عزەت دوری لەپەیامێکی نوێی دەنگیدا بەپێچەوانەی سەدام باس لەکوەیت دەکات

- 4/12/2019 10:44:00 PM 49845 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عزەت دوری، جێگری پێشوی سەدام حسێن و ئەمینداری گشتی حزبی بەعس، لە نوێترین گرتە ڤیدۆیدا ئاماژە بەوە دەكات داگیركردنی كوەیت هەڵەیەكی گەورە و ستراتیجیە و ئەو كارە ئیدانە دەكەن.

 

داگیركردنی كوەیت لەگەڵ بنەماكانی حزبی بەعس یەكناگرێتەوە

 

لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دوری دەڵێت "بە توندی ئیدانەی داگیركردنی كوەیت دەكەین و هۆكاری سەرەكی ئیدانەكردنیشمان نەگونجانی بیروباوەڕی حیزبی بەعسە لەگەڵ ئەو كارەدا و حزبی بەعس ئەو كارە بە چونەدەرەوە لە بیروباوەڕ و بنەماكانی خۆی دەبینێت" دەشڵێت "هەركەسێك بڕوانێتە بۆچون و باوەڕی حزبی بەعس دەزانێت كە ئەو حزبە نیشتیمان و گەلی عەرەبی بە یەك نیشتیمان دەبینێت".

 

كوەیت بەشێك نیە لە عێراق بەڵكو عێراق بەشێكە لە كوەیت


لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا عزەت دوری ئاماژە بەوەدەكات "كوەیت بەشێك نیە لە عێراق بەڵكو عێراق بەشێكە لە كوەیت" و "هەریەك لە كوەیت و عێراق بەشێكن لە ناوچەی خلیجی عەرەبی و خلیجی عەرەبیش بەشێكە لە نیشتیمانی عەرەبی" و لەبارەی بەكارهێنانی چەك و داگیركاریەوە ئاماژە بەوەدەكات "حزبی بەعس بەكارهێنانی چەك لە بەرامبەر یەكێتی عەرەبی بە هەمو شێوەیەك یاساغ دەكات".


سەرەتای وتەكانی دوری بە سڵاوێكی گەرم لە كوەیت و كوەیتیەكان دەستپێدەكات و پێگەی سەباح ئەحمەد سەباح، ئەمیری كوەیت بەرزدەنرخێنێت، لە بەشی دواتری وتەكانیشیدا دەڵێت "گەلی كوەیت خۆیان لەبارەی داهاتوی خۆیان بڕیاردەدەن و هەر ئەوانیشن هەڵوێستیان لەبارەی یەكێتی عەرەبیەوە رونكردوەتەوە".

 

روداوەكەی نێوان عێراق و كوەیت كارێكی پلانگێری بوە

 

هاوكات بۆچونی تایبەتی خۆی و بۆچونی حزبی بەعس بە گشتی لەوبارەیەوە دەخاتە رو و ئاماژە بەوەدەكات "لە ئێستادا لەسەر بنەمای بیر و باوەڕی حزبەكەی لەبارەی چونە ناو كوەیت هەڵوێستی راستەقینەی حزبی بەعس-ی راگەیاندوە" و دەشڵێت "ئەو روداوەی لە نێوان كوەیت و عێراق رویداوە گرنگترین لاپەڕەیە لە لاپەڕەكانی پلانگێڕیە گەورەكان بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی".

بەپێی وتەكانی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی عزەت دوری "پیلانگێریەكان تەنها بۆ سەر عێراق و كوەیت نەبون بەڵكو بۆ تەواوی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوە و دەرەنجامەكەش بۆ سەر جیهانی عەرەبی كارەسات بوە".

لە كۆتایی وتەكانیدا دوری دەڵێت "تا ئەو كاتەی ئەو روداوە لە سەرجەم بوارە سیاسی و رۆشنبیری و بیر و یادەوەریەكاندا نەسڕدرێتەوە و لە رەگ و ریشەوە لەبندەرنەهێندرێت كاردانەوەكان لەبارەی داگیركردنی كوەیت ناوەستێت".

 

 


نیشانەکردن :

#عێراق #كوەیت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP