نزیکه‌وه‌ ئه‌ناسی و پاش که‌مێک وه‌ستان به‌ڕێکه‌وتین، ئه‌و مه‌به‌ستی بو هه‌ندێک له‌ که‌سوکاری قوربانیه‌کان له‌هه‌مان فرۆکه‌ سه‌ربکه‌ون که‌خۆی تیابو، جگه‌ له‌ نوێنه‌ری سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان، که‌ به‌ وردی له‌ناو فرۆکه‌که‌ تاوانه‌که‌ی بۆ باسکرد".

به‌درێژایی رێگا که‌ یه‌ک سه‌عات و چاره‌گی پێچوو، چه‌ندین جار کاک به‌رهه‌م ئاوڕی له‌وانه‌ ده‌دایه‌وه‌و ئاخی قوڵی ئه‌کێشا 

 

راوێژكارەكەی سەرۆك بەرهەم لە درێژەدا نوسیویەتی:"به‌درێژایی رێگا که‌ یه‌ک سه‌عات و چاره‌گی پێچوو، چه‌ندین جار کاک به‌رهه‌م ئاوڕی له‌وانه‌ ده‌دایه‌وه‌و ئاخی قوڵی ئه‌کێشا و چه‌ندین جاریش دوپاتی کرده‌وه‌ که‌ هه‌ستێکی جیاوازی هه‌یه‌ که‌ شان به‌ شانی قوربانیانی ئه‌نفال، وه‌ک سه‌رۆک کۆمار و له‌ ناو فرۆکه‌یه‌ک که‌ ٣١ ساڵ پێش ئێستا هاوشێوه‌که‌ی بۆ کوشتن و قڕکردنیان به‌کار ئه‌هات، به‌ره‌و بیابیانی سه‌ماوه‌ به‌ڕێوه‌یه‌".

سەرۆك كۆمار و دایكێك كە كەسوكارەكەی ئەنفالكراوە لەگەڵ پارێزگاری سەماوە و نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان
سەرۆك بەرهەم به‌ر له‌ نیشتنه‌وه‌ی فرۆکه‌که‌ که‌ گۆڕه‌که‌ی بینی کێشای به‌ نێوچاوانی خۆیدا و نه‌یتوانی به‌سه‌ر ئینفعالی خۆیدا زاڵ بێ

 

لەساتی بینیی گۆڕە بەكۆمەڵەكەی سەماوە سەرۆك كۆماری عێراق توشی ئینفعال دەبێت و توانا ئەحمەد دەڵێت:"کاک به‌رهه‌م داوای کرد که‌ به‌ مۆبایله‌که‌ی خۆی وێنه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ میوانه‌کان له‌ناو فڕۆکه‌که‌ بگرم، وتی مه‌به‌ستمه‌ به‌ مۆبایله‌که‌م وێنه‌یه‌ک بۆ خۆم بگرم و من وێنه‌که‌م گرت، به‌ر له‌ نیشتنه‌وه‌ی فرۆکه‌که‌ که‌ گۆڕه‌که‌ی بینی کێشای به‌ نێوچاوانی خۆیدا و نه‌یتوانی به‌سه‌ر ئینفعالی خۆیدا زاڵ بێ".

زه‌بروزه‌نگ چه‌نده‌ زۆر و سته‌م چه‌نده‌ درێژ بێت هه‌ر کۆتایی دێت

 

یەكێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوان لەناو كۆشكی سەلام بە سەرۆك كۆماری عێراق دەڵێت ئەوەی ویستمان تۆ كرد، لەو بارەیەوە توانا ئەحمەد نوسیویەتی:" له‌گه‌ڕانه‌وه‌ماندا له‌گه‌ڵ خاتوو جینین نوێنه‌ری تایبه‌تی سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان و کاک فاتح سه‌نگاوی و کاک عه‌لا موسه‌وی و خاتوو خانم له‌گه‌ڵ کاک به‌رهه‌م باسمان له‌وه‌ ئه‌کرد که‌ زه‌بروزه‌نگ چه‌نده‌ زۆر و سته‌م چه‌نده‌ درێژ بێت هه‌ر کۆتایی دێت، که‌ گه‌یشتینه‌وه‌ به‌غداو کۆشکی سه‌لام جارێکی تر له‌ ئۆفیسی خۆی، کاک به‌رهه‌م له‌گه‌ڵ که‌سوکاری قوربانیانی ئه‌نفال کۆبوه‌وه، یه‌کێک له‌ ئاماده‌بوان وتی(خۆم ئاماده‌کردبو قسه‌ی زۆر بکه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئه‌مانویست و چاوه‌ڕێی بوین، تۆ کردت).

سەرۆك كۆمار ونوێنەری كەسوكاری ئەنفالكراوان لە كۆشكی سەلام لە بەغداد

لە كۆتاییدا راوێژكارەكەی سەرۆك كۆماری عێراق دەڵێت:"ئه‌مڕۆ بۆ منیش رۆژێکی جیاواز بوو، 31 ساڵ پێش ئێستا من و سه‌دان هه‌زاری وه‌ک من له‌ ترسی سه‌رۆک کۆماری ئه‌وسای عیراق ژیانمان پڕبوو له‌ تاڵی و ترس و نیگه‌رانی، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هاوشانی سه‌رۆک کۆمار له‌ نوگره‌ سه‌لمان یادی ئه‌نفال کرایه‌وه‌، ئه‌وسا حکومه‌تی عیراق ئاماده‌کاری زینده‌به‌چاڵکردنی کوردی ئه‌کرد، ئێستا حکومه‌تی عیراق ئاماده‌کاری هه‌ڵدانه‌وه‌و ناردنه‌وه‌ی شایسته‌ی روفاته‌کانیان ئه‌کات، من ئه‌مڕۆ به‌ کرده‌وه‌ له‌جیاوازی سه‌رده‌می سه‌دام و د. به‌رهه‌م گه‌یشتم".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP