ئێران لەبارەی بەرزبونەوەی نرخی نەوت هەڕەشەدەكات

- 4/14/2019 7:04:00 PM 2815 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند "زۆربونی فشارەكان بۆ سەر وڵاتەكەی دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی" و لەو بارەیەوە دو هەڵبژاردەی خستە بەردەم سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا.

بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران لە لێدوانێكیدا بۆ رادیۆی تاران ئەمرۆ یەكشەممە رایگەیاند "زیاتركردنی فشارەكان بۆ سەر وڵاتەكەی دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی" و داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كرد "یان زۆركردنی فشارەكان بۆ سەر ئێران هەڵبژێرێت یاخود دابەزینی نرخی سوتەمەنی لە ئێستگەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان".

 

وەبەرهێنانی نەوت لە جیهاندا لە دۆخێكی ئاڵۆزدایە



ئاماژەی بەوەشكرد "لە ئێستادا دۆخی ڤەنزوێلا كێشەی تێدایە، بە هەمانشێوە سزا بەسەر روسیادا سەپێندراوە، دۆخی لیبیا ناسەقامگیرە و لە ئەمریكا ژمارەیەك بەرهەم لە وەبەرهێنان شكستیهێناوە، سەرجەم ئەمانە ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن كێشەی وەبەرهێنان و دەستەبەركردنی داخوازیەكانی ئەو بەرهەمە لە دۆخێكی ئاڵۆزدایە".

 

دەستەبەركردنی سوتەمەنی دەگاتە ئاستێكی چاوەڕواننەكراو



لەوبارەیەوە بیژەن وتی "ئەگەر دەیانەوێـت فشارەكان بۆ سەر ئێران زیاتر بكەن، ئەو ئاڵۆزیە لە دەستبەركردن و داخوازیەكانی سوتەمەنیدا دەگاتە ئاستێكی چاوەڕواننەكراو" و دواتر روی وتەكانی كردە دۆناڵد ترەمپ و وتی "پێویستە ترەمپ لە نێوان زۆركردنی فشارەكان بۆ سەر ئێران و هێشتنەوەی نرخی سوتەمەنی بە ئاستێكی نزم لە ئێستگەكانی ئەمریكادا یەكێكیان هەڵبژێرێت".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەمانگی مایسی ساڵی 2018 دا لە رێككەوتنە ئەتۆمیەكەی نێوان وڵاتەكە و ئێران و ژمارەیەك وڵاتی زلهێز كشایەوە و داوایكرد دوبارە سزاكان بەسەر ئێراندا بسەپێندرێتەوە.

دواتر واشنتن بە مەبەستی گرەنتیدان بە هێشتنەوەی نرخی سوتەمەنی بە جێگیری و دوانەكەوتنی پێداویستیەكانی سوتەمەنی و نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، ماوەیەكی دیاریكراوی دایە هەریەك لە چین و هیندستان و یۆنان و ئیتاڵیا و تایوان و یابان و توركیا و كۆریای باشور تا لە كڕینی نەوتی ئێران بكشێنەوە.

لە ئێستاشدا بەهۆی گرژی و ئاڵۆزیە ناوخۆییەكانی هەریەك لە وڵاتانی لیبیا و ڤەنزوێلا و سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، نرخی نەوت لە بەرزبونەوەی بەردەوامدایە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP