هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

بەرپرسێكی رۆژئاڤا: روسیا لە وەستاندنی گفتوگۆكانمان لەگەڵ حكومەتی سوریا بەرپرسیارە

- 4/12/2019 5:03:00 PM 4866 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرپرسێكی كورد لە رۆژئاڤا رایگەیاند، هەوڵەكان بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەنێوان هەریەك لە هێزە كوردیەكانی باكوری سوریا و حكومەتی دیمەشق چەقیانبەستوە و حكومەتی روسیای هاوپەیمانی بەشار ئەسەد-ی سەرۆكی سوریای بە راگرتنی ئەو هەوڵانە تۆمەتباركرد.

 

روسیا گفتوگۆكانی كورد و دیمەشقی راگرتوە

 

بەدران چیا كورد، بەرپرسێكی كوردی رۆژئاڤایە كە لە پرسە سیاسیەكانی رۆژئاڤادا بەشدارە رایگەیاند: گفتوگۆكان بەرەوپێشناچن و وتی "روسیا ئەو دانوستانانەی نێوان كورد و حكومەتی دیمەشق كە بڕیاربو نێوەندگیریان تێدابكات راگرتوە".

چیا كورد وتیشی "روسیا بەرژەوەندیەكانی لەگەڵ توركیا یەكخستوە تا رێككەوتن لەگەڵ دیمەشق ئەنجامبدات و دوای ئەوەی لایەنی توركیای گرتوە، رۆڵی خۆی نەبینیوە، ئەوەش بوەتە هۆی وەستاندنی دانوستانەكانمان لەگەڵ دیمەشق" ئاماژەی بەوەشەكرد روسیا "بەرپرسیاریەتێكی مێژویی دەگرێتە ئەستۆ".

 

كوردانی رۆژئاڤا داوای ئۆتۆنۆمی دەكەن

 

دوای بریارەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە كشاندنەوەی هێزەكانی لەو ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵی كوردەكاندایە لە باكوری سوریا، بەرپرسانی هێزە كوردیەكانی رۆژئاڤا بەو هیوایەی حكومەتی مۆسكۆ لە دانوستانەكانیان لەگەڵ دیمەشق نێوەندگیری بكات تا دەسەڵاتێكی ئۆتۆنۆمۆمی لە چوارچێوەی سوریا بدرێت بە كوردەكان، هەوڵیانداوە لەرێگەی روسیاوە دانوستان لەگەڵ حكومەتی سوریا ئەنجامبدەن.

دواتریش حكومەتی واشنتن دوای بڕیارە لەناكاوەكەی ترەمپ بۆ كشاندنەوەی هێزە سەربازیەكانی بڕیاریدا بە هێشتنەوەی هەندێك لە سەربازەكانی و بەو هۆیەوە حكومەتی سوریا  هەرەشەی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانی باكوری سوریای كرد كە لە ئێستادا لەژێر دەسەڵاتی هێزە كوردیەكاندان.

بە پێچەوانەی ئەو گروپانەی لە ماوەی جەنگی سوریادا دژ بە حكومەتەكەی بەشار ئەسەد لە سەرتاسەری وڵات جەنگاون، هێزە كوردیەكانی ئەو وڵاتە دژایەتی ناكەن و پاراستن و بەدەستهێنانی دەسەڵاتێكی ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی وڵاتەكەدا تاكە ئامانجیانە.

 

لە ئەگەری بەرهەڵستی كردنیان هێزی سەربازی بەكاردەهێنێت


هاوكات حكومەتی دیمەشق پێدانی دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی بە كوردەكان رەتدەكاتەوە و مانگی رابردوش، وەزیری بەرگری سوریا رایگەیاند "وڵاتەكەی دەیەوێت ئەو ناوچانەی وڵاتەكەی كە لە ئێستادا لەژێر دەسەڵاتی كوردەكاندان كۆنترۆڵبكاتەوە و ئەگەر بەرهەڵستی بكەن هێزی سەربازی بەكاردەهێنێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP