هەواڵی ئەمڕۆ

بەڤیدیۆ.. گروپێک موسڵمانێک ناچاردەکەن گۆشتی بەراز بخوات

- 4/11/2019 1:52:00 PM 86302 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-

لە هندستان گروپێکی توندڕەو، گۆشت فرۆشێک ناچاردەکەن بەزۆر گۆشتی بەراز بخوات، ئەمەش کاردانەوەی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە.

بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆییەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە بەتایبەت لەناو موسڵمانەکاندا، چونکە تێیدا پیاوێکی تەمەن 67 ساڵ بەناوی "شەوکەت عەلی" کە کاری گۆشت فرۆشیە، لەلایەن گروپێکی توندڕەوی هندۆسیەوە بەزۆر ناچاردەکرێت گۆشتی بەراز بخوات، بۆ ئەوەی سوکایەتی پێبکەن.

بەپێی زانیارییەکان ئەو پیاوە ماوەی 35 ساڵە لەو بازاڕە گۆشتی مانگا دەفرۆشێت لە ویلایەتی "ئسام"، بەهۆی دەنگەدەنگەوە لە کاتی فرۆشتنی گۆشتدا بە چەند کەسێکی هندۆسی، دواتر بەزۆر دەیخەنە سەر ئەژنۆ و سوکایەتی پێدەکەن و ناچاریدەکەن گۆشتی بەراز بخوات.

پۆلیسی ئەو ناوچەیە، دوای بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکە لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە لەوەی ئەو چەند کەسە دەستگیرکراون کە ئەو کارەیان ئەنجامداوە، چونکە لە هەمانکاتدا هێرشیان کردووەتە سەر بەڕێوبەری بازاڕەکە، چونکە بەرگری لە شەوکەت کردووە.

ئەو گۆشت فرۆشە مۆڵەتی فەرمی هەبووە بۆ فرۆشتنی گۆشتی مانگا، چونکە لە هندستان کوشتن و لەناوبردنی مانگا 15 ساڵ زیندانی سزاکەیەتی، بەهۆی پیرۆزکردنی مانگا  لەلایەن هەندێک خەڵکەوە، هەربۆیە دەبێت مۆڵەتی فەرمیت هەبێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP