زانایان یەكەمین وێنەی یەكێك لە كونە رەشەكان-یان بڵاوكردەوە

- 4/11/2019 7:25:00 PM 5465 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

زانایانی بواری ئەستێرەناسی دوای سەدەیەك لە هاوكێشەكانی ئەنیشتاین كە هەبونی كونە رەشەكانی سەلماند، یەكەمین وێنەی یەكێك لە كونە رەشەكان-یان بڵاوكردەوە كە دەكەوێتە مەودایەكی دور لە ئەستێرەكانەوە.

 

قەبارەكەی سێ ملیۆن هێندەی زەوی دەبێت

 

لە وێنەكەدا دیارە، بازنەیەكی گەورەی چڕ لە ئاگر چواردەوری كونێكی رەشی بازنەیی داوە، ئەو بازنەیەی كە بە روناكی دەوردراوە بەهۆی چونە ناوەوەی گاز-ی زۆر گەرم بۆ ناو ئەو كونە رەشە دروستبوە.

 

ئەو كونە رەشە كە  لە رێگەی تۆڕێك تێلێسكۆپ لە سەرتاسەری جیهانەوە و لە دوری 500 ملیۆن تریلیۆن كیلۆمەتر چركێندراوە، قەبارەكەی 40 ملیار كیلۆمەترە  كە سێ ملیۆن هێندە لە زەوی گەورەترە و لە لایەن زاناكانەوە بە "دێو" ناویدەهێنرێت.

 

بارستاییەكەی شەش ملیۆن و نیو هێندەی خۆر دەبێت


پرۆفیسۆر هێینۆ فلاك لە زانكۆی نێزەرلاندز كە ئەو تاقیكردنەوەیەی پێشنیاركردوە رایگەیاند "ئەوەی ئەوان دەیبینن قەبارەكەی لە تەواوی سیستەمی خۆر گەورەترە" و بارستاییەكەی (6.5) شەش ملیۆن و نیو هێندەی خۆر دەبێت و دەڵێت "بە بڕوای ئێمە یەكێكە لە قورسترین كونە رەشەكان". 

كەناری ئەو بازنە رەشەی لە ناوەراستدایە ئەو خاڵەیە كە گازەكە لەوێوە دەچێتە ناو كونە رەشەكە و ئەو تەنەیە كە خاوەنی هێزێكی راكێشانی گەورەیە و تەنانەت تیشكی روناكیش ناتوانێت لێی ونبێت. 

 

هەندێك پرسی ئاڵۆز دەربارەی "بون" دەوروژێنێت


دكتۆر زیری یونسی كە بەشێك بوە لەو توێژینەوەیە دەڵێت "كونە رەشەكان هەندێك پرسی ئاڵۆز لەبارەی سروشتی بۆشایی ئاسمان و كات و سەرەنجام دەربارەی "بون"ی ئێمە دەوروژێنێت".

 

وێنەكە لە ڕێگەی هەشت تێلێسكۆپ-ەوە چركێندراوە


ئەو تێلێسكۆپەی وێنەی كونە رەشەكەی پێ چركێندراوە ناوی (ئیڤێنت هۆرایزن تێلێسكۆپ EHT)ە، كە تۆڕیكە پێكهاتوە لە هەشت تێلێسكۆپ لە سەرتاسەری جیهان و سەرجەم تێلێسكۆپەكان پێكەوە پەیوەندیان هەیە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP