نرخی نەوتی خاو جارێکی دیکە بەرزبوەوە

- 4/13/2019 9:13:00 AM 3184 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەهۆکارگەلێکی زۆر ماوەی چەندین مانگە نرخی نەوت لە بەرزبونەوەدایە لەوانە، بەردەوامی کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکەی کە روسیایە، ئومێدی زۆر بازاڕەکانی جیهان بەرێکەوتنی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین وەک ئاماژەیەک بۆ باشتربونی دۆخی ئابوری جیهانی، بەردەوامی ئاڵۆزییەکانی دۆخی لیبیا و قەیرانی ڤەنزویلا و ئێران.
 
بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا 31 سەنت زیادیکردوە، کە لەسەدا  0.5ی نرخی پێشویەتی و بەوەش گەیشتوەتە 63.89 دۆلار. 

هاوکات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 72 سەنت زیادیکرد، کە لەسەدا 1.02ی نرخەکەیەتی، بەوەش نرخەکەی گەیشتوەتە 71.55 دۆلار.

بەوپێیەش لە ماوەی سێ هەفتەی رابردودا بەردەوام نرخی نەوتی برێنت هەر هەفتەیەک لەسەدا یەکی نرخەکەی زیادیکردوە.

بەپێی پسپۆڕانی بازرگانی نەوت، جگە لە پرسی لیبیا و زیادبونی دەرفەتی کار لە ئەمریکا هاوکات دەستپێکردنی کۆبونەوە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین و ئەگەری گەیشتن بەرێکەوتن یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان بۆ بەرزبونەوەی نرخی نەوت، بەوپێیەی رێککەوتنی نێوان ئەو دو وڵاتە کاریگەری زۆری لەسەر زیادکردنی گەشەی ئابوری هەیە و داتاو زانیارییەکانی چینی لەبازاڕکان زیادکردوە.

نیشانەکردن :

# نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP