بۆ یەکەمجار ئۆرکێسترای سیمفۆنی تۆرۆنتۆ مۆسیقای کوردی دەژەنێت

- 4/13/2019 11:15:00 AM 1141 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- ئاسۆ جەبار
  
ئۆرکێسترای سیمفۆنی تۆرنتۆ یەکێکە لە ئۆرکێسترا گەورەو شایستە ئەکادیمییەکانی جیهان لەئاستی ئۆرکێسترا بە نێوبانگەکانی ئەمریکا و کەنەدا دایەو ساڵانە بە بەشداری چەندین موزیکدانەرو کۆمپۆزەرو موزیکژەنی بە توانای کەنەدی و جیهانی چالاکییە هونەرییە ئەکادیمیی و جیهانییە بەرزەکانی پێسکەش دەکات.

لە درێژەی چالاکییە هونەریەکانی هونەرمەندی مۆسیقادانەر و پیانۆژەنی کورد نەورۆز تەنیا، ڕۆژی 27ی ئەپریل لەسەر شانۆی Roy Thomson Hall سەمای کوردی ژمارەیەکی نەورۆز تەنیا لە نێو کۆمەڵێک کاری جیهانی پێشکەش دەکرێت.

لەم کۆنسێرتەدا ستایلە جیاوازەکانی سەما لە جیهاندا پێشکەش دەکرێت، ئەم پڕۆژە هونەرییە پێشتر لە ئۆرکێسترای بەناوبانگی سیمفۆنی نۆڤاسکۆشیا پێشکەشکرا و لە هەمان کۆنسێرتدا داواکرا بۆ جاری دوەهەم پێشکەش بکرێتەوە.

لەو مۆسیقا دانەرانەی ناویان لەم کۆنسێرتە دەبینرێت Dvorak, Schostakovitch Tchaikovsky و چەندین دانەری دیکە لەپاڵ ناوی نەورۆز تەنیای موزیکدانەری کورد دەبینیت.

نەورۆز تەنیا وەک تەنیا موزیکدانەرێکی ئەکادیمی کورد لە پاڵ ناوە دیارەکانی موزیکدانەراکاندا ریزبەندی چالاکییەکی ئاست بەرزی ئەکادیمی و جیهانی دەبێت.

 Daniel Bartholomew-Poyser کە مایسترۆی ئەم کۆنسێرتەیە، مایسترۆیەکی بە نێوبانگی جیهانی و کەنەدییە و شانازی بەبەشداریی کورد و موزیکدانەرێکی وەک نەورۆز تەنیاوە دەکات و دەڵێت، "كارێکی گرنگە لە کەنەدا بەرهەمی هونەرمەندێکی کورد بژەنرێت به‌مشیوه‌‌یه‌، ئێستا تەنیا بە نوسینی وشەی کورد و ئۆرکێسترای تۆرۆنتۆ راستەوخۆ لینكی ئەم کۆنسێرتە دەبینرێت. پێشتر لەم ئۆرکێسترایە مۆسیقای ئۆرکێسترالی کوردی پێشکەش نەکراوە."

بایەخ و گرنگی بەشداری کۆمپۆزەرو موزیکدانەرێکی کورد لە ئاوەها ئۆرکێسترایەکی گەورەی جیهانیدا راماندەگرێت لەبەردەم بەرپسیارێتییەکی راستەقینەی ئەکادیمیدا، کورد خاوەنی چەندین ئەکادیمیست و هونەرمەند و پەیکەرساز و نوسەر و نیگارکێش و رۆمانوسی بە توانایە، بەشداریی و شاکارە هونەری و ئەدەبی و ئەکادیمییەکانی کورد لەدەرەوەو ناوەی کوردستان شایستەی ئاوێتەبون و بەرجەستبونن لە دنیای هاوچەرخدا.

 ئەوەی شاکارییەکی موزیکی و رۆمانێکی گەورە و شاکارێکی هونەریی دەتوانێت لەدنیای مۆدێرندا بە داهێنان و جوانیی و ئەکادیمیبونەوە کورد وەک کۆمەڵگەیەکی زیندو بە جیهان بناسێنن هەرگیز سیاسەت و سیاسەتمەندارو ململانێکان ناتوانن ئەو هەنگاوە جیهانییە هەڵبهێن.

نەورۆز ده‌رچوی زانكۆی ویلفریردە و چه‌ندین خه‌ڵاتی‌ له‌ كه‌نه‌دا و چه‌ندین وڵاتی دیکە بەدەستهێناوە، ساڵی 2019 به‌ نوێنه‌ری كه‌نه‌دا هه‌ڵبژیردرا له‌ نمایشی سه‌مای جیهانی، به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی كوردستانه‌ و ساڵانێكه‌ له‌ كه‌نه‌دا ده‌ژی، وەک بەڕێوبەری کارەکانی ئۆرکێسترای شاری گوێڵف لە ئۆنتاریۆ کاری کردوە، هاوکات چەندین شاکاریی جیهانی و کوردی لە کوردستان و ئەوروپا و کەنەدادا پێشەکەش کردووە. 

کۆنسێرتەکە رۆژی 27 مانگی چوار پێشکەش دەکرێت، دەتوانرێت لە ڕێگای ئەم لینکەوە تەواوی زانیاریەکان ببینیت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP