زیانلێکەوتوانی لافاو قەرەبو دەکرێنەوە

- 4/13/2019 7:43:00 PM 3224 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێک پەسەندکرا بۆ قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوانی بارانبارین و لافاوەكان و چاككردنەوەی بەنداو و رێگاوبان و پردەكانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

بەهار مەحمود، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، "لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا بڕیارێك دەركرا بۆ قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوانی لافاو و نۆژەنكردنەوەی بەنداوەكان لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و چەند پرۆژە یاسایەکیش خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ کرا".

لیژنەیەک بەدواداچون دەکات بۆ ئەو بابەتە

 

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی، "ئەوان وەک پەرلەمانتاران داوایانکردوە، دەبێت ئەو بڕیارە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، كە بەپێی بڕیارەكە لیژنەیەك بە سەرۆکایەتی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، پێکهێندرا کە لە نۆ ئەندام پێکهاتوە و بەدواداچون دەکات بۆ جێبەبەجێکردنی ئەو بڕیارە لەلایەن حکومەتەوە".

بەهار مەحمود ئاماژەیبەوەشکرد، ئەوان وەک ئەندامە کوردەکان کە لە رابردودا سەردانی بەنداوی دوکان و دەربەندیخانیان کردوە، لە چەند رۆژی داهاتوشدا سەردانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دەکەن، بۆئەوەی لە نزیکەوە بزانن چی بۆ کوردستان دەکات و چۆن قەرەبوی زیانلێکەوتوانی لافاو دەکاتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP