سەرۆک کۆماری عێراق و باڵیۆزی ئێران لە کۆشکی سەلام کۆبونەوە

- 4/11/2019 4:14:00 PM 1634 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆمار ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا لەگەڵ ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا کۆبوەوە.
 
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، لە دەستپێکی دیدارەکەدا، سەرۆک بەرھەم ساڵح رایگەیاند، عێراق گرنگی تایبەتی بە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی لەگەڵ ئێران دەدات، بەتایبەتی لە روانگەی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ئابوری و ئه‌منییه‌وه‌.

ھەر لەدیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم رونیکردەوە، عێراق ده‌بێته‌ جێگایه‌ك بۆ بە یەکگەیشتنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کان و نابێتە پێگەیەک بۆ ھەر کارێک کە ببێتە ھۆکاری زیان گەیاندن و گرژی دروستکردن لە ناوچەکەدا.

سەرۆک بەرھەم دوپاتی پێویستی کەمکردنەوەی گرژییه‌كانی لە ناوچەکەدا کردەوە، و جەختیشی لە خاڵە ھاوبەشەکانی دژایەتیکردنی توندڕەوی و تیرۆر و زامنکردنی ئایندەیەکی باشتر بۆ گەلانی ناوچەکە کردەوە.
 
لەلای خۆیەوە ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، دووپاتی بەردەوامی وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی عێراق لە گشت بوارەکان و بەھێزکردنی ھاریکاری ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵاتدا کردەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP