دۆخی كوردستان هاوشێوەی سۆدانە
نەوەی نوێ: لە داهاتودا هاوڵاتیان دەڕژێنە سەر شەقامەكان

- 4/11/2019 6:49:00 PM 2678 جار خوێندراوەتەوە

خەندان

نەوەی نوێ، سۆدان و كوردستان بەهاوشێوەی یەك بەراورد دەكات و رایدەگەیەنێت، "هاوڵاتیانى بەشخوراوی هەرێمى کوردستانیش هاوشێوەى سودان و جەزائیر، لەداهاتودا دەڕژێنە سەر شەقامەکان و کۆتایى بەم حوکمە خراپەى هەرێم دەهێنن".

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سوپای سودان كودەتای بەسەر عومەر بەشیر سەرۆكی دەسەڵاتدارێتی سوداندا كردو دەستبەسەری كرد، نەوەی نوێ بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و وابەستەی كردوە بە دۆخی كوردستانەوە.

لەو بەیاننامەیەدا كەوێنەیەكی گەیشتۆتە خەندان، نەوەی نوێ رایگەیاند:"ئەم جوڵەیەى سوپاى سودان، پاش چەند مانگێک لەناڕەزایەتى و خۆپیشاندانى بەرفراوانى گەلانى سودان دێت لەدژى رژێمى عومەر حەسەن بەشیر و دارودەستەکەى، کە ماوەى 30 ساڵە بەشێوەیەکى ستەمکارانە وەک حاکمى ئەو وڵاتە خۆى سەپاندوەو بەردەوام لەهەوڵى کۆنترۆڵکردنى جومگە سەرەکییەکانى حوکم و وڵات بوە، لەنێویشیاندا سوپاو هێزە ئەمنییەکان".

نەوەێ نوێ دەشڵێت:"ئەوەى لەسودان رویدا، سەلمێنەرى ئەو راستیەیە کە هەرچەندە ستەمکارێک ساڵانێکى دورو درێژ لەڕێگەى رەفتارە ستەمکارى و قۆرخکاریەکانییەوە حوکم بکات و هەرچەند سوپاو هێزە ئەمنییەکان کۆنترۆڵ بکات و لەبەرژەوەندى خۆى و لەپێناو مانەوەى لەحوکمدا بەکاریان بهێنێت، بەڵام لەکاتى ناڕەزایى و تووڕەیى و جوڵەى شەقامدا، دواجار ئەو هێزانە یان دەچنە پاڵ ناڕەزایى گەلەکەیان هاوشێوەى ئێستاى سودان، یاخود بێلایەنانە دەمێننەوەو بەرگرى لەستەمکارێک ناکەن، هاوشێوەى جەزائیر".
کوردستان و سودان لەروی خزمەت نەكردنی هاوڵاتیان و پابەندنەبون بە بنەما سەرەتاییەكانی دیموكراسیەت چونیەكن

 

لەبەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا نەوەی نوێ بارودۆخی كوردستان بە سۆدان دەبەستێتەوە و دەڵێت:"کوردستان هاوشێوەى هەریەکە لەو دو وڵاتەیە، لەکورستان ماوەى 28 ساڵە دو بنەماڵە جومگەکانى دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست و، لەڕوى خزمەت نەکردنى هاوڵاتیان و پابەند نەبون بەبنەما سەرەتاییەکانى دیموکراسیەت و شێوازى حوکمڕانیەوە، چونیەکن و ئامادەگى دۆخێکى لەو جۆرەى تێدایەو، بارودۆخى کوردستانیش گەیشتۆتە ئاستێک کە چیتر ناڕەزاییەکانى خەڵک بەبێدەنگى نەمێنێتەوەو لەڕێگەى رژانە سەر شەقامەکانەوە چارەنوسى ئەم دەسەڵاتە بەهەمان چارەنوسى دەسەڵاتدارانى جەزائیر و سودان ببات".

نەوەی نوێ دڵنیایی دەدات لە رژانە سەرشەقامی هاوڵاتیان لە داهاتودا و دەڵێت:"هاوڵاتیانى بەشخوراوى هەرێمى کوردستانیش هاوشێوەى سودان و جەزائیر، لەداهاتوودا دەڕژێنە سەر شەقامەکان و کۆتایى بەم حوکمە خراپەى هەرێم دەهێنن".

نەوەی نوێ خاوەنی 8 كورسی پەرلەمانی كوردستانە و چوارەمین هێزی سیاسییەو وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان خۆی راگەیاندوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP