كاردانەوە جیهانییەكان دوای كودەتاكەی سودان

- 4/12/2019 10:04:00 AM 6959 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوێنێ پێنج شەممە پاش چەندین رۆژ لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەردەوام، عەوز بن عەوفی وەزیری بەرگری سودان دورخستنەوەی عومەر بەشیری سەرۆكی وڵاتەكەی لەكورسی دەسەڵات راگەیاند. 

وەزیری بەرگری دروستكردنی ئەنجومەنێكی سەربازیشی بۆ پێپەڕاندنی قۆناغی راگوزەر راگەیاند كە بۆماوەی دو ساڵ بەردەوام دەبێت و خۆشی كردە سەرۆكی ئەنجومەنەكە.

دواتر خەڵكی سودان دروستكردنی ئەنجومەنی سەربازیان رەتكردەوە و داوایانكرد دەسەڵات رادەستی خەڵكی مەدەنی بكرێت. 
هەنگاوەكەی وەزیری بەرگری و دورخستنەوەی عومەر بەشیر كاردانەوەی زۆر جیهانی بەدوادا هات و یەكێتی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتوەكان و چەندین وڵاتی دیكە هەڵوێستی خۆیان لەوبارەیەوە راگەیاند.

میسر
 وەزارەتی دەرەوەی میسر لەراگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەکرد بەوردی چاودێری دۆخی سودان دەکەن و پشتیوانی خەڵکیش دەکەن بۆ هەر بریارێک کەلەبارەی ئایندەی خۆیانەوە دەیدەن.

توركیا
هەڵوێستی توركیاش لەسەر زاری رەجەب تەیب ئۆردوغانی سەرۆكی ئەو وڵاتەوە نیشاندراو رایگەیاند هیوادارن گەلی سودان بەئاشتیانە كێشەو گرفتە سیاسییەكانی خۆیان چارەسەربكەن، وتیشی هیوادارن ئاشتەوایی نیشتیمانی رابگەیەنن و بەرەو پرۆسەیەكی دیموكراسی ئاسایی هەنگاوبنێن، ئاشكراشیكرد ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لەدرێژەدان بەپەیوەندییە مێژووییەكەی خۆی لەگەڵ خەرتوم.

بریتانیا
جێرمی هەنتی وەزیری دەرەوەی بریتانیاش رای گەلی وڵاتەكەی لەوبارەیەوە خستەڕوو رایگەیاند سەپاندنی دو ساڵ دەسەڵاتی سەربازی وەڵامدەرەوەی داواكارییەكانی خەڵك نیە، هیواخوازن بەلەسەرخۆیی و بەبێ توندوتیژی دەسەڵات رادەستی خەڵكی مەدەنی ئەو وڵاتە بكرێت. 

ئەمریكا
لای خۆشییەوە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە راگەیاند و داوای لەئەنجومەنی سەربازی كرد كەدەسەڵاتی مەدەنی هاوبەشی پێبكەن لەبەرێوەبردنی وڵاتدا و دو ساڵ حوكمی سەربازیشی بەزۆر زانی. پێشیانوابو كە خەڵكی سودان داوای رادەستكردنی دەسەڵات دەكەن بۆ خەڵكی مەدەنی و پێویستە داواكارییەكانیشیان لەبەرچاوبگیرێت.

هاوكات ئەمریكا داواشیكردوە تاوان توندوتیژییەكانی دارفۆر لەیاد نەكرێت، بەبێ ناوهێنانی عومەر بەشیر وەك كاراكتەرێكی بەرپرس لەو روداوە. 

لەسەروبەندی توندوتیژی و تاوانەكانی هەرێمی دارفۆردا، عەوز بن عەوف كە دورخستنەوەی عومەر بەشیری لەكورسی دەسەڵات راگەیاند بەرپرسی دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی سودان بوە.

لەلایەكی ترەوە بەرپرسێكی كۆشكی سپی بەسكای نیوزی راگەیاندوە عەوز بن عەوف خۆی هێشتا لەلیستی سزادراوانی ئەمریكادایە. 

یەكێتی ئەوروپا
رێكخراوی یەكێتی ئەوروپاش بەناوی 28 ئەندامەكەیەوە رایگەیاند دروستكردنی ئەنجومەنێكی سەربازی وەڵامدەرەوەی داخوازییەكانی خەڵكی سودان نیە. 

بەڵكو تەنها پرۆسەیەكی سیاسی رولە خەڵك و بێ توندوتیژی وەڵامدەرەوەی داواكارییەكانی خەڵكە كە بەهۆیەوە بتوانێت دەسەڵات رادەستی خەڵكی مەدەنی بكات.

نەتەوە یەكگرتوەكان 
ئەنتۆنیۆ گویتەرزی رێكخەری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكانیش رایگەیاند پێویستە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات وەڵامدەرەوەی داواكارییە دیموكراسییەكانی خەڵكی سودان بێت.

هاوكات وتەبێژی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكانیش رایگەیاند پێویستە بەهێمنی كۆنترۆڵی دۆخەكە بكرێت.

دواتر هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و پێنج ئەندامی یەكێتی ئەوروپا لە ئەنجومەنی ئاسایش داوای كۆبونەوەی لوتكەی نەتەوە یەكگرتوەكانیان كرد لەبارەی دورخستنەوەی عومەر بەشیری سەرۆكی سودان.
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP