بەپەلە

سلێمانی چاوەڕێی پرۆژە ستراتیژیەكەیەتی
لە ھەولێر شه‌قامی 150 مه‌تری‌ كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنەوە

- 4/13/2019 8:23:00 PM 27142 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- شه‌وكه‌ت قادر 

لەشاری هەولێر شەقامی 150 مەتری كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە هێشتا وادەی جێبەجێكردنی شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی نادیارە و دانیشتوانەكەی لە چاوەڕوانی جێبەجێكردنیدان.

شه‌قامی 150 مه‌تری كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پرۆژه‌ ستراتیژیه‌كانی بواری رێگاوبان لە شاری هەولێر

 

شه‌قامی 150 مه‌تری كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پرۆژه‌ ستراتیژیه‌كانی بواری رێگاوبان لە شاری هەولێر، به‌ درێژایی 70 كلیۆمه‌تر به‌ شێوه‌ی بازنه‌یی له‌ ده‌وری شارەكە دروست ده‌كرێت، كاره‌كانی به‌شی یه‌كه‌می پرۆژه‌كه‌ كه‌ له‌ 14 كلیومه‌تر پێكهاتوه‌ كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنەوە.
 
ئه‌ندازیار سه‌رتیپ سابر قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژه‌ی شه‌قامی 150 مه‌تری له‌ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند:"شه‌قامی 150 مه‌تری شه‌قامێكی بازنه‌ییه‌، درێژیه‌كه‌ی 70 كیلۆمه‌تره‌، ئێستا له‌سه‌ره‌تای جێبەجێکردنی پرۆژه‌كه‌داین و به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی جێبه‌جێی ده‌كه‌ین 14 كیلۆمه‌تره‌ له‌ رێگای سه‌ره‌كی هه‌ولێر-به‌حركه‌ تا رێگای سه‌ره‌كی هه‌ولێر-كۆیه‌ و گوژمه‌ی پرۆژه‌كه‌ 133 ملیۆن دۆلاره‌".

ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ئاسانكاری زۆر بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان ده‌كات له‌ باكوری رۆژئاوای شاری هه‌ولێر

 

به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژه‌ی شه‌قامی 150 مه‌تری له‌ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر وتیشی:"به‌شی یه‌كه‌می پرۆژه‌كه‌ بریتیه‌ له‌ دو شه‌قامی سه‌ره‌كی و دو شه‌قامی خزمه‌تگوزاری، سێ (ئینته‌ر چه‌ینج)ی زۆر گه‌وره‌ی تێدایه‌، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر رێگاكانی هه‌ولێر-به‌حركه‌، هه‌ولێر-شه‌قڵاوه‌، هه‌ولێر-كۆیه‌".

ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ئاسانكاری زۆر بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان ده‌كات له‌ باكوری رۆژئاوای شاری هه‌ولێر، بۆ ژماره‌یه‌ك كونسوڵخانه‌ و ئه‌و كۆمه‌ڵگا نیشته‌جێبوانه‌ی له‌و سنوره‌ن بۆ گه‌یشتن به‌ فڕۆكه‌خانه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ و ناوشار.

به‌ته‌واوبونی ئه‌و شه‌قامه‌ شاری هه‌ولێر گه‌شه‌كردنێكی باش به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینی، جیا له‌ ئاسانكاری هاتوچۆی هاوڵاتیان، سیمایه‌كی جوان به‌شاری هه‌ولێر ده‌به‌خشێت

 

سەرتیپ سابر وتیشی:"پلانمان داناوه‌ تا كۆتایی ساڵ ئه‌و به‌شه‌ی له‌ رێگای شه‌قڵاوه‌ تا رێگه‌ی به‌حركه‌ ته‌واو بكه‌ین و ساڵی داهاتو به‌شه‌كه‌ی تر له‌ رێگای شه‌قڵاوه‌ تا رێگای كۆیه‌ ته‌واو بكه‌ین".

ئاماژەی بەوەشكرد"به‌ته‌واوبونی ئه‌و شه‌قامه‌ شاری هه‌ولێر گه‌شه‌كردنێكی باش به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینی، جیا له‌ ئاسانكاری هاتوچۆی هاوڵاتیان، سیمایه‌كی جوان به‌شاری هه‌ولێر ده‌به‌خشێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ پێویستی به‌ كات و بودجه‌ و كار و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی هه‌مولایه‌كه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی پرۆژه‌كه‌ زۆر گه‌وره‌یه‌ له‌ پێنج به‌ش پێكهاتوه‌، ئێستا به‌شی یه‌كه‌می ده‌ست پێكراوه‌، پلانیش دانراوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی چوار به‌شه‌كه‌ی دیكەی پرۆژه‌كه‌ كه‌ به‌ ته‌واوبونی سه‌رجه‌م هه‌ولێر به‌یه‌كەوە ده‌به‌ستێته‌وه‌.

بڕیاربوه‌ له‌ماوه‌ی 1100 رۆژی رۆژمێریدا پرۆژەی یەكەمی شەقامی 100 مەتری سلێمانی ته‌واوبكرێت، بەڵام 700 رۆژ بەسەر وادەی تەواوبونی تێپەڕێوە

 

پێشتر لە راپۆرتێكدا خەندان بە پشت بەستن بە بەڵگەنامەیەك كە دەستی كەوتبو ئاشكرای كردبو، كە له‌ 8-5-2014 گرێبه‌ستێك له‌ نێوان به‌هرۆز حه‌مه‌ساڵح، پارێزگاری ئه‌وكاتی سلێمانی به‌نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ رێگه‌پێدراوی كۆمپانیای (ئیلتیبای) واژۆكراوه‌ بۆ دروستكردنی پڕۆژه‌ی یەكەمی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی له‌ماوه‌ی 1100 رۆژدا، بەڵام تا بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرتە چوار ساڵ و 340 رۆژە گرێبەستەكە ئیمزا كراوە، بەو پێیەش 700 رۆژ بەسەر وادەی تەواوبونی پرۆژەی یەكەمی شەقامەكە تێپەڕیوە.

به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كه‌، پارێزگاری ئه‌وكاتی سلێمانی و لایه‌نی دووه‌می گرێبه‌سته‌كه‌ كه‌ كۆمپانیای (ئیلتیبای) بوه‌ له‌سه‌ر 28 خاڵ له‌باره‌ی دروستكردنی پڕۆژه‌كه‌وه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتن، بڕیاربوه‌ له‌ماوه‌ی 1100 رۆژی رۆژمێریدا به‌ تێچوی 469 ملیار و 900 ملیۆن دینار پڕۆژه‌كه‌ ته‌واوبكرێت، به‌ڵام تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت هێشتا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌ و نه‌چوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

ده‌بوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌دا 10ی پێشه‌كی پاره‌كه‌ی بدایه‌ به‌ كۆمپانیاكه‌

 

به‌ڵگه‌نامه‌كانی لای خه‌ندان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، له‌ 6-11-2015 دا به‌بڕیاری ژماره‌ (30219) فه‌رمانكراوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ریه‌كه‌ له‌ كۆمپانیاكانی (كور+ ئینماش+ ئیلتبای)، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌ 28-4-2014 دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌بڕیاری ژماره‌ (254) ده‌سه‌ڵاتی و واژۆكردنی گرێبه‌سته‌كه‌ی داوه‌ به‌ به‌هرۆز حه‌مه‌ ساڵح، پارێزگاری ئه‌وكاتی سلێمانی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكه‌دا.

له‌ گرێبه‌سته‌كه‌دا هاتووه‌، كۆمپانیای ناوبراو پابه‌نده‌ به‌دروستكردنی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی له‌ماوه‌ی 1100 رۆژدا، هاوكات بۆردێكی سه‌رپه‌رشتیكردن بۆ پڕۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن پارێزگاری سلێمانییه‌وه‌ پێكهێنراوه‌، ده‌بوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌دا 10ی پێشه‌كی پاره‌كه‌ی بدایه‌ به‌ كۆمپانیاكه‌، به‌ڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی خەندان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بەبیانوی قەیرانی داراییەوە پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ گرێبه‌سته‌كه‌وه‌ پڕۆژه‌كه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌، لەكاتێكدا پرۆژەی هاوشێوە لە هەمان هەلومەرجی داراییدا لە شاری هەولێر جێبەجێكراوە.

پرۆژه‌ی شه‌قامی 150 مه‌تری شاری هەولێر، له‌لایه‌ن گروپی كۆمپانیای هێمن جێبه‌جێده‌كرێت، ئه‌ندازیار ئه‌میر عه‌بدولخالق ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژه‌كانی رێگاوبان له‌ كۆمپانیای هێمن گروپ به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند:"به‌شی یه‌كه‌می پرۆژه‌كه‌ كه‌ 14 كلیۆمه‌تره‌، ده‌ستبه‌كاره‌كانی كراوه‌ له‌ كاره‌كانی ده‌ستپێك و دانانی كه‌مپ، له‌م هه‌فته‌یه‌ به‌ قورساییه‌كی زۆره‌وه‌ ده‌ست به‌ جێبه‌كردنی ده‌كرێت".

هه‌مو ئه‌وانه‌ی دێنه‌ ناو هه‌ولێر به‌ ته‌واوبونی 150 مه‌تری ئاسانتر ده‌توانن بگه‌نه‌ شوێنی مه‌به‌ست، چونكه‌ 150 مه‌تری له‌چه‌ند شوێنێك به‌ 120 ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌ رێگایه‌كی خێرا

 

ئه‌میر عه‌بدولخالق ئه‌حمه‌د وتیشی:"به‌شی یه‌كه‌م له‌ رێگای به‌حركه‌ تا رێگای كۆیه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و به‌شه‌مان ده‌ستنیشانكردوه‌، چونكه‌ قه‌ره‌باڵغیه‌كی زۆری له‌سه‌ره‌ به‌تایبه‌ت له‌ رێگای به‌حركه‌ تا رێگه‌ی شه‌قڵاوه‌، ژماره‌یه‌ك كۆمه‌ڵگای نیشته‌جێبون له‌و ناوچه‌یه‌ هه‌ن و ته‌نها رێگه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری بچوكی خراپی هه‌یه‌ دوای گواستنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر و كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا به‌ پێویست زانرا كه‌ ئه‌و به‌شه‌ ده‌ستنیشان بكرێت و شه‌قامه‌كه‌ دروست بكرێت، چونكه‌ قه‌ره‌باڵغی زۆری له‌سه‌رە به‌تایبه‌ت له‌ به‌یانیان، هه‌رچی رێگای شه‌قڵاوه‌ تا رێگای كۆیه‌یە به‌هه‌مان شێوه‌ قه‌ربالغی زۆری له‌سه‌ره‌، هه‌مو ئه‌وانه‌ی دێنه‌ ناو هه‌ولێر به‌ ته‌واوبونی 150 مه‌تری ئاسانتر ده‌توانن بگه‌نه‌ شوێنی مه‌به‌ست، چونكه‌ 150 مه‌تری له‌چه‌ند شوێنێك به‌ 120 ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌ رێگایه‌كی خێرا.

سه‌رجه‌م تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی شه‌قامی خێرای پێشكه‌وتوی له‌خۆگرتوه‌

 

له‌روی دیزاینی پرۆژه‌كه‌ ئه‌ندازیار ئه‌میر عه‌بدولخالق ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، له‌روی دیزاین و وردبینی دیراسه‌تێكی زۆرباشی بۆ كراوه‌، بۆئه‌وه‌ی شه‌قامه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی رێكوپێك دروستبكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ش هه‌ندێك جێبه‌جێكردنی دواكه‌وت، هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ر دیزاینه‌كه‌شی زوو ته‌واو ببوایه‌ به‌هۆی كه‌ش و هه‌وا نه‌مانده‌توانی ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی بكه‌ین، له‌ پرۆژه‌كه‌دا دیراسه‌ی لۆد و هاتوچۆ و هه‌مو بڕگه‌كانی شه‌قامه‌كه‌ كراوه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ روناكی و سه‌وزایی و په‌رژینی خۆپاراستن و شوێنی په‌ڕینه‌وه‌ی هاوڵاتیان و شۆسته‌ی بۆ كراوە به‌جۆرێك  سه‌رجه‌م تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی شه‌قامی خێرای پێشكه‌وتوی له‌خۆگرتوه‌.

پرۆژه‌ی شه‌قامی 150 مه‌تری هاوشێوه‌ی شه‌قامی 120 مه‌تریه‌، شه‌قامێكی خێرایه‌ و وه‌ستانی تێدا نیه‌

 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، پرۆژه‌ی شه‌قامی 150 مه‌تری هاوشێوه‌ی شه‌قامی 120 مه‌تریه‌، شه‌قامێكی خێرایه‌ و وه‌ستانی تێدا نیه‌، به‌ڵام به‌ فراوانیه‌كی زیاتر هه‌ر ئاڕاسته‌یه‌ك پانیه‌كه‌ی 19 مه‌تر و نیوه‌، دورگه‌ی نێوانیان 20 مه‌تره‌، رێگا خزمه‌تگوزاریه‌كان به‌ پانی 23 مه‌تره‌ به‌ قیر و شۆلده‌ر بۆ هه‌ر لایه‌ك كه‌ 15 مه‌تری قیره‌ و 8 مه‌تر شۆلده‌ره‌، خزمه‌تگوزاریه‌كه‌ زۆر فراوانه‌ و به‌ دو ئاڕاسته‌یه‌ كه‌ لێك جیاكراونه‌ته‌وه‌، هه‌مو یه‌كتربڕه‌كان ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار دێته‌ ناو هه‌ولێر یان به‌ پێچه‌وانه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ (ئینته‌رچه‌ینج) چاره‌سه‌ر كراوه‌، سێ (ئینته‌رچه‌ینج)ی گه‌وره‌ی تێدا دروست ده‌كرێت له‌ سه‌ر هه‌رسێ شه‌قامی هه‌ولێر- به‌حركه‌، هه‌ولێر- مه‌سیف، هه‌ولێر-كۆیه‌، له‌ نێوان (ئینته‌رچه‌ینج)كان له‌زۆر شوێن ئه‌نده‌رپاس و ئۆڤه‌رپاس هه‌یه‌، بۆ به‌ستنه‌وه‌ی رێگا خزمه‌تگوزاریه‌كە له‌ هه‌ردو لای شه‌قامه‌كه‌ یان بۆ به‌ستنه‌وه‌ی رێگای خزمه‌تگوزاری به‌ رێگا سه‌ره‌كیه‌كه‌، چونكه‌ ده‌بێت له‌ چه‌ند شوێنێك رێگا خزمه‌تگوزاریه‌كه‌ به‌ رێگا سه‌ره‌كیه‌كه‌ ببه‌سترێته‌وه‌، بۆ ئه‌وەی ئەو هاوڵاتیانەی له‌ كۆمه‌ڵگا نیشته‌جێبونه‌كانی سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌ن بتوانن رێگاكه‌ به‌كاربێنن.

پرۆژەی یەكەمی شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی 150 رۆژ كەمتری پێویستە بە بەراورد بە شەقامی 150 مەتری هەولێر

 

وتیشی:" ماوه‌ی پرۆژه‌كه‌  1250 رۆژە و له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی گروپی هێمن، جگه‌ له‌ هه‌ندێ شتی بچوك نه‌بێت كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان نیه‌ و له‌ ده‌رەوه‌ ده‌هێنرێت، چونكه‌ خاوه‌ن ژێرخانێكی به‌هێزین له‌ روی ستاف و ئامێر و كارگه‌ و پێویستیه‌كانی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كانی رێگاوبان".

هەرچەندە پرۆژەی یەكەمی شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی 150 رۆژ كەمتری پێویستە بە بەراورد بە شەقامی 150 مەتری هەولێر بۆ تەواوبون، بەڵام 25 رۆژی دیكە دەكاتە پێنج ساڵ كە گرێبەستی پرۆژەی یەكەمی شەقامی 100 مەتری سلێمانی واژۆكراوە و هێشتاش چارەنوسی بەنادیاری ماوەتەوە.

پێشتر ئازاد رەسوڵ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی لە لێدوانێكی تایبەت بۆ خەندان رایگەیاندبو:"هۆكاری دواكەوتنی جێبەجێكردنی پرۆژەی شه‌قامی 100 مەتری سلێمانی پەیوەندی بە قەیرانی داراییەوە هەیە"، ئەمەش لەكاتێكدایە كە بەهەمانشێوە لە شاری هەولێریش قەیرانی دارایی بونی هەبوە، بەڵام پرۆژەی شەقامی 120 مەتری تێدا ئەنجامدراوە.

ئازاد رەسوڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبو، "لە ساڵانی پێشودا ساڵانە 80 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە تەرخاندەكرا، بەڵام ئەمساڵ كراوە بە 100 ملیار دینار، هەرچەندە لە پلانی وەزارەتی داراییدا هەیە كە پرۆژەكە ئەنجامبدرێت، بەڵام هەتا ئێستا بڕی پارەكەی بۆ تەمویل نەكراوە، پێشموانیە كە هۆكاری سیاسی لە پشتیەوە بێت".

هێشتا دیارنیه‌ ئه‌و پڕۆژه‌ ستراتیژیه‌ی سلێمانی كه‌ ده‌بێته‌ پشتێنه‌یه‌ك و قه‌ره‌بالغی شاره‌كه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌، كه‌ی ده‌ستپێده‌كات

 

خه‌ندان له‌ زاری به‌رپرسێكی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ زانیویه‌تی، له‌ بودجەی ساڵی 2019 ی هه‌رێمی كوردستان بڕی 59 ملیار دینار بۆ پڕۆژه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام هێشتاش دیارنیه‌ ئه‌و پڕۆژه‌ ستراتیژیه‌ی سلێمانی كه‌ ده‌بێته‌ پشتێنه‌یه‌ك و قه‌ره‌بالغی شاره‌كه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌، كه‌ی ده‌ستپێده‌كات.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە لەسەر خەتە

 

بۆ بەدواداچونی ئەم بابەتە، خەندان پەیوەندی كرد بە سەرچاوەیەكی بەرپرسیار لە ئەنجومەنی وەزیران و بۆ خەندان رایگەیاند:"پرۆژەكە لە سەرەتای دەستبەكاربونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوەو لەم پێناوەدا جێگری ئێستای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران (قوباد تاڵەبانی) لەسەر خەتە".

شاری سلێمانی كه‌ له‌ ئێستادا نزیكه‌ی 900  هه‌زار هاوڵاتی تێدا نیشته‌جێیه‌ خاوه‌نی شه‌قامی 60 مه‌تریه‌، له‌كاتێكدا له‌ شاری هه‌ولێر پڕۆژه‌ی شه‌قامی 120 مه‌تری جێبه‌جێكراوه‌ و ئێستاش پڕۆژه‌ی شه‌قامی 150 مه‌تری كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە .

بەپێی راپرسییەك، هاوڵاتیان پێیانوایە حكومەت جیاوازی دەكات لەنێوان هەولێر و سلێمانی

 

ده‌زگای میدیایی خه‌ندان ‌راپرسیه‌كی له‌باره‌ی جیاوازیكردن له‌ نێوان شاره‌كانی هه‌ولێرو سلێمانی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامداوه کە ماوەی 24 کاتژمێری خایاندوە و ڕاپرسیەکە گەیشتۆتە دەستی 202 هەزارو 483 كەس و زیاتر لە 15 هەزارو 700 بەشداربو دەنگیان داوە و بەزۆرینه‌ی 61٪ ی به‌شداربوانی راپرسییه‌كه‌ پێیان وایه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جیاوازی ده‌كات له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كاندا له‌ نێوان هه‌ولێر و سلێمانیدا و تەنها لە 39٪ی بەشداربوانی راپرسیەكە پێیانوایە حكومەت جیاوازی نەكردوە. 

شه‌قامی 60 مه‌تری سلێمانی توانای هه‌ڵگرتنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ ئۆتۆمبێلی نیه‌

 

دواكه‌وتنی پڕۆژه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی له‌كاتێكدایه‌، زیاتر شه‌قامی 60 مه‌تری شاره‌كه‌ توانای هه‌ڵگرتنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ ئۆتۆمبێلی نیه‌، ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ رێگای هاتوچۆكردنی هاوڵاتیان به‌تایبه‌ت له‌كاتی ده‌وامی فه‌رمانگه‌كاندا ئه‌سته‌م بێت، ئه‌وەش‌ سه‌ره‌ڕای خراپی رێگاكه‌، لەهەمانكاتدا پەیوەندی شاری سلێمانی بە دەوروبەرییەوە ئاڵۆزكردوە، چونكە بۆ دەرچون بۆ ناوچە جیاوازەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی هامشۆكاران پێویستە رێگەی 60 مەتری ببڕن، ئەمەش قەرەباڵغییەكی زۆری بۆ شەقامەكە دروست كردوە، بەڵام لە ئەگەری تەواوبونی پرۆژەكە بۆ هاتن و دەرچون لە سلێمانی پێویست بەوە ناكات بێنە سەنتەری شاری سلێمانی و شەقامی 60 مەتری، بەڵكو راستەوخۆ لەگەڵ هاتنە ناوەوەیان بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی لە شەقامە یەكتربڕەكانی 100 مەتری بە شێوەیەكی ئاسانتر دەگەنە شوێنی مەبەستیان.

رێگاو بانەكان روخساری دیاری شارەداریی پارێزگاكانن 

 

رێگاو بانەكان روخساری دیاری شارەداریی پارێزگاكانن، بۆیە كاتێك لە شارێكی وەكو سلێمانیدا رێگاو بانەكان لە شەقامی 60 مەتری تێپەڕی نەكردوە، ناقۆڵاییەك دەبینرێت لە روخساری شارەداری شارێكی جوان و زیندوی وەك سلێمانی.

خەندان پەیوەندی كرد بە ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانەوە، و زۆربەیان نیگەرانی ئەوە بون، كە ئایا كەی بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ پرۆژە شەقامی 100 مەتری سلێمانی دەچێتە بواری خەرجكردنەوە؟

داڕشتنەوەی بەشی شیكاری خەندان

نیشانەکردن :

#سلێمانی #هەولێر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP