پێچەوانەی پڕۆژەکەی ساڵی 2015
گۆڕان دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە

- 4/13/2019 3:37:00 PM 9181 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-کۆچەر عەزیز

بزوتنەوەی گۆڕان دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە ساڵی 2015 کاتێک پڕۆژەی ھەمواری یاسایی سەرۆکایەتی ھەرێمی پێشکەشکرد، داوا دەکرد دو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێم دابنرێت و هەریەکەیان بەشێک لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکیان پێبدرێت.

لە ئێستادا گفتوگۆی چڕ لەسەر کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێت، ساڵی 2015 ش هاوشێوەی ئێستا هەمان دۆخ دروستبو، بەڵام ئەوکات کێشەکانی نێوان پارتی و گۆڕان گەیشتە بنبەست و بەهۆیەوە دامەزراوەی پەرلەمانی کوردستان کە دەستی بۆ پڕۆژە یاساکە برد پەکخرا.

پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە پەرلەمانی کوردستانەو لەلایەن پارتی، گۆڕان و پێکهاتەی تورکمان و کلدان و ئاشوریەوە پێشکەشکراوە، بەڵام تا ئێستا گفتوگۆکان لە نێوان پارتی، یەکێتی و گۆڕان بۆ دانانی دو جێگر یان جێگری بۆ سەرۆکی هەرێم بەردەوامە و نەگەیشتونەتە ئەنجام.
ئەم پڕۆژەیەی ئێستای گۆڕان کە پێشکەشی پەرلەمان کراوە پاشەکشەیە

 

پەرلەمانتارێکی خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێت، "ئەم پڕۆژەیەی ئێستای گۆڕان کە پێشکەشی پەرلەمان کراوە پاشەکشەیە لە پڕۆژەکەی ساڵی 2105 ەو هیچ پەیوەندیەکی بە سیستمی پەرلەمانییەوە نیە".

بێستون فایەق بە خەندان-ی وت، "لە پڕۆژە یاسای ساڵی 2015دا گۆڕان داوای دو جێگری دەركرد، کە باجەکەی داخستنی پەرلەمان و رێگریکردن بو لە سەرۆکەکەی، بەڵام ئەم پڕۆژەیەی ئێستا پاشەکشەیە لە پڕۆژەکەی ئەوکات و هیچ پەیوەندیەکی بە سیستمی پەرلەمانیەوە نیە".
پرۆژەکەی ئەوکات سیستەم دەکاتە پەرلەمانی، ھاوشێوەی بەغداو سیستمە پەرلەمانیەکانی دیکە

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "پرۆژەکەی ئەوکات سیستەم دەکاتە پەرلەمانی، ھاوشێوەی بەغداو سیستمە پەرلەمانیەکانی دیکە، بە جۆرێک دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم دەبنە پرۆتۆکۆلی، سەرۆک و دامەزراوەی سەرۆکایەتی دەکەونە ژێر چاودێری پەرلەمانەوە، سەرۆک فەرماندە و کەسی یەکەمی پێشمەرگە و ھێزە چەکدارەکان و ئەنجومەنی ئاسایش (پاراستن، زانیاری) نیە، ھەڵسوکەوت و دەسەڵات و چۆنێتی ھەڵبژاردنی سەرۆک بە تەواوی کراوەتە پەرلەمانی".
گۆڕان پێیوایە دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم دەبێت دامەزراوەی تەشریفاتی بێت

 

بەڵام بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەکە بە دەستکەوت دەزانێت و دەڵێت، "گۆڕان پێیوایە دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم دەبێت دامەزراوەی تەشریفاتی بێت و لە پەرلەمانی کوردستانەوە هەڵبژێردرێت، بەلای ئێمەوە مەسەلەی دو جێگیر یان یەک جێگر گرنگ نیە، تەنها ئەوە گرنگە دەبێت سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت".
گۆڕان و پارتی رێککەوتون لەسەرئەوەی کە سەرۆکایەتی هەرێم کارابکرێتەوە و یەک جێگری هەبێت

 

سەبارەت بەوەی بۆچی لە ساڵی 2015دا گۆڕان داوای دەکرد سەرۆکی هەرێم دو جێگیری هەبێت، بەڵام ئێستا داوا دەکات یەک جێگری هەبێت بەڵێن ئیسماعیل وتی، "پێشتر گۆڕان خۆی پڕۆژە یاساکەی ئامادەکردبو بێ هیچ رێککەوتنێک، بەڵام ئەم پڕۆژەیەی ئێستا گۆڕان و پارتی رێککەوتون لەسەر ئەوەی کە سەرۆکایەتی هەرێم کارابکرێتەوە و یەک جێگری هەبێت ئەو جێگرەش بۆ گۆڕان بێت".

لە پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کە ساڵی 2015 فراکسیۆنی گۆڕان پێشکەشی کرد لە ماددەی دوەمدا هاتوە، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان دو جێگری دەبێت و هاوکاری دەکەن لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیدا، لەکاتی ئامادەنەبونیدا جێگەی دەگرنەوە بەپێی ریزبەندیان".

هەروەها لە پڕۆژەکەدا ئاماژە بە دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ هەردو جێگرەکەی.
پارتی بەڵێنی دانانی جێگرێکی دیکەی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یەکێتی داوە

 

پارتی کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانە، بەڵێنی دانانی جێگرێکی دیکەی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یەکێتی داوە، بەڵام گۆڕان کە پێشتر لەگەڵ پارتی رێککەوتبو رەتیدەکاتەوە رێگە بدات نیوەی دەسەڵاتەکانی جێگری سەرۆکی هەرێم کە بڕیارە وەریبگرێت بداتە کاندیدێکی یەکێتی.
گۆڕان بۆ رازیبون بە زیادکردنی جێگرێکی دیکە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرجی هەیە

 

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان وتیشی، "گۆڕان دەرگای دانوستانەکانی دانەخستوە، گفتوگۆکانی بەردەوامە، کاتێک بەزیادکردنی جێگرێکی دیکە بۆ سەرۆکی هەرێم رازیدەبن، کە پارتی بە ئاگاداری گۆڕان ئەو پۆستە زیاد بکات، ئەوکاتیش گۆڕان رەنگە داواکاری دیکەی هەبێت، بەڵام تا ئێستا دانانی دو جێگر رەتدەکاتەوە".

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، گۆڕان داوا دەکات لە بەرامبەر دەستبەرداربون لە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای جێگرێکی دیکە دەکات بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بدرێتە گۆڕان، کە ئەوەش "جێگەی رازمەندی و قبوڵی یەکێتی نیە".
پارتی رێکەوتنی لەگەڵ هەر لایەنێکدا هەبێت رێزی ئەو رێککەوتنە دەگرێت و شتێک ناکات کە پێچەوانەی ئەو رێککەوتنە بێت

 

پارتی کە رێکەوتنی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان کردوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت، هەوڵدەدات داواکاریەکانی هەردوحزب جێبەجێ بکات، وتەبێژی فراکسیۆنی ئەو حزبە لە پەرلەمانی کوردستان لەوبارەیەوە دەڵێت، "پارتی رێکەوتنی لەگەڵ هەر لایەنێکدا هەبێت رێزی ئەو رێککەوتنە دەگرێت و شتێک ناکات کە پێچەوانەی ئەو رێککەوتنە بێت".
لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا هەوڵدەدەین لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان دابنیشین

 

پێشەوا هەورامانی، بۆ خەندان-ی وتی، "لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا هەوڵدەدەین لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان دابنیشین، بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک لەگەڵ هەردولادا".
هەوڵ بۆ ئەوە دەدرێت کە یەکێتی و گۆڕان هیچیان زویر نەبن

 

دەشڵێت، "هەوڵ بۆ ئەوە دەدرێت کە یەکێتی و گۆڕان هیچیان زویر نەبن، چونکە رێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، رێکەوتنیش لەبەر کوردستانە ئەگەر لەبەرئەوە نەبوایە پارتی پێنج مانگ پێش ئێستا حکومەتی پێکدەهێنا، بەڵام هەوڵەکە بۆئەوەیە هەمو لایەک بە بەرپرسیارێتەوە مامەڵە بکەن، ئەو بابەتەش ئەوەندە قورس نیە".
یەکێتی وەک براوەی دوەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانە، پێداگری لەسەر دانانی دو جێگر دەکات

 

یەکێتی وەک براوەی دوەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، پێداگری لەسەر دانانی دو جێگر دەکات بۆ سەرۆکی هەرێم، بەپێی ئەو بەڵێنەی کە پارتی پێیداوە جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری پێشمەرگەو ئاسایش دەدرێتە یەکێتی، پەرلەمانتارێکی ئەو حزبەش دەڵێت،  "یەکێتی هێزی سەربازی هەیە بۆیە دەبێت ئەو پۆستە بۆ ئێمە بێت".
حاڵەتێکی سەرسوڕمانە لەکاتێکدا لە ساڵی 2015 گۆران لە هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم داوای دو جێگری دەکرد بۆ سەرۆکی هەرێم، بەڵام لە ئێستادا داوای یەک جێگیر دەکات

 

لوقمان وەردی، بە خەندان-ی وت، "حاڵەتێکی سەرسوڕمانە لای ئێمەوە و لەکاتێکدا لە ساڵی 2015 بزوتنەوەی گۆران بە واژۆی 22 پەرلەمانتار لە هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم داوای دو جێگری دەکرد بۆ سەرۆکی هەرێم، بەڵام لە ئێستادا داوای یەک جێگیر دەکات، کە ئەوکات دۆخی هەرێم کوردستان دۆخێکی ناسەقامگیربوە، هەرێم لە گەرمەی شەڕی داعش و قەیرانی دارایدا بو، بەڵام گۆڕان دەیویست بارگرانییەکی دیکە بۆ هەرێم زیادبکات لە روی داراییەوە".

لوقمان وەردی دەشڵێت، "سەرۆکایەتی هەرێم دامەزراوەیەکی گرنگی نیشتمانیە، سەرۆک فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، هێزی پێشمەرگە زۆرینەی پێکهاتەکەی یەکێتی و پارتییە، بۆیە ئەگەر چاکسازی بکرێت دەبێت ئەم هێزانە بڕیار بدەن، بۆیە جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری سەربازی لای یەکێتی بێت باشترە، وەک هێزێکی کاریگەر و پایەکی حکومڕانی گرنگ لە کوردستان".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP