پشتیوانی داواكاریەكانیان دەكەین
سەرۆک بەرهەم: خەڵكی سەماوە براكوردەكانیان لەئامێزگرتوە و هەڵوێستەكانیان لەبیرناكەین

- 4/14/2019 5:08:00 PM 6418 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ لە پارێزگای سەماوە سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند: خەڵکی سەماوە، برا کوردەکانیان لە ئامێزگرتوە لەکاتی ئەنفالەکاندا ئەوەش چاکەیەکی گەورەیە و لە بیرناکرێت، ئاشكراشیكرد كە لەگەڵ سەرۆكوەزیران چاومان پێتاندەكەوێت و داوای دۆسیەیەكی تایبەتیم كردوە و ئەوەی بكرێت جێبەجێی دەكەین.

سەرۆک بەرھەم ساڵح، لەمیانی رێورەسمێكدا لەھۆڵی غەدیر، لە پارێزگای سەماوە، لەگەڵ چێن و توێژە کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و سەرۆک ھۆزەکان و پیاو ماقوڵانی سەماوەدا لە وتەیەكدا ئاماژەی بەوەکرد، کە لە بۆنەیەکی غەمناک و کارەساتێکی دڵتەزێندا سەردانتان دەکەم، کە رژێمی پێشو ئەنجامی داوە و بوه‌ ھۆی گیان له‌ ده‌ستدانی ھەزاران لە ھاوڵاتی سیڤیلی بێ تاوان، کە ئەوەش نیشانەی زۆرداری و تاوانکاری بو لە دژی سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی عێراق بە کورد و عەرەب و تورکمان و موسڵمان و کریستیانەوە.
  

سەرۆک كۆمار ئاماژەی بەوە کرد، رژێمی سەدام ھەزاران کوردی بێ تاوانی لە پیرەمێرد و منداڵ و ژنانی لە بیابانی سەماوەدا زیندە بەچاڵکرد، سەرەڕای تێپەربونی سی ساڵ بەسەر ئەو تاوانەدا، ئەمڕۆ گۆڕێکی دیکەی بەکۆمەڵی نەک تەنھا کورد بەڵکو ھەموو عێراقییەکان دەدۆزینەوە، روونیشی کردوە کە روخانی رژێمی پیشو، پێویستی بەقوربانی دانێکی گەورە ھەبوە، چونکە ستەمکاربو خەڵکی کوردستان و ناوەڕاست و خواروی عێراق لە ھەمان ستەم لێکردن ھاوبەش بون.

لە وڵاتێکدا دەژین، لە ئارامی و خوشگوزەرانیدا ھاوبەشین و دەبێت ھەموان سودمەندبن لە سەروەت و سامانەکەیدا

 

لەبەشێكی دیكەی وتەكەیدا سەرۆك بەرهەم ئەوەشیخستەرو کە خەڵکی سەماوە، برا کوردەکانیان لە ئامێزگرتوە لەکاتی ئەنفالەکاندا ئەوەش چاکەیەکی گەورەیە و لە بیرناکرێت، ھەروەھا وتی:"ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین، لە ئارامی و خوشگوزەرانیدا ھاوبەشین و دەبێت ھەموان سودمەندبن لە سەروەت و سامانەکەیدا، بۆ ئەوەی نەھامەتیەکانمان دوبارە نەبنەوە دەبێ ھاوھەڵویست بین لەدژی گەندەڵکاران".
 

سەرۆک کۆمار، دوپاتی لەوە کردوە کە شاری خۆشه‌ویستی سەماوە ئازیزه‌ و لە بەغدا پێویستە پشتیوانیان بکەین، حکومەتیش کارنامەیەکی باشی ھەیە بۆ خزمەتگوزارییەکان و سوربونێکی گەورەی میللی ھەیە بۆ جێ بەجێکردنی کارنامەکە، ئەوەش وامان لێدەکات کە زیاتر سوربین لەسەر یەکریزی نێوان پێکھاتەکان و بەرجەستەکردنی سەرکەوتنەکان و رزگاکردنی وڵات لە چنگی گەندەڵکاران. 

باوكم یه‌کێک بو لەو ھەزاران دورخراوانەی کە لێرە لە نێوان ئێوەدا ژیاوە

 

سەرۆک بەرھەم ساڵح وتی:"بەڵێنم بۆ خەڵکی سەماوە، ئەوەیە من بە رێز و بەخشندەیی و لێبوردەیی ئێوە دەزانم، چونکە باوكم یه‌کێک بو لەو ھەزاران دورخراوانەی کە لێرە لە نێوان ئێوەدا ژیاوە، ئێوەش بۆ ئەو و قوربانیەکان، باشترین پشت و پەنابون، لەکاتێکدا ئێوە دوچاری ستەم بوبونەوە، من وەک سەرۆک و وەک برایەک خزمەتتان دەکەم ، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانیش لەبەغدا چاومان پێتان دەکەوێت، و داوای دۆسیەکی تایبەتیشم کردوە کە ئەوەی بکرێت جێ بەجێی بکەین". 

سه‌ركه‌وتن بۆ کەسوکارمان له‌ قوربانیانی ئەنفال و شەھیدانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لێمان دەخوازێت کە دادپەروەربین

 

ھەروەھا سەرۆک کۆمار لە درێژەی وته‌كانیدا، ئاماژەی بەوەکرد کە سه‌ركه‌وتن بۆ کەسوکارمان له‌ قوربانیانی ئەنفال و شەھیدانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لێمان دەخوازێت کە دادپەروەربین، پێش سی ساڵ سەدام فەرمانی لە سێدارەدان و کوشتنی بۆ ھاونیشتمانیانی بێ تاوان ده‌رئه‌كرد و چەک و بۆمبەکانی ئاراستەی ھاوڵاتیانی سیڤیل ده‌كرد و بەبۆمبی کیمیایی لە کوردستان و ناوەڕاست و خواروی عێراق تۆپباران ده‌کرد، لە بەر ھیچ شتێک نەبو، بەڵکو تەنھا لە بەرئەوە بو کە بەدەستەڵاتی ستەمکاری ئەو قایل نەبون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP