خەندان-
میدیاکانی سودان بڵاویانکردەوە، سەڵاح قوش، بەرپرسی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری سودان دەستی لەکارکێشایەوە.
بەپێی هەواڵێکی
سکای نیوز، ئەمڕۆ شەممە سەڵاح قوش، بەرپرسی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری سودان دەستی لەکارکێشایەوە.
تەلەفزیۆنی سودانیش رایگەیاندوە، عەبدلفتاح بورهان، سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر واژۆی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکەی سەرۆکی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری کردوە.
دەستلەکارکێشانەوەی هەریەک لە عەوز بن عەوف، سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر و جێگرەکەی و سەرۆکی دەزگای هەواڵگیری تەنها یەک رۆژ پاش دورخستنەوەی عومەر بەشیری سەرۆکی سودان هات کە لەلایەن وەزیری بەرگری ئەو وڵاتەوە دورخستنەوەی لەدەسەڵات راگەیەندرا.
دورخستنەوە و دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسە سەربازییەکانی سودان بەهۆی فشاری بەردەوامی خۆپیشاندەرانەوەیە کە داوای دەسەڵاتێکی مەدەنی دەکەن و داوادەکەن دەسەڵاتی سیاسی لەدەستی ئەنجومەنی سەربازی تازە دروستکراو دەربهێنرێت و بگەڕێنرێتەوە دەستی خەڵک.
لە ماوەی رابردوشدا هەریەک لە نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا داوایانکردبو دەسەڵات رادەستی خەڵکی مەدەنی بکرێت.